وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، میدیاکان بەردەوام باس لە ئەگەری رێککەوتنی خێرای نێوان تاران و واشنتن دەکەن، بەڵام من دڵنیا نیم لەوەی ئاخۆ لە رێککەوتن نزیکین یان نا.

رۆژی هەینی 30ـی ئایاری 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند؛ “رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لە رێگەی دانوستانەوەیە نەک میدیاکان”.

وەزیری دەرەوەی ئێران بەبێ ئەوەی ناوی هیچ میدیایەک بهێنێت، گوتی؛ “میدیاکان بەردەوام دەنگۆی رێککەوتنی خێرای ئێران و ئەمەریکا بڵاودەکەنەوە، بەڵام من کە سەرۆکی شاندی دانوستانکارم، دڵنیا نیم لەوەی بەم نزیکانە بگەینە خاڵی رێککەوتن”.

رۆژی پێنجشەممە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بڵاویکردەوە؛ “واشنتن و تاران نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێکی گشتگیر و ئەگەر هەیە لە گەڕی داهاتووی دانوستانەکاندا کە لە عومان بەڕێوەدەچێت، رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت”.

رۆژی چوارشەمەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاند؛ “ئەگەر بتوانین بگەین بە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و بەهێز، بەڵگەیەک بە پشکنینێکی تەواوەوە -لەبەر ئەوەی من متمانەم بە هیچ شتێک نییە- ئەوکات دڵنیا دەبینەوە کە پێویستمان بەوە نییە هێرشی سەربازی بەکاربهێنین”.

ترەمپ دووپاتیکردەوە؛ “من داوای بەڵگەی زۆر بەهێز دەکەم، بە جۆرێک کە پشکنەرەکانی ئێمە بتوانن بچنە نێو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەر شتێک بە پێویست بزانن دەستی بەسەردا بگرن و هەر شوێنێکیش پێویستی کرد، لەناوی ببەن”.