پ.د.نەجم ئەڵوەنی
چاپی دووەمی (کوێرەی چاوساغ)ی سابیر ڕەشیدم خوێندەوە کە لە ساڵی (٢٠١٩) بڵاوبووەتەوە. لەم دەقەدا نووسەر بەهەمان شێوەی دەقی (شمشێری موسا) دوو ڕۆڵی بەخۆیداوە: ڕۆماننووس و گێڕەوەی هەمووشتزان. ئەم دووەش وەک لە وتارێک لەبارەی دەقی دوومەوە ئاماژەم پێداوە، هەرگیز نابێ لەیەک کاتدا هەردوو ڕۆڵەکە پێکەوە بگێڕن. نووسەر کەسایەتییەکی مێژوویی ناسراوە و گێڕەوە توخمێکی گێڕانەوەیە کە نووسەر دەیئافرێنێ بۆ ئەوەی لە ناو دەقدا ڕۆڵی ڕێکخستنی ڕووداوەکان و پێش و پاش خستنی کاتی گێڕانەوە ڕێک بخات و بەگوێرەی پێوێست کاتی ڕووداو کورت بکاتەوە یان درێژەی پێ بدات. هەروەها نۆرەی دەرکەوتنی کارەکتەرەکان لەلایەن ئەوەوە ڕێک دەخرێت. ڕێ دەدات ئەوان لەنیو خۆیاندا گفتوگۆ بکەن یان بەخۆی دەقی گفتوگۆی ئەوان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێشکەش دەکات. لەبەر ئەوە گەورە تێورناسانی بواری گێڕانەوە وەک ڕۆڵان بارت و تزڤیتان تۆدۆرۆف و ژیرار ژنێت و چاپ لینفیلت ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە گێڕەوە بتوانێت ڕۆڵی ڕۆماننووس یان ڕۆماننووس ڕۆڵی گێڕەوە بگێڕێت. ئاخر ئەوان چەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکرێ ئافرێنەر و ئافرێنراو وەک یەک تەماشا بکرێن.
لەم دەقەشدا نووسەر کە بەئاشکرا ناوی لەسەر بەرگی پەرتووکەکە دانراوە و لە ناو دەقەکەشدا ڕۆڵی نووسەر و گێڕەوەی پێدراوە ئەوە دەردەخات کە نووسەری ڕۆمانەکە دەرکی بەو جیاوازییە نەکردووە و ناوی ڕۆمانیشی لەسەر بەرگی پەرتووکەکە جێگیر کردووە.
لەم دەقەدا سابیر ڕەشید دەیەوێ ڕۆمانێک بنووسێ بۆ ئەوەی بەشداری پێ بکات لە کێبڕکێی ڕۆماندا. بۆ ئەم مەبەستەش بەدوای ڕووداو و تیمەیەکدا دەگەڕێ کە نوێ و لە ڕووی هونەریشەوە سەرکەوتووبێ. دیتنی کوێرە لە کن قەڵات و نزیک هوتێل سەندوباد سەرنجی ڕادەکێشێ، بە تایبەتی کە دەبینێ چەند هەرزەکارێک بە گوتنەوەی هەندێ دروشمی وەک (بژی کورد و کوردستان ، یان بەگوتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب) پەستی دەکەن و ئەمیش بە جوێن وەڵامیان دەداتەوە. هەرچۆنێک بێت ماڵی کوێرە دەبینێتەوە و پاشان لەو خانووەی کوێرەدا دوو ژوور بەکرێ دەگرێ یەک لەبەر دۆخی ئابووری و دەستکورتی، دووەم بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کوێرە بدوێنێ و بەسەرهاتەکانی ژیانی ئەو بکاتە بناغەی دامەزراندنی ڕۆمانەکەی.
ئەگەر لە ڕووانگەی (میتا دەقەوە) تەماشای ئەم نووسینە بکەین ئەوا سابیر ڕەشید کە بەناوی ڕاستەقینەی خۆی بەشداری لە ڕووداواوەکاندا کردووە، دەبێتە کارەکتەر و نووسەری ناوەکی دەقەکە، لەم دۆخەشدا نابێت ڕۆڵی گێڕەوەی هەمووشتزان بگێڕێ وەک ئەوەی نووسەر لە زاری ئەوەوە چەند جارێک جەختی لەم ڕۆڵە کردووەتەوە.، چونکە خودی سابیر ڕەشید و خێزان و مناڵەکانی دەبنە کارەکتەر و لە هەمان کاتدا خۆی ڕۆڵی ڕۆماننووسی ناوەکی دەگێڕێ کە جیاوازە لە ڕۆماننووسی دەرەکی. ئەوە ڕۆمانووسی ناوەکییە بە دوای بابەتێکدا دەگەڕێ بیکاتە ڕۆمان و بۆ ئەمەش دەبێتە هاوماڵی مام سیامەند کە لە دەقەکەدا بە کوێرەی چاوساغ ناسراوە.. شەوان گوێ لە کوێرە دەگرێ و ئەویش هەرجارێ بەسەرهاتی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. هیچ کات نووسەری دەرەکی لە ڕاستیدا هاوماڵی کەسێکی کوێر نەبووە. کچێکی بەناوی ژیندا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ نەبووە، ئەگەرچی دەکرێ ئەم جۆرە ڕووداوانە لە ژیانی ڕاستەقینەشدا ڕوو بدەن. کەواتە سابیر ڕەشیدی ناو دق گێڕەوەی هەمووشتزان نییە و لە ڕێی کوێرەوە باسی بەشێکی زۆری ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و ڕێ دەدات ئەو ڕاستەوخۆ لەڕێی گێڕانەوەکانییەوە ڕووداوەکانی ژیانی خۆیی و کەسانی بنەماڵەکەی بگێڕێتەوە. تەنانەت کاتێ سابیر ڕەشید دەڵێ ئێستا من ڕێ بەخۆم دەدەم بەشێک لە ڕووداوەکان بگێڕمەوە، لەم دۆخەشدا نابێتە گێڕەوەی هەمووشتزان، بەڵکو گێڕەوەیەکی خودی، چونکە لێرە و لە تەواوی دەقەکەدا ڕۆڵی کارەکتەرێک دەگێڕێ کە دەیەوێ ڕۆمانێک بنووسێ. کاتێ نەخۆی و نە (خەڵات)ی هاوسەری ناتوانن هۆکاری ڕەتکردنەوەی ژیانی هاوسەریی لەلایەن (شاناز)ی کچی کوێرەوە لە زاری شانازەوە بزانن، نووسەری ناوەکی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکار دەهێنێ و بۆ لێکدانەوەی ئەو هۆکارە چیرۆکێک ڕێک دەخات کە گوایە کوڕی ماڵێکی دەوڵەمەند بەناوی خۆشەویستییەوە کچێنی ئەمی لەدەستداوە و دوایی بەرەو هەندەران چووە. بۆ ئەوەی ئەم کردارەش ئاشکرا نەبێ، بۆیە ئامادە نابێ شوو بکات و بێ کەسی و کوێری باوکی کردووەتە بەهانە بۆ ئەم مەبەستە. لێرەشدا بەگوێرەی تەکنیکەکانی گێڕانەوە، سابیر ڕەشید نابێ بە گێڕەوەی هەمووشتزان و ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:
١ـ سابیر وەک نووسەری ناوەکی ئەم چیرۆکەی هەڵبەستووە.
٢ـ ئەگەر هەمووشتزان بووایە دەیتوانی دەستی بە تەواوی زانیارییەکان بگات و بزانێت لە ڕاستیدا بۆ شاناز ڕازی نابێ شوو بەکەس بکات. هیچ کۆسپێک نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی گێڕەوەی هەمووشتزان دەستی بە شاراوەترین ڕاز و نهێنییەکانی کارەکتەر بگات.
نووسەری دەرەکی ئەم ڕۆمانە، دەقێکی تەواو ئایدیۆلۆژی بەرهەم هێناوە، ئەگەرچی لە هەندێ شوێنی ڕۆمانەکەدا بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی خۆی لە بارەی چۆنێتی نووسینی ڕۆمانەوە ئاماژەی بەوەداوە کە نایەوێ ڕۆمانێکی کاڵ و کرچ بنووسێ و خوێنەر وەک دەقێکی نوێ لێی نەڕوانن. یان دەڵێ من نامەوێ کۆپی واقیع بکەم، بەڵکو ئامانجم نووسینی ئەزموونێکی نوێیە و نووسەر بۆی هەیە دەستکاری واقیع بکات و تێکەڵی خەیاڵی بکات.. بۆ ئەمەش هەوڵێکی باشی داوە و کۆمەڵێ کارەکتەری خەیاڵی ئەفراندووە وەک سیامەند و بایز ئاغای برای کە پاشی ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون بۆ بەشی باشووری کوردستان و لە هەولێر نیشتەجێ بوونە، پاشان بۆ ئەمانە کۆمەڵێ ڕووداوی دروستکردووە بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەو ڕووداوانەوە واقیعی ژیانی کورد لەپێش و پاش ڕاپەڕین وێنە بکێشێ و بیخاتە بەر چاوی خوێنەران.
ئەم دەقە لەڕووی شێواز و ناوەرۆکەوە دەچێتە خانەی ڕۆمانی ڕیالیزمی ڕەخنەییەوە، چونکە تەنیا لایەنە تاریکەکانی ژیان و واقیعی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پاش ڕاپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەریمی کوردستان دەخاتە ڕوو، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ لایەنێکی ڕووناکی ژیان لەم هەرێمەدا بکات. نووسەر باسی گەندەڵی و بێ مووچەیی ، کەم مووچەیی و داڕووخانی ژیانی تاکەکانی ئەم وەڵاتە دەکات. لە زاری کویرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە بەربرسانی ئەم وڵاتە پارە و سامان بۆ خۆیان دەبەن و خەریکی سەفەر و کەیف و سەفای خۆیانن لە ناو ڤێلاکانیاندا و میللەتیان پشتگوێخستووە. کاتێ کوێرە ڕەخنە لەو واقیعە دەگرێ، لەسەر ئەو هەڵوێستە دەیگرن و ناچاری دەکەن بەڵێنامە پڕ بکاتەوە کە جارێکی دیکە ئەو قسانە دووبارە نەکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە چەند ڕووداوێکی واقیعیی سەردەمی حوکمی بەعس وەک خۆی کە لە ڕاستیدا ڕوویانداوە هێناوەتە ناو تەونی گێڕانەوەکەوە وەک سەربڕینی خەڵکی هەژار و بێ پەنا لەلایەن مەفرزە تایبەتەکانی سەر بە دایرەی ئەمن و فرۆشتنی کەللەسەریان
بە دایرەی ئەمنی بەعس بەرانبەر پارە و خەڵاتی تایبەتی وەک فرۆشتنی کەللەسەری شێتێکی شاری هەولێر کە بە (بەرخۆکە) ناسرابوو، یان فرۆشتنی کەللەسەری مەلاکەی مزگەوتی جووت منارە. لە هەمان کاتدا فرۆشتنی کەللەسەری دوو کارەکتەری وێناکراو کەیەکەمیان (بایز ئاغا)ی برای سیامەندە کوێرە و ئەوی دیکەیان کەللەسەری جەماڵە کەڕە.
لەڕێی ئەو ڕووداونەوە نووسەر خوازتوویەتی ڕەخنەی تووند لە دەسەڵاتی خوێنڕێژی بەعس بگرێ کە هەموو شێوازێکی بەکارهێناوە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی باشووری کوردستان. بە پیشاندانی ئەو دوو دیمەنەی ژیان لە و دوو سەردەمە جیاوازەدا نووسەر ویستوویەتی ئەو پەیامە بە خوێنەر بگەیەنێت کە کورد لە هەردوو سەردەمەکەدا ستەمی لێکراوە، ئەگەرچی بۆ بەدەستهێانی ئازادی قوربانییەکی زۆری داوە تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی نامووسیشی کردووەتە قوربانی. بۆ باسکرنی ئەمەش هاوژینی کوێرە و مەهابادی کچی دەکاتە نموونە کە لە زیندانی بەعسدا دەستدرێژی کراوەتە سەر نامووسیان و پاشان هاوژینەکەی کوێرە لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید بووە و مەهابادی کچیشی لە شەرمدا خۆی خنکاندووە، کەچی هەردوو حزبەکەی دەسەڵاتی هەریم ئەم هەموو قوربانیدانەیان لە بیر کردووە و لە سەر سامان و دەسەڵات بەشەڕ هاتوون و بوونەتە دوو بەرەی دژ بەیەک و لەو دوو بەرەیەشدا برا برای خۆی کوشتووە وەک چۆن سامان لە ڕیزی دەستەی گوللەباران کردنی دیلەکانی شەڕی کەپکی حەمەد ئاغا تەقە لە ئاواتی برای دەکات کە یەکێک بوو لەو دیلانە.
خاڵی لاوازی بنیاتی گێڕانەوە لەم دەقەدا زۆرن، هەندێکیان لێرەدا بەنموونە دەخەینە بەرچاو:
١ـ سابیر ڕەشید یەکەمجار کوێرە دەیبینێ و بەدوای دەکەوێ بۆ ئەوەی بزانێ ماڵیان لە کوێیە، کە کوێرە دەگاتە پێش ماڵ یەکسەر دەزانێ ئەو خانووە موڵکی ئەوە لەکاتێکدا پێشتر ئەوی نەناسیوە و هیچ زانیارییەکی لەبارەوە نەبووە.
٢ـ کاتێ سابیر ڕەشید دەیەوێ ببێتە هاوماڵی کوێرە و دەگاتە پێش ماڵیان، لەو کاتەدا تەقەیەکی زۆر دەبیسترێ و ئەمیش ڕاستەوخۆ خۆی بە ژووردا دەکات و کچێ دەبینێ و دەزانێ کچەکەی کوێرەیە و ناوی شانازە بێ ئەوەی پێشتر بیناسێ یان کەسێک لەم بارەیەوە زنیاری پێدابێت.
٣ـ کاتێ دیلەکانی شەڕی کەپکی حەمەد ئاغا کە سەر بە حزبی ڕەنگ پەمەیین، گوللەباران دەکرێن و یەکێک لەوانە ئاواتی کوڕی کوێرەیە، بەکوژراوی لەو شوێنە جێدەهێڵرێن، ئاوات بە سووکی بریندار دەبێ و شەو هەڵدێ. ئەوەی زانراوە پاش گوللە باران کردن، دەستەی گوللە بارانکردنەکە یان سەرپەرشتکاری پرۆسەکە دەچێتە سەر یەک بە یەکی ئەوانە و سەرو یەک فیشەک دنێت بە سەریانەوە کە پێی دەگوترێ گوللەی بەزەیی بۆ ئەوەی بریندارەکان زوو بمرن و ئازار نەکێشن و لە هەمان کاتدا لە مردنیان دڵنیا دەبن، کەچی لێرەدا نووسەر ئەمەی نەزانیوە، یان ویستوویەتی بەم شێوەیە درێژە بە گێڕانەوەکە بدات. هەروەها هەر کۆمەڵەکەسێ بەو جۆرە بکوژرێن، بێ دواکەوتن گۆڕێکی بەکۆمەڵیان بۆ لێدەدەن و بەخاکیان دەسپێرن، کەچی نووسەر دەرکی بەمەش نەکردووە و وای دانەوە کە لاشەی کوژراوەکانیان لەو شوێنە بەجێهێشتووە. ئەمەش هەرگیز ڕوونادات تەنیا لە شەڕی بەرەیی فرەوانی نێوان هێزی دوو دەوڵەتی وەک ئێران و عێراقدا نەبێ کە هێزی شکەست خواردوو تەرمی کوژراوەکانی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا جێدەهێڵێ.
٤ـ پێم سەیرە نووسەر پەی بەوە نەبردووە کەسێکی بریندار چۆن دەتوانێ ماوەیەکی زۆر بێ نان و بێ دەرمان و بێ ئاو و بەترس و تۆقانەوە ئەوەندە بەرگەی ڕێ بگرێ و پاشان توانای ئەوەی هەبێت بە تەیەموم نوێژی مەغریب بکات و دەمەوبەیانی لە سەر کانییەکی نزیک گوندێک پەڕۆ خوێناوییەکانی فڕێ بدات و برینەکانی بە تیلمە پەڕۆی دیکە ببەستێ و هەر لەوێ نوێژی بەیانی بکات.
٥ـ کاتێ ژیندای کچی سابیر ڕەشید سەیارەیەکی تەکسی لێی دەدات و بۆ چارەسەری ناچارن بیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کە ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، ئەوە ڕوون نەکراوەتەوە کە نەشتەرگەری بۆ کوێی ئەو منداڵە کراوە. لە کاتێکدا ڕۆمان هونەری وردەکارییەکانە و پێویستە ئەم جۆرە کەلێنەی تێ نەکەوێت.
٦ـ نووسەر ناوی ئەو گوندە و ئەو شارۆچکە و نەخۆشخانەیەی ئاشکرا نەکردووە کە ئازادی برینپێچ و دکتۆر سەردار لەوێ ژیاون یان کاریان کردووە و چارەسەری برینەکانی ئاواتیان کردووە؟. لە کاتێکدا ئەمە ڕۆشنایی زیاتر دەخاتە سەر ڕووداو و هەڵوێستەکان و لە ڕۆمانێکی ڕیالیزمی ڕەخنەییدا بایەخێکی زۆری هەیە.
٧ـ بە بڕوای من لاپەڕە ١٦٥ تا لاپەڕە ١٨٥ کە دوا بەشی ڕۆمانەکەیە و ناوی (کوێرە)ی لێنراوە هەمووی زیادەیە و تەنیا بۆ ئەوە گوتراوە کە ڕاستەوخۆ گوزارشت لە بیر و هزری ڕۆماننووسی دەرەکی بکات، هەروەها بۆ ئەوەیە کە بیسەلمێنێ سیامەند کەسێکی وشیار و چاوکراوەیە.
٨ـ بێجگە لە هەڵەی ڕێنووس و هەڵەی زمانی، دەبینین نووسەر کۆمەڵێ وشەی سەر بە دیالێکتی کرمانجی سەروو خستووەتە سەر زاری کارەکتەرەکان کە هەموویان سەر بە زاری کرمانجیی خواروون یان هەر بەو زارە دەدوێن، جگە لە جەماڵە کەڕ کە خەڵکی گوندی (کانی بێلاف) ی سەر بە ناوچەی بەرواری باڵابووە، و لەناو دەقەکەدا تەنانەت یەک قسەی بە زاری کرمانجی نەکردووە بۆ ئەوەی ناسنامەی زاری ناوچەیی ئەم کارەکتەرە لە ڕۆمانەکەدا بناسرێتەوە و ببێتە هۆکاری دروستبوونی دیاردەی فرە زمانی لە دەقەکەدا.
٩ـ ئەگەرچی نووسەر خوازیاربووە ڕۆمانێکی نوێ بنووسێ، بەڵام نەیتوانیوە سنووری ڕۆمانی نەریتی تێپەڕێنێ و لە چوارچێوەی لاسایی کردنەوەی واقیعدا وێنەیەکی هاوشێوەی ئەو واقیعەی پێشکەش کردووین و تەنیا لە یەک ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە تەواوی دەقەکەی دامەزراندووە و دەرفەتی بۆ فرە دەنگی و لێکدانەوەی جیاواز نەهێشتووەتەوە، بێجگە لەوە هەوڵی نەداوە سوود لە تەکنیکە نوێیەکانی ڕۆمان وەربکرێ.
١٠ـ لەم ڕۆمانەدا ئەوە باس نەکراوە کە کوێرە خوێندەوارە یان چ قۆناغێکی خوێندنی تەواو کردووە پێش ئەوەی چاوەکانی لەدەست بدات، کەچی نووسینی ڕۆمانێکی جوان و سەرنجڕاکێش، بە کارێکی گرنگ دەزانێ بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەدەبی میللەت و بە خەرمانێکی دەزانێ کە خرابێتە سەر خەباتی ڕۆشنبیریی و پێشمەرگایەتیی خۆی. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کوێرە چی لە ڕۆمان دەزانێ بۆ ئەوەی ئەوەندە بە بایەخەوە لەنووسینی ئەم جۆرە ئەدەبە بڕوانێت؟ لە کاتێکدا لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە پێشمەرگە بووە تا ئەو کاتەی لە شۆڕشی ئەیلوول چاوەکانی لەدەستداوە و لەو ماوەیەشدا ئەوە باس نەکراوە کە ئەم کارەکتەرە ڕۆژێ لە ڕۆژان بایەخی بە ئەدەب دابێت یان تەنیا پەرتووکێکی ئەدەبی خوێندبێتەوە.
١١- ساتمەیەکی گرنگی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە کە نووسەر لە زاری (خەلیل) ناوێک کە دراوسێی ماڵی ئاسۆی کوڕی کوێرەیە لە گەڕەکی تەعجیل و هاتوچۆی ماڵی کوێرەش دەکات کە لەم دەقەدا نازانرێ لە چ گەڕەکێکە، بە کوێرە دەڵێ ئاسۆی کوڕت ژنەکەی تەڵاق داوە و بەدوو منداڵەوە گەڕاندوویەتییەوە بۆ ماڵی باوکی(بڕوانە: ل١٣٩)، کەچی هەر لەزاری هەمان کارەکتەرەوە لە لاپەڕە (١٤٠ـ ١٤٢) ئەوە گێڕدراوەتەوە کە بەهاری ژنی ئاسۆ دەستی لەگەڵ دوکاندارێکی بازاڕی لەنگەدا تێکەڵ کردووە و پاشان ئاسۆ ئەو پیاوە بەڕووتی لەگەڵ ژنەکەی دەگرێ و پاش لێدانێکی باش هەواڵ بۆ ماڵی خەزووری دەنێرێ و ئەوانیش بە چاوی خۆیان ئەو ئابڕووچوونە دەبینن و پیاوەکە تەسلیمی پۆلیس دەکەن و بەهاریش دەبەن لە دەرەوەی شار دەیکوژن و بە خاکی دەسپێرن. من پێم سەیرە چۆن ڕۆماننووس ڕووداو دروست دەکات و بەدوادا چوون بۆ ئەنجامەکانی ناکات…؟! ئەگەر پیاوەکە درابێتە دەستی پۆلیس ئەی چۆن پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ڕووداوە نەکراوەتەوە بۆ ئەوەی بزانرێ چارەنووسی بەهار بەچی گەیشتووە؟.یان بۆ ئەوەی لە ڕاستی ڕووداوەکە بکۆڵنەوە؟.
١٢ـ لە سەرەتای ڕۆمانەوەکەوە تا دەگاتە لاپەڕە( ١٧٥) نازانین کوێرە چ جۆرە کارێک دەکات، پاشان لەو لاپەڕەیەدا ڕۆماننووسی ناوەکی ئەوە ئاشکرا دەکات کە کوێرە پاش بەربوونی لە زیندانی جلک ڕەشەکان دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی کە ئەویش چاک کردنەوەی سەعاتە. وادیارە نووسەر بە وردی بیری لە چۆنێتی هەڵبژاردنی پیشەی کوێرە نەکردووەتەوە ئەگینا ئەم پیشەیەی بۆهەڵنەدەبژارد، چونکە کارێکی زۆر وردە و کەسێکی چاوکز پێی ناکرێ چ جا کەسێکی نابینا کە بە بوردومانی فڕۆکە لە شەڕی چیای سەفیندا چاوەکانی لە دەست دابێت.
بریا کاتێ ڕۆمانووسی کورد دەقی ڕۆمانێک دەنووسێ پێش هەموو شتێک لە دەفتەڕێکدا هێڵە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەی تۆمار بکات و کۆمەڵێ زانیاری بنەڕەتی لە بارەی کارەکتەر و ڕووداو، و شوێنی ڕووداوەکان بنووسێ بۆ ئەوەی تووشی هەڵە و ساتمەی گێڕانەوە نەبێت کە لە زۆر ڕۆمانی کوردیدا بەرچاومان کەوتووە. لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم وتارە لە بەهای ماندووبوونی هاوڕێی ئازیزم سابیر ڕەشید کەم ناکاتەوە بە ئەندازەی ئەوەی ڕێ پیشاندانێکە بۆ ئەوەی لە بەرهەمەکانی داهاتوویدا سوودیان لێوەربگرێ و دەقی باشتر و پڕ چێژترمان پێشکەش بکات.