كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، بەپێی دواین ئامار تا دوێنێ زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار هاووڵاتی داتاكانیان نوێ كردووەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی لە دەنگدانی داهاتوو بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممه 28ـی ئایار، لە راگەیەنراوێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا هاتووە، ملیۆنێك و 600 هەزار و 421 هاووڵاتی سەردانی بنكەكانیان كردووە و داتاكانی خۆیان نوێ كردووەتەوە.
لەسەر ئاستی شارەكانی هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئاماری كۆمسیۆن، زۆرترین هاووڵاتی لە هەولێر بەشدار بوونە كە 116 هەزار و 724 هاووڵاتین.
كۆمسیۆن دەڵێت، لە سلێمانیدا 85 هەزار و 464 هاووڵاتی سەردانی بنكەكانیان كردووە و لە دهۆك 60 هەزار و 422 هاووڵاتی بەشدار بوون، لە كەركووكیش 85 هەزار و 629 هاووڵاتی سەردانی بنكەی دەنگدانیان كردووە.
ئەوە لە كاتێكدایە بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم بەڕێوە بچێت.