خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەندی شێوەکار، عەلی ئەلوەنی، زیاتر لە 30 ساڵە خەریکی هونەری شێوەکاری و خۆشنووسیە، خاوەن چەندین پێشانگەی تایبەت و تابلۆی خۆشنووسی پیتەکانە، ئەو هەمیشە پیتەکان بە جۆرێک دەبینێت کە ئێمە نایبینین، بۆیە ئێمە رووکەشی پیتەکان دەبینین و ئەو لەگەڵ رۆحی پیتەکاندا دەژیت، لەدیمانەیەکدا بۆ خەبات، باس لە کارکردنی خۆی لە هونەری شێوەکاری دەکات.
لەبارەی پێشانگە و تابلۆی هونەرییان عەلی ئەڵوەنی گووتی: خاوەن سێ پێشانگەی تایبەت بە خۆمم، هەروەها خاوەن زیاتر لە 150 تابلۆی هونەری خۆشنووسی تایبەت بە پیتەکانم، هەروەها بەشداریم کردووە لە چەند پێشانگەیەکی خۆشنووسی لەسەر ئاستی جیهان لە وڵاتی دوبەی و بەغدا و شاری هەولێر. لەگەڵ ئەمانەشدا پێشانگەی تایبەتم کردۆتەوە بە تابلۆی پیتەکان لە هەولێر کە ئەمەیان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.
لەبارەی گرفتەكانی هونەری خۆشنووسی ئەڵوەنی گووتی: تەکنەلۆژیا هۆکارێکە کە هەموو چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگە خەتیان نەخوێندرێتەوە، چونکە کەمتر پێنووس بەکار دەهێنن بۆ نووسین، کێشەی گەورەی منیش ئەوەیە چۆن بتوانم ئەو هونەرە خۆشنووسییە کە لای منە بیگوازمەوە بۆ هەموو چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگە بۆ ئەوەی خەتیان خۆش بێت. چونکە لە ئێستادا مامۆستا و قوتابی و هەموو چین و توێژەکانیش بە دەردی ڤایرۆسی تەکنەلۆژیاوە دەناڵێنن و خەتیان ناخوێندرێتەوە، ئەمەش گرفتی گەورەی خۆشنووسیە لە ئێستادا.
لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پیتەکان عەلی ئەڵوەنی گووتی: مامەڵەی رۆحێکی زیندوو لەگەڵ پیتەکاندا دەکەم، بۆیە زانایانی بواری ئەندازە دەڵێن خەت ئەندازەیەکی رۆحانییە، بەراستیش وایە، من لەو پەڕی بێ تاقەتیم دووپیت دەخەمە نێو تابلۆیەکی هونەری بێ تاقەتیم لە گیاندا دەردەچێت و دەگەم بەو عیشقەی کە هەمە بۆ خۆشنووسی و دیدەنی پیتەکان.