خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- ماوەی 10 رۆژە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی عێراق، کەمپێکی داخراوی مەشق و ڕاهێنانی لە شاری هەولێر كردۆتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا، کە بڕیار وایە مانگی داهاتوو لە وڵاتی تایلەندەوە میوانداری بکرێت، لە کەمپە مەشقییەکەدا هەر یەک لە وەهاد مستەفا ئەندامی لیژنەی ئافرەتان، د.تاریق یوسف عەلی بەڕێوەبەری کارگێڕی هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق و ستافی ڕاهێنەران، عەبدولوەهاب ئەبوهێل ڕاهێنەر، وەلید زەهد یاریدەدەری ڕاهێنەر و عەبدولکەریم سوهەیل ڕاهێنەری گۆڵپارێر، دکتۆر یوسف کازم ڕاهێنەری لەشجوانی سەرپەرشتی تیپەکە دەکەن.

ئەمڕۆ هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق بەنوێنەرایەتی 10 یاریزانی کورد، لە یاریگای یانەی ئارارات لە هاوینە هەواری سەلاحەددین، مەشقەکانیان ئەنجام دەدەن، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانەکان لەرووی جەستییەوە، ستافێکی تایبەتی ڕاهێنەران لە هەڵبژاردەی عێراق دەستنیشانکراون و هەوڵ دەدەن ئاستی لەشجوانی و پلەی هاوئاهەنگیی نێوان یاریزانەکان بەرز بکەنەوە، هەروەها گرنگی بە هەندێک لایەنی لێهاتوویی و تاکتیکی یاریزانەکان بدەن.

کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئافرەتان لە دووشەممەی ڕابردوو لەشاری هەولێر دەستیپێکرد و هەفتەی ڕابردووش لە شاری بەغدا هەڵبژاردەکە بەبەشداری (18) یاریزان کەمپێکی دیكەی مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامدا، شایەنی باسە، هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق، بەشداریی لە پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا دەکات لە کۆمەڵەی دووەم، شانبەشانی تیمۆری ڕۆژهەڵات، مەنگۆلیا، تایلەند، و هیندستان. پاڵاوتنەکان لە 23ی حوزەیران دەستپێدەکات و لە 2ی تەمموز کۆتایی دێت.

هەڵبژاردەی ئافرەتانی عێراق لە 23ی حوزەیران لەیەکەمین یاری خۆیدا ڕووبەڕووی تیمۆری ڕۆژهەڵات دەبێتەوە، پاشان لە 26ی حوزەیران بەرامبەر مەنگۆلیا و لە 29ی حوزەیران بەرامبەر تایلەندو لە 2ی تەمموزیش، بەرامبەر هیندستان دوا یاریی خۆی ئەنجام دەدات، یارییەکانی کۆتاییش لە ساڵی 2026 لە ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت.