سهرهتا وتار لە هەموو سێکتەرێکدا مەسرور بارزانی هەوڵی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کوردستان دەدات
سیروان تۆفیق شەفیق
دیارە لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆک وەزیرانی کوردستان توانی تەواوی ئەو بەربەستانەی کە بۆ کوردستان و حکوومەتی هەرێم دروست دەکرێت بە لێهاتوویی و کارامەیی و ژیرانە زاڵ بێت بەسەریاندا و ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببێتەوە کە ڕووبەڕووی دەکرایەوە لە (قەیرانی دارایی، ئاژاوەی ناوخۆیی، ئۆپزسێۆنێکی دۆست بەناحەزان و هتد)، بەڵام ئەوەی مەسرور بارزانی کردی پێچەوانەی ئاراستەی ڕووخاندنی حکوومەت و نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییانی کوردستان و چاکسازی لە تەواوی سێکتەرەکانی حکوومەت، هێنانەکایەی حکوومەتی ئەلکترۆنی، سیستەمی هەژماری من، دروستکردنی چەندین بەنداو و پۆندی ئاو و پێشخستنی کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و کشتوکاڵی و دروستکردنی ژێرخانی وڵات بوو. بۆیە تا دەهات دوژمنانی پەلاماریان دەدا بۆ ساردکردنەوەی لەسەر خۆراگری و خزمەتکردنی کوردستانییان، بەڵام قوتابییەکەی سەرۆک بارزانی کۆڵی بۆ ناحەز و دوژمن و هەلپەرستان نەدا و پێشمەرگەئاسا بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی کوردستانییان.
بێگومان دوای هەموو ئەمانە هەنگاوە گەورەکەی نا بۆ زامنکردنی مافی دەستووری خەڵکی کوردستان و ئاییندەی وڵات و خوێی کردە چاوی دوژمنانی ئەم خاکە، هەموان لە دیدگا و بیرکردنەوەی سەرۆک وەزیران گەیشتوون کە چەند تامەزرۆی خزمەتکردنی وڵات و دەستبەرکردنی مافی کوردستانییان و زامنکردنی ئاییندەی ئەم خاک و نیشتمانەیە. بەگشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ڕێگەی چەند میحوەرێکی سەرەکییەوە گرنگی بە بنیاتنانی ئاییندەیەکی باشتر دەدات بۆ هەرێمی کوردستان کە دەکرێ لە خوارەوە ئاماژەی پێ بکەین:
– بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆیی: کاردەکات بۆ دروستکردنی هەلی وەبەرهێنانی نوێ و هاندانی کەرتی تایبەت، بە گرنگیدان بە بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز و هەمەچەشن و لەم بوارەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی گەورەی ئابووری دامەزراندووە، وەک بەنداوی ئاو و سایلۆی خۆراک بۆ پەرەپێدانی خۆبژێوی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەی کەلوپەل لە دەرەوەی کوردستان و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی لە کوردستان.
– باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان: گرنگییەکی زۆری دا بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، لەوانە پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان، پرد، قوتابخانە، کارەبا و نەخۆشخانەکان. هەروەها زۆرێک لە پڕۆژەی گەشتیاریی ستراتیژی دروستکراون و لە ئاییندەشدا چەندین پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری بێوێنە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری بیانی و بەرزکردنەوەی ئابووریی ناوخۆیی و پەرەپێدانی سێکتەری گەشتیاری بردە قۆناغێکی دیکەوە کە لە ئاییندە وا دەکات کوردستان بباتە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی.
– بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری: ئاسایش و سەقامگیری زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام. کابینەی نۆیەم کاری کرد بۆ بەهێزکردنی تواناکانی خزمەتگوزارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی سەر کوردستان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی بەهێز.
– هەماهەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی: هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بکات، لەوانەش ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، ئوردن، سعودیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ڕووسیا، چیک و هەنگاریا و هتد بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیی هاوبەش و بەرزکردنەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا و پاراستن و زامنکردنی ئاییندەی وڵات.
– پشتیوانیکردنی گەنجان و لاوان: گرنگی بە دابینکردنی پێداویستییەکانی گەنجان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکانیان و گەیشتن بە ئاواتەکانیان لە ڕێگەی دابینکردنی قەرز و ڕاهێنان و دەرفەتی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار و بەخۆماڵیکردنی دەستی کار لە کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمەوە گۆڕانکارییەکی جۆری کرد لە پاڵپشیی گەنجان و هێنانەپێشیان بۆ خزمەتکردن.
بە هەنگاوی گرێبەستەکانی ڕابردووی لە سێکتەرە جیاوازەکان بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی تۆکمە و بەهێز لەگەڵ گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان و دوا دوو گرێبەستی بواری نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا دوو پەیامی گرنگی بە جیهان دا:
– یەکەمیان زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی خۆشگوزەرانییە بۆ وڵات و هەنگاونانە بۆ پڕۆژە گەورە نەتەوەییەکە و ڕۆڵی کوردستان لە گۆڕانکاریی ناوچەکە.
– دووەمیان نەچوونە بن گوشار و هەڕەشەکانی دوژمنان و بەکرێگیراو و جاش و ئاغاکانیان بە هەبوونی کوردستانێکی بێهێز و لاواز و لەرزۆک.
بە گشتی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەم ئامانجی بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر بوو، بە ئابورییەکی بەهێز و هەمەچەشن و خزمەتگوزاریی گشتیی ئاستبەرز، بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی باشتر بۆ ئاییندەی وڵات و کوردستانییان دابین بکات و لە ئاییندەشدا بە ڕۆحێکی پێشمەرگانەوە بەردەوام دەبێت لە هەنگاونانی گەورە بۆ ئاییندەی نیشتمان.