خەبات: سەرهەنگ نەجمەدین:- ئەمڕۆ کاتژمێر 3ی دوای نێوەڕۆ، لە هۆڵی وەرزشی لە شاری دهۆک، یاری کۆتایی خولی فوتساڵی کچانی کوردستان لە نێوان هەردوو تیپی ئافرەتانی دهۆک و ئافرەتانی هەولێر بەڕێوەدەچێت، لە یارییەکانی گەڕانەوەی پێش کۆتاییدا، یانەی ئافرەتانی هەولێر بە شەش گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنیان بەسەر چەمچەماڵ تۆمار کرد و ئافرەتانی دهۆکیش بە شەش گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوت بەسەر کچانی سیروانی هەڵەبجە.
مەزن محەمەد ڕاهێنەری ئافرەتانی هەولێر لەبارەی ئەم یارییەوە گوتی: بێگومان ئامادەکارییەکی باشمان بۆ یارییەکە کردووە، ئافرەتانی دهۆکیش پاڵەوانی وەرزی ڕابردووە و ئەم وەرزەیش لەئاستێکی بەرزدا دەبیندرێت، بۆیە یارییەکی بەهێز و هەستیار دەبێت بۆ هەردوولا، هەروەها گوتی: لێرەدا لەرێگەی ئەم ڕۆژنامەوە سوپاسی دەستەی کارگێڕشی ئافرەتانی هەولێر دەکەم، بەهەموو شێوەیەک هاوکار و پاڵپشتی تیپەکەمانن، خوازیارم لەیاریی کۆتایی بردنەوە تۆمار بکەین و جامەکە بگەڕێنینەوە شاری هەولێر.
شایەنی باسە ئافرەتانی دهۆک وەرزی ڕابردوو بۆ دووەم جار بووە پاڵەوانی خولەکە، ئافرەتانی دهۆک ئەم وەرزە (8) یارییان ئەنجامداوە، لە کۆی ئەو هەشت یارییە توانیویەتی 62 گۆڵ تۆمار بکات، ئافرەتانی هەولێریش لەم وەرزە لە کۆی 8 یاری، 38 گۆڵیان تۆمار کردووە و سێ جار بۆتە پاڵەوانی خولەکە، ئافرەتانی هەولێر چاوی لەوەیە بۆ جاری چوارەم ناسناوەکە بگەڕێنێتەوە هەولێر.
ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە:
1 – سیپەل شکور –ئافرەتانی دهۆک 28 گۆڵ
2 – یوسرا ئیبراهیم –ئافرەتانی دهۆک 16 گۆڵ
3 – شۆخان نورەدین –ئافرەتانی هەولێر 16 گۆڵ