ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
لەمیانی وتارێكی مێژوویی سەرۆك بارزانیدا، كە پێشكەشی ژمارەیەك لە قوتابیان و لاوانی كرد، هۆشداریی ئەوەی دا كە شەڕی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی، شەڕی چەك و سوپا نییە، بەڵكوو شەڕێكی شاراوە و مەترسیدارە، ئەویش شەڕكردنە دژی مادەی هۆشبەر.
هەر لەم وتارەیدا، جەنابی سەرۆك بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەم جەنگە تەنیا جەستە ناكاتە ئامانج، بەڵکوو باوەڕ و سەربەخۆیی و ناسنامەی كوردیش دەكاتە ئامانج. هەروەها بە هەوڵێكیشی ئەژماركرد، كە كار دەكات بۆ لەناوبردنی متمانەی تاك بە خۆی و كۆمەڵگاكەی و لەناوبردنی هیوا و خەونی گەنجان. ئەم جۆرە شەڕەشی بە یەكێك لە مەترسیدارترین هەڕەشەكانی بەردەم كۆمەڵگای دانا، چونكە بە بێدەنگی كاردەكات و لە ناوەوە دەچێتە ناو پەیكەری كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگا. سەرۆك بارزانی، لەم وتارەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە گەورەترین بەرگری بەرانبەر ئەم شەڕە لە دەست خودی گەنجان خۆیانە، بەتایبەت ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوان، كە ئەركی هۆشیاركردنەوە و بڵاوكردنەوەی زانیارییان لەسەر مەترسییەكانی ئەم بەڵایە هەیە. دەبێت هۆشیارییەكی بەتین هەبێت كە مادەی هۆشبەر تەنیا مادەیەك نییە كە مەترسی هەبێت بۆ تەندروستی، بەڵكوو ئامرازێكە كە داهاتوو و ناسنامە و سەربەخۆییی نەتەوەیی لەناو دەبات، لێرەوەیە كە پێویستیی بەهێزكردنی بڕوای سەربەخۆیی نیشتمانی لەنێو گەنجان و پەروەردەكردنیان بۆ ڕێزگرتن لە خاك و پەروەردەكردنی هەستی بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە نیشتمان و كۆمەڵگاكەیان، سەرهەڵدەدات.
لە وتارەكەیدا بەرانبەر قوتابیان و لاوان، سەرۆك بارزانی، هۆشدارییەكی ڕوون و ئاشكرای خستەڕوو كە تێیدا گوتی:» شەڕی جاران زۆر ئاسانتر بوو لە شەڕی ئێستا، شەڕی فڕۆكە و تانك و تۆپ و هەتا كیمیاباران و ئەنفال، بەڵام باوەڕ بكەن شەڕی ئێستا زۆر مەترسیدارترە، شەڕی بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەرە لەناو كۆمەڵگەی ئێمە، ئەو شەڕەمان لەگەڵ دەكەن. شەڕی نەهێشتنی بیروباوەڕە، شەڕی نەهێشتنی ئەوەیە كە تاكی كورد ئیتر بڕوای بە خۆی نەبێت». ئەم شەڕە چی دەگەیەنێت، هەڵبەت خاپوركردنی وزە و توانای كۆمەڵگایە بەگشتی و گەنجان بەتایبەت، كە تێیدا هیوا و داهاتوو دەكاتە ئامانج.
بێگومان، گوتەکانی سەرۆك بارزانی لە بابەتێكی لەمجۆرە، هەرگیز بێ مەرام و مەغزا نییە، بەڵكوو درككردنێكی جددیی جەنابی سەرۆك بارزانییە، بە مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان و كاریگەرییان بەسەر كۆمەڵگای كوردستانەوە، لەم پێناوەشدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئەم ژەهرە كۆمەڵایەتییە(ماددە هۆشبەرەکان)، هەڵمەتێكی وشیاری لەژێر ناوی (نیشتمانێك بەبێ ژەهر، گەنجانمان هێڵی یەكەمینن) دەستپێدەكات، كە سەرەڕای وشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و تاكەكانی بەگشتی، مەبەست گەلێكی دیكەی وەكوو (دروستكردنی متمانە بەخۆبوون، چاندنی ڕۆحی بڕوابوون بە دۆزی ڕەوای گەلی كورد و دروستكردنی هیوا بە سبەینێیەكی تر. لەم پێناوەشدا چەندین كار و چالاكی وەكوو (هۆشیاریی هەمەلایەنە، ڕێكخستنی سیمینار و وۆرك شۆپ لە ناوەندەكانی خوێندنی وەكوو زانكۆكان، بەرهەمهێنانی كورتەفیلمی پەیوەندیدار بە خراپە و زیانە لە ڕادەبەرەكانی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و ئالودەبوون پێوەی. لەم نێوەندەشدا بەشداریی كەسانی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەند بۆ مەبەستی ڕێگری لەم دیاردە بە هەند وەردەگیرێت، كە تەواوی مەبەستی بریتی دەبێت لە دانانی ئاستێك بۆ ئەم ژەهرە كۆمەڵایەتییە و هۆشیاركردنەوەی زیاتری كۆمەڵگا و پێدانی زانیاریی پەیوەست بە چۆنییەتی خۆپاراستن لەم پەتا كەمەرشكێنە كۆمەڵایەتی _ ئابووری _ سیاسییە.