سهرهتا وتار ڕەهەندە جیاوازەکانی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمەریکا
محەمەد عەلی
ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەی دروست بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بکەین، پێویستە لە چەندین ئاستەوە شیکردنەوەی بۆ بکەین، کە هەندێکیان پەیوەستن بە گۆڕانکاریی ناوچەکە و پێگەی کەسیی سەرۆکوەزیران لە سیاسەت و دیپلۆماسییەتدا و تێڕوانینی ئەم ئیدارەیەی ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێگەی هێزە هەرێمییەکان و خوێندنەوەی دروستی هەرێم بۆ هاوکێشە نوێیەکانی هێز لە جیهان و ناوچەکەدا.
سەرەتا لە کاتی سەردانەکەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە سەردانەکەی وەفدی هەرێم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران رێزدار (مەسرور بارزانی) لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ) بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دوو ئامانجی هەبوو، هاتنەوەی ئەمەریکا بە هێزەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کۆتاییهێنان بە میحوەری ئێرانی لە ناوچەکەدا. سەردانەکە و ئەجێنداکەی وەفدی هەرێمیش تەواو یەکدەگرنەوە لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، بە شێوەیەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ خوازیاری وەبەرهێنانە لە ناوچەکە و هەمیشە لە ڕێگەی غازی کوردستانەوە دەیەوێت هەژموونیی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە، لەلایەکی ترەوە پەیوەندیی پتەوی هەرێم لەگەڵ میحوەری سوننی بە سەرکردایەتیی ( سعودیە و قەتەر و ئیمارات) دەرفەتێکی تر دەدات بە هەرێم کە لە داهاتوودا ڕۆڵی میحوەریی لە ناوچەکەدا بگێڕێت.
دواتر ئەوەی زیاتر جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ هەرێم و سەرۆک وەزیرانیش، بەرەنجامی ئەو لۆبییەیە کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا هەرێم لە ئەمەریکا ئەنجامی داوە، بینینی ئەم هەموو سیناتۆر و کۆنگرێسمانە لە ماوەی چەند ڕۆژێک لەلایەک و دیدار لەگەڵ چەندین وەزیری ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کە هەمووان پاڵپشتییان دووپات کردووەتەوە بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران (مەسرور بارزانی) بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی و پەرەپێدانی کوردستان لە ڕووی ژێرخانی وزە، ئەمەش پێمان دەڵێت مامەڵەی هەرێم و خودی سەرۆک وەزیران لە لۆبیکردن لە ئەمەریکا زۆر سەرکەوتوو بووە، بە شێوەیەک کە زۆرینەی پێکهاتەی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا دۆستی کوردن، ئەمەش هەلێکی زێڕینە بۆ کورد کە سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت بە هۆکاری ئەوەی بوونی ئەم ئیدارە دۆستە کوردە لە ئەمەریکا، کە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی بتواندرێت بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەرێم بەکاری بهێنێت.
ئەوەی زۆر جێگەی دەستخۆشییە، پێکهاتەی وەفدەکەی هەرێمە کە جگە لە وەزیرێکی پارتی، وەزیری پێشمەرگە و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە خۆ دەگرێت کە لە پشکی یەکێتین، ئەمەش پێمان دەڵێت هەمیشە هێز لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە، کەوابێ ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەسێجێکە بۆ واشنتۆن کە ئیدی لە کوردستان یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە بوونی هەیە، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت ئەمە بەڵێنی (سەرۆک بارزانی) بوو لە کاتی پڕۆسەی هەڵمەتی هەڵبژادن، کەوابێ ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیران (مەسرور بارزانی) لە واشنتۆن بە ئامادەکارییەوە بووە و مەبەست ئەوە بووە کە ئیدی لە کوردستان حکوومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز بوونی دەبێت و کوردستانیش بەرەو قۆناغێکی نوێ لە وەبەرهێنان و پێشکەوتن هەنگاو دەنێ بە یەکڕیزیی نێوان هەردوو هێزە سیاسییەکە لە کوردستان و بە پاڵپشتیی ئەمەریکا و دۆستەکانی لەسەر ئاستی جیهان.
ئەگەر لەسەر ئاستی کاردانەوەکانەوە سەیری بەرەنجامی ئەم سەردانە بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆر سەرکەوتووانەیە، لەسەر ئاستی کوردستان هەموو دژەکانی ئەم ئەزموونە زۆر قەڵس بوون، بە شێوەیەک بە هەموو هێزیانەوە خەریکی کەمکردنەوەن لە دەرەنجامە باشەکانی بۆ داهاتووی کوردستان، لەسەر ئاستی عێراقیش ئەوا بێدەنگییەکی تەواو لەسەر ئاستی هێزە سیاسییەکان هەیە، بە شێوەیەک هیچ حیزبێکی سیاسی لە عێراق جورئەتی ئەوەی نەکردووە کە ڕەخنە لە گرێبەست و مامەڵەی ڕاستەوخۆی واشنتۆن بگرێت لەگەڵ هەرێم، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی نەوعییە لە گۆڕانی باڵانسی هێز لە عێراق لە بەژەوەندیی هەرێم، ئەگەر لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراقیش بڕوانین تەنیا خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردنی دوو بەیاننامە کە هی دووەمیان تەواو نەرمینواندن بوو و شەرمنانە بوو، خۆ ئەگەر سەیری کاردانەوەکان بکەین لەسەر ئاستی ئەمەریکا ئەوا بە تەواوی پێمان دەڵێت کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن، کە وتەکانی (مارکۆ ڕۆبیۆ) وەزیری دەرەوە لە بەردەم سیناتۆرەکانی ئەمەریکا و وتارەکەی (مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمەریکا دەربارە سەربەخۆیی کوردستان، ئەو ڕاستییەی سەرەوە دووپات دەکەنەوە.