
خەبات- تریفە ئازاد
د. گۆڤەند شێروانی پسپۆڕی بواری نەوت و وزە لەبارەی سەردانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریکا و ئیمزاکردنی گرێبەستێكی گرنگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و كۆمپانیا ئەمەریکاییەكان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئەو دوو گرێبەستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان واژوو کرا لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکا، زۆر بە گرینگ هەژمار دەکرێت، لەبەر چەند هۆکارێک، چونكە ئەوە گرێبەستێکی ستراتیژیی وەربەرهێنانە لە گازی سرووشتی، کە گرنگییەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت لە دوای کشانەوە یاخود کەمبوونی هەناردەکردنی گازی سرووشتی، واتا لەسەر ئاستی جیهانیشەوە پێگەی خۆی دەبێت و خاڵێكی تریش گرینگە، كە ئەم دوو گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیای تر، کە ئەوانیش ئەمەریکایین دەبێتە مایەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی لەگەڵ دەزگا ئەمەریکییەکان و کۆمپانیاکان و حکوومەتی ئەمەریکا.
د.گۆڤەند شێروانی گوتیشی: لە دوا لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشی لەم گرێبەستە دەكات و ئەمەش گرینگ دەبێت بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، خاڵێكی تری گرینگ لە وەبەرهێنانی گازی سرووشتی بۆ وەبەرهێنانی کوردستانە، چونکە دەبێتە ڕێگایەک بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەمەش لە ماوەیەکی نزیک، كە ڕەنگە لە ماوەی دوو تا سێ ساڵ، سەرجەم پێداویستیی وێستگەکانی کارەبا تەواو دەبێت و حکوومەتی هەرێم ئەو کاتە توانای دەبێت تەواوی پێداویستی کارەبا دابین بکات بۆ هاووڵاتییان، کە دەگاتە نزیکە 8000 مێگاوات، کە ئێستا تەنیا 4500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێت، بۆیە کە گەیشتە نزیکەی 8000 مێگاوات تەواوی پێداویستی هاووڵاتییان جێبەجێ دەکرێت، هەروەها بڕێکی زیاد دەمێنێتەوە بۆ کەرتی پیشەسازی وەک کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن، کە ژمارەیەکی زۆر كارگەمان هەیە لەناو هەرێمی کوردستان.
د. گۆڤەند شێروانی ئەوەشی خستەڕوو: بەهۆی گرینگی ئەم دوو گرێبەستە، کە گرێبەستی ستراتیژین، تێچووی هەردوو گرێبەستەکە پتر لە دهیان ملیار دۆلارە، بۆیە سەرۆکی حکوومەت ڕێزدار مەسرور بارزانی خۆی سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمی واژووکردنی ئەم گرێبەستەی كرد.