کورد و کوردستان هەوێنى ئاشتى و پێکەوەژیان و ئاوەدانییە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

214
ڕێبوار حەمەلاو شوانى
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ڕەسەنى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە هەموو کات و شوێنێکدا لە ئەنجامى نەبوونى ئاشتى و ڕەتکردنەوەى وجودى وەک گەلێکى ڕەسەن و بەشێک لە مرۆڤایەتى و گەل و نەتەوەکانى ناوچەکە، ناچار بووە لە پێناو پارێزگاریکردن لە شوناس، مێژوو، خاکى باب و باپیرانى و ڕێگریکردن لە سڕینەوەى بۆ ئەوەى بەرگرى لە بوونى خۆى بکات، بەناچارى پەناى بۆ چەک بردووە تاکوو بوونى خۆى بسەلمێنێت. بەڵام لە هەموو بوار و هەلومەرجێکیشدا کاتێک دەستى ئاشتى بۆ درێژکرابێت بەوپەرى نییەت پاکی و باوەڕبەخۆبوونەوە بەدەم ئاشتییەوە چووە، هەر چەندە ئەگەر باج و قوربانى زۆر گەورەشى دابێت. ئێستا ناوچەکە لە بەردەم کۆمەڵێک پێشهاتى نوێ و گۆڕانکاریی گەورەدایە، ئەوەش وا دەکات کە سرووشى مامەڵەکردن و پەیوەندییەکان و ستراتیژى گۆڕانکارى بەسەردادێت، چونکە ئەوەى هەستى پێدەکرێت و دەبینرێت ئاماژەن بۆ دروستبوونى گۆڕانکارى لە هەندێک هاوسەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەتایبەتى شەڕ و ململانێیەکان هەر لە غەززە و یەمەنەوە تا دەگاتە ئۆکراینا و ئینجا بەرفراوانبوونى کێبڕکێ ئابووری و سەربازییەکانی زلهێزان وادەکەن کە کاریگەرییان لەسەر کوردستان و دۆزە ڕەواکەشى هەبێت. هەرێمى کوردستان وەک ناوچەیەکى گرنگ و ستراتیژى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، هەمیشە ڕۆڵێکى بەرچاوى لە بەدیهێنانى ئاشتى و سەقامگیرى و هاوکارى و کارى هاوبەش و هاوئاهەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان و ڕاگرتنى هاوسەنگى و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ململانێ و جەمسەربەندییەکان.
وەک دەبینرێت، لەنێو ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەى ناوچەکەدا، گەلى کورد بە ڕابەرایەتیى سەرۆک مەسعود بارزانى، لە پێناو بەدیهێنانى ئاشتیدا ڕۆڵێکى گرنگ و بەرچاو دەبینێت تا گەلى کورد سوود لەو دەرفەتە مێژوویییە وەربگرێت، هەر ئەوەشە چەند ساڵێکە و بە ئێستاشەوە، گشت هەوڵەکانى خستووەتەگەڕ بۆ سەرخستنى ئەم پرۆسەیە، چونکە ئەمە هەلێکى مێژوویییە بۆ زیاتر بەهێزکردنى سەقامگیرى و ئاشتى لە ناوچەکەدا و لە هەمانکاتیشدا ویستى هەمیشەیی کوردە بۆ ئاشتیخوازى و هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێیە کە سوودى بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت. چونکە بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو هەموو کات گەلى کورد لە بەردەم کرانەوەى دەرگەى داخراوى ئاشتى ئامادەیی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ماڵوێرانى، ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەوەى کورد گەلێکى ئازاى بوارى ئاشتییە لە تەک ئازایەتى و قارەمانى و بوێرى بەرەنگارى و ڕووبەڕووبوونەوەدا، بۆیە هەنگاوەکانى گەلى کورد بۆ ئاشتى لەم قۆناغە مێژوویییەدا ئاماژەیە بە نیازپاکى و کۆتاییهێنان بە شەڕ کە هەمووان تێیدا سوودمەند دەبن.
ئاشتى هێزە و ئاشتیخوازى ڕێبازى کەسانى خاوەن باوەڕ و بەهێزە. چونکە لە ئاشتیدا هیچ وڵات و لایەنێک دۆڕاو نابێت، سەرکەوتن بۆ هەمووانە، لە هەمان کاتیشدا ناوچەکە لە هەموو ڕوویەکەوە گەشەسەندن و پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت. چونکە هێزى ئاشتى، لە هێزى هەموو شەڕەکان گەورەتر و بەهێزترە. مێژوو گەواهیدەر و سەلمێنەرە کە گەلى کورد، نەتەوەیەکى ئاشتیخوازە، هەر کاتێک و لەهەر شوێنێک دەرفەتێک بۆ ئاشتى هەبووبێت، ئەوا هەمیشە بە هیوا و ئومێدەوە، بەپیریەوە چووە. بەتایبەتى هەرێمى کوردستان هەمیشە و بەدرێژایی مێژوویش سەلماندوویەتى کە هۆکارى ئارامى و سەقامگیرییە و دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ و ئەرێنى لە بەهێزکردنى ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکەدا بگێڕێت. ئەو ڕۆڵەش بە کردەوە لە سەر پەیوەندییەکانی کورد و وڵاتانى ناوچەکە بە ڕوونى ڕەنگی داوەتەوە، هەمیشە گەلى کورد و سەرکردایەتییەکەى پێی وا بووە کە بەهێزبوونى ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەماى ڕێز لە یەکتر گرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت، لە پێناو هێنانەدیی ئاشتى بەردەوام، بەتایبەتى کە ڕێگەى دیپلۆماسى و لۆژیک و گفتوگۆ دەرفەتێکى لەبارە لەبەردەم وڵاتانى ناوچەکە بۆ ئێستا و لە پێناو داهاتوویەکى باشتر، بەتایبەتى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدڕاڵ لەسەر بنەماى هاوبەشى و دەستوور، چونکە مێژووى سەدەى ڕابردوو سەلماندوویەتى کە سیاسەتى پەراوێزخستن و شەڕانگێزى و نکۆڵیکردن لە مافە ڕەواکانى کورد و کوردستان جگە لە شەڕ و وێرانکارى و نەهامەتى و پاشکەوتوویی بۆ ناوچەکە، هیچ ئەنجامێکى لێنەکەوتووەتەوە. بۆیە، نکۆڵیکردن لە ئاشتى و کات بە فیڕۆدان بۆ سڕینەوەی نەتەوەیەکى 50 ملیۆنى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و لەسەر خاک و زێدى باب و باپیرانی هەرگیز سەقامگیرى و ئارامى بۆ ناوچەکە ناهێنێته‌دی، بەڵکوو دەڤەرەکە دەخاتە بەردەم چارەنووسێکى ترسناک، کاتى ئەوەیە بە ئاشتى و پێکەوەژیانى ئاشتییانە ئاییندەیەکى ڕووناک بۆ ناوچەکە بونیات بنێین، تاکوو ئاسوودەیی و سەقامگیریى هەمیشەیی بێتەدى، چونکە گەلى کورد یەکێکە لە نەتەوە ڕەسەنەکانى ناوچەکە، لە ئێستاشدا بە هێزى ئاشتى هەنگاوی بەرەو بەدەستهێنانى مافەڕەواکانى ناوە، ئەوەش وادەکات کە لە ناوچەکەدا زیاتر بەهێزبێت، ئەوەش بۆ سەقامگیرى و ئارامیی ناوچەکە زۆر گرنگە.