خەبات: ڕۆشنا عەلی – سەردار حوسێن:- د. سەربەست محەمەد سلێمان نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە یۆنان، سەردانی ڕۆژنامەی خەباتی كرد و لەلایەن سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات بە گەرمی پێشوازی لێ كرا. شاراوەش نییە كە پەیوەندیی نێوان نەتەوەی كورد و گەلی یۆنان، مێژوویەكی دێرینی هەیە و نوێنەرایەتیی پارتی لەم وڵاتە كار و چالاكی بەرچاوی هەیە، ئەم دەرفەتەمان بە هەل زانی و لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانییانە لەگەڵ د. سەربەست چەند پرسێكمان تاوتوێ كرد:
ڕۆشنا عەلی: دكتۆر سەربەست زۆر بەخێربێن، دەمەوێ سەرەتا بپرسم ڕۆڵی ڕەوەندی كوردی لە ئەورووپا بەگشتی و یۆنان بەتایبەتی چۆنە و ژمارەیان چەندە؟ د. سەربەست محەمەد: زۆر سوپاس بۆ ئێوە، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختانەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، ئەگەر بڵێم لە ئێستادا هێندەی دانیشتووانی كوردستان كورد لە ئەورووپا هەیە، زێدەڕەوی نییە، بەڵام یۆنان دەروازەی یەكەمە لە ئاسیاوە بۆ ئەورووپا، گەلی یۆنانیش هاوسۆزییەكی زۆریان لەگەڵ كورد هەیە و ڕێزێكی تایبەت لە كورد دەگرن.
ڕۆشنا عەلی: گرنگیی نوێنەرایەتی پارتی لە یۆنان چییە و ئێوە لەم وڵاتە خەریكی چین؟ د. سەربەست محەمەد: پرۆژەی جەنابی سەرۆك بارزانی ئەوە بووە، كە گرنگییەكی زۆر بە ڕەوەندی كوردی بدرێت لە ئەورووپا بە گشتی، تا هەموویان یەكڕیزبن و دوور لە سیاسەت و حزبایەتی و ماڵی كورد لە هەندەران یەكبخرێت، پرۆژەكەیش سەركەوت، لەم پرۆژەیەدا بەڕێز شیفا بارزانی كە نوێنەری جەنابی سەرۆكە لە هەندەران، ڕۆڵێكی گرنگی لەم یەكڕیزییەی كوردی هەندەران هەبوو، بۆ نموونەیش لە نەورۆزی ڕابردوو 127 هەزار كورد كۆبوونەوە بە جیاوازی بۆچوون و ئینتیمای سیاسییەوە لە كۆڵن بەشداری ئاهەنگی نەورۆزیان كرد.
ڕۆشنا عەلی: ئێوە كە زۆرینەی سەرۆكی وڵاتان و بەرپرسانی ئەورووپاتان بینیوە، چیتان لە ڕوئیای ئەوان سەبارەت بە كورد خوێندۆتەوە؟ د. سەربەست محەمەد: بەڵێ ئێمە لە زۆرترین كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان بەشداربووینە و سەرۆكی وڵاتانمان بینیوە، لە ساڵی 1991 كە چووینە ناو چالاكییە دیپلۆماسییەكان وامدەزانی هەموو دنیا عاشقی چاوی كورد و هاوسۆزن لەگەڵمان، بەڵام وانییە، دنیای ئێستا دنیا بەرژەوەندییەكانە، دنیای داتا و ژمارەیە، ئەگەر 9 پێشكەش نەكەیت، دڵنیابە 10 نابەیت، ئینجا دەبێ زیرەك بین و بزانین بەرژەوەندییەكانی ئێمە لە كوێیە و هێندە خۆشباوەڕیش نەبین.
ڕۆشنا عەلی: مەبەستمە لە ڕۆڵی ئێوە بپرسم، وەك نوێنەرایەتیی پارتی لە یۆنان، ئێوە ڕۆڵتان چییە و چیتان كردووە؟ د. سەربەست محەمەد: ئێمە ئۆفیسی نوێنەرایەتیی پارتیمان لە یۆنان هەیە، ئەوانەی ڕوو لە ئۆفیسەكەی ئێمە دەكەن و كێشەیان هەیە، درێخییان بۆ ناكەین، بەبێ ئەوەی جیاوازی بكەین لەنێوان كوردی ئەم پارچەیە یان پارچەیەكی دیكە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئینتیمای سیاسییان بكەین، بۆ نموونە كەسێك لە یۆنان دەستگیر كراوە یان ڕەزامەندیی مانەوەی نییە، یان مامەڵەكەی سووتاوە، ئیدی هەرچی بە ئێمە كرابێت، كردوومانە و دەیكەین.
ڕۆشنا عەلی: واتا هەركەسێك ڕوو لە ئۆفیسەكەی ئێوە بكات هاوكاری دەكەن، بەڵام ئێمە لێرەوە دەبیستین ودەبینین، كە ژمارەیەكی زۆری گەنجی كورد لە یۆنان تووشی كێشە دەبن و بەداخەوە هەندێكیشیان لە كەناراوەكانی ئەو وڵاتە گیان لەدەست دەدەن كە تەنانەت تەرمەكانیان بە ئاسانی ناگاتەوە دەست كەس و كارەكەی د. سەربەست محەمەد: زۆر ڕاستە و بەداخەوە لە ساڵی 1996ـەوە تا ئێستا 1782 تەرمی كۆچبەرانمان ناردۆتەوە كوردستان، كە ئەوە جێگەی داخە، بەڵام خۆشبەختانە ئیستا ئەوە نەماوە.
ڕۆشنا عەلی: واتا ڕێگەی قاچاخ نەماوە و هاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەوخۆ سەردانی یۆنان بكەن؟ د. سەربەست محەمەد: بەڵێ، ئێمە هەوڵێكی زۆرمان داوە و ئێستا كونسوڵخانەكان بەگشتی و كونسوڵخانەی یۆنان بەتایبەتی بە ڕێژەیەكی زۆر ڤیزا بە هاووڵاتییان دەدەن، پێویست ناكات كەس گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، ئەوەی بیەوێت لە هەولێرەوە بۆ ئەسینای پایتەخت بە دوو سەعات و نیو بە فڕۆكە دەگاتە یۆنان، ئێستا یەك هێڵی فڕۆكەوانی هەیە و لە هەوڵی ئەوەداین هێڵێكی دیكەش بكەینەوە، تا كێبڕكێ دروست بێت و نرخی بلیتی فڕۆكە هەرزانتر بێت.
سەردار حوسێن: دكتۆر ئێوە تەنیا نوێنەرایەتیی پارتی دەكەن، یان نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەن؟ د. سەربەست محەمەد: ئێمە ئیش بۆ هەموو ئەو كوردانە دەكەین، كە سەردانی نوێنەرایەتیی پارتی دەكەن لە یۆنان، یاخود ئەوانەی كەسێكیان لێ ونبووە و پەیوەندی بە ئێمەوە دەكەن، ڕاستە ئۆفیسەكەمان نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بە ئاڵای كوردستانەوە كراوەتەوە، بەڵام لە واقیعدا ئیش بۆ هەر كوردێك دەكەین، كە ئیشی بە ئێمە هەبێت.
سەردار حوسێن: پەیوەندیتان لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق چۆنە لە ئەسینا؟ د. سەربەست محەمەد: زۆرجار باڵیۆزی عێراق داوای دیداری لە من كردووە و نەچووم، ئێمە مۆری خۆمان هەیە و لەم وڵاتە بە فەرمی كاری پێ دەكرێت، بۆیە ئەو پەیوەندییەمان بە پێویست نەزانیوە.
سەردار حوسێن: پەیوەندیی نێوان گەلی یۆنان و نەتەوەی كورد لەڕووی مێژووییەوە چییە؟ ئایا هەر پەیوەندییەكی ئاساییە یان پاشخانێكی مێژوویی هەیە؟ د. سەربەست محەمەد: مێژوو پێماندەڵێت 330 ساڵ پێش زایین، كاتێك ئەسكەندەری مەكدۆنی دێتە هەولێر و زاخۆ، ئەو پەیوەندییە دروست بووە، چونكە (ڕۆكسانا = ڕەوشەن) كە هاوسەری ئەسكەندەر بووە، خەڵكی هەولێر بووە، ئەوە گێڕانەوەی مێژووە، بەڵام ئەم مێژووە بووەتە هۆكاری ئەوەی گەلی یۆنان نەتەوەی كورد بناسن و خۆشیان بوێت، بۆیە ئێستایش لە هەموو یۆناندا كورد ناسراوە و ڕێزێكی زۆری لێ دەگیرێت.
ڕۆشنا عەلی: ئێمە دەبینین كە خەڵكێك لەناو كەمپەكانی یۆنان لە حاڵ و گوزەرانێكی خراپدا بوون و ئیستاش هەن، ئێوە چیتان بۆ ئەو خەڵكە كردووە؟ د. سەربەست محەمەد: ئێمە حكوومەتی یۆنانمان ئاگادار كردۆتەوە و داوامان لێكردوون بەهانای ئەو خەڵكانەوە بچن، بەڕاستیش ئەوەیان كردووە و فریای زۆركەس كەوتوون، چونكە داواكاریی ئێمە ڕەتناكەنەوە.
سەردار حوسێن: ئێوە پێشتر زەمالەی خوێندنتان وەرگرتووە بۆ قوتابییانی كورد، ئێستایش هەر بەردەوامن؟ د. سەربەست محەمەد: ڕاستە، بەڵام كەس داوای لە ئێمە نەكردووە، ئەگەرنا ئێستایش دەتوانین زەمالەی خوێندن وەربگرین ئەگەر داوامان لێ بكرێت.
ڕۆشنا عەلی: ژمارەی قوتابییانی كورد لە یۆنان زۆرە وەك ئەوەی لە وڵاتانی دیكەی ئەورووپا دەبیندرێت؟ د. سەربەست محەمەد: ئێستا ژمارەیان زۆر نییە، بەڵام لە وڵاتانی دیكەی ئەورووپا بەهۆی ئەوەی ئیقامەیان هەیە و كاردەكەن، ژمارەیان زۆرە.
سەردار حوسێن: هەوڵەكانی ئێوە لەڕووی دیپلۆماسییەوە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بانگهێشتكردنی سەركردە سیاسییەكان بكرێت و سەردانی كوردستان بكەن؟ د. سەربەست محەمەد: ئێمە هەوڵەكانمان جیددی و بەردەوامە، بەڵام بانگهێشتكردن زیاتر لە ڕێگەی كونسوڵخانەكانەوە دەكرێت، وەك ئەو گەشتەی جەنابی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی كردی بۆ یۆنان.
ڕۆشنا عەلی: دەوڵەتی یۆنان مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات یان لەگەڵ پارتی؟ د. سەربەست محەمەد: یۆنان ڕێز لە كورد دەگرێت، بەڵام پارتی لە گۆڕەپانەكەیە و مامەڵەش لەگەڵ مۆر و ئیمزای پارتی دەكات، ئەوە ڕاستی مەسەلەكەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا پارتی ئەو پەیوەندییەی لە خزمەتی كورد بەكارهێناوە، هیچ جیاوازییەك لەنێوان دوو كەس ناكرێت، كە یەكێكیان ئینتیمای بۆ پارتی هەبێت و ئەوەی تر ئینتیمای بۆ پارتی نەبێت، بە گشتی ئێمە لەوێ خزمەتی هەموو كوردێك دەكەین، ئینتیمای سیاسی هەرچی بێت، ئەوەی بۆمان بكرێت بۆی دەكەین، چونكە ڕێبازی بارزانی وەها پەروەردەی كردووین كە ئێمە «خزمەتكاری میللەتی خۆمان بین»، ئیدی لە ڕۆژئاوا بێت یان ڕۆژهەڵات یان باكوور و باشوور.
سەردار حوسێن: حزب و لایەنەكانی دیكە نوێنەرایەتی و بارەگایان لە یۆنان هەیە یان نا؟ د. سەربەست محەمەد: جگە لە پارتی كەسی دیكه بارەگای لەوێ نییە، بارەگای پارتی تاكە بارەگایە، كە 30 ساڵە لەم وڵاتە ئاڵای كوردستانی بەسەردا دەشەكێتەوە.










