خه‌بات: پەری محەمەد:- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی بخاتەڕوو، بەڵام پاساوەکانی تەواو لاوازن و دەشڵێت: پێشوەختە ئەم کۆمپانیایانە لەلایەن یەکە کارگێڕییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشکنین دەکرێن و خۆیان تەواو شارەزان ئەگەر گرێبەستەکان نایاسایی بوونایە، به‌م كاره‌ ڕازی نەدەبوون، بۆیە گرێبەستەکانی هەرێم تەواو پشتڕاستکراونتەوە.

د. سەباح سوبحی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عێراق تایبەت بە  خه‌بات ڕایگەیاند: وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا دوو بەیاننامەی لەسەر گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان ده‌ركردووه‌ و پێیانوایە ئەو گرێبەستانە نایاسایین و لەگەڵ یاساکانی عێراق ناگونجێن، بەڵام لە بەیاننامەی دووەمدا ئارامیه‌کی پێوەدیارە کە ئاماژە بەو دەکات ڕەنگە ڕێگە بە گرێبەستی هاوشێوە بدەن تەنیا لەگەڵ عێراقدا نەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەوەشی خستەڕوو: حکوومەتی عێراق هەوڵدەدات گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی له‌قه‌ڵه‌م بدات، بەڵام خۆی ناتوانێت یاسایەکی ڕوون دابنێت.

لەکاتێکدا کوردستان پشت بە ماددەی ١١٢ی دەستووری عێراق دەبەستێت کە ڕێگە بە هەرێمی كوردستان دەدات لە بواری نەوت و گازدا كار لەگەڵ هەر کۆمپانیایه‌کدا کە خۆی دەیه‌وێت بكات، چونکه‌ بۆ بەنایاسایی له‌قه‌ڵه‌مدانی ئەم گرێبەستانه‌ هیچ پاساوێکی نییە، لە هەمان کاتیشدا یاسای نەوت و گازی عێراق تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە. ڕاشیگەیاند: ئێمە لەگەڵ وەڵاتێکی ساده‌ گرێبەستمان نەکردووه‌، بەڵکوو لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەکانی ئەمه‌ریکادا گرێبه‌ستمان کردووە كه‌ پێشوەختە ئەم کۆمپانیایانە لەلایەن یاسا و یەکە کارگێڕییە نێودەوڵەتییەکانەوە پشکنین دەکرێن، ئەگەر گرێبەستەکان نایاسایی بوونایە، ئەو کۆمپانیایانە کە شارەزان، به‌م كاره‌ ڕازی نەدەبوون، بۆیە گرێبەستەکانی هەرێم تەواو پشتڕاستکراونتەوە.