عارف ڕوشدی
نەخوێندەوار، ئەو کەسانەن بە هەر هۆکارێک بێت، ژیان دەرفەتی پێنەداون و توانای خوێندن و نووسینیان بۆ نەڕەخساوە، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی نەخوێندەواربن (نەزان)ـبـن، بەڵکو دەشێ زۆرینەیان زانا و هۆشیار و هەستیار و بەئاگابن لە كاروانی ژیان و ڕووداوەکانی، دەشێ نەخوێندەوار خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەندی زانین و تێگەیشتن بێت، دەشێ نەخوێندەوار لە ئاستی پرسەکانی نەتەوە و نیشتیمان و کۆمەڵگادا هەڵوێستی جوامێرانەیان هەبێت، زۆر زانامان هەیە كە نەخوێندەواربوون، بەڵام بەهیچ شێوە و هۆکارێک نەبوونە کەواسووری بەر لەشکری نەیاران، بە پێچەوانەوە کەسانێک هەن لە پلە و پێگەی جیاواز و خاوەن بڕوانامەی ئەكادیمی و خوێندەواریشن، كە بوونە دەمڕاستی دوژمن و نەیارانی نەتەوەی كورد، تەنانەت هەندێکیان خۆیان بە نووسەر، ڕاگەیاندنکار، چالاکوان یان سیاسەتووان لە قەڵەم دەدەن و لە واقیعیشدا نەزان و نەخوێندەواری ڕاستەقینە ئەوانن.
نەزان كەسانێكن لە بیركردنەوەو كرداردا نەزانن، تەنیا لە قەپێلكی خودپەرستی و ڕەشبینیدا دەژین و لەڕاستیدا جەستەیەكی بێ گیانن، بێ توانا و ناكارا و بێ سوودن، پابەندنین بە خواست و ویستی گەل و نەتەوەكەیان، خواستی ڕاستەقینەی ئازادییان نییە و هەمیشە خوازیاری بێگانەپەرستی و حەزی پاشكۆیەتییان هەیە، لە ئاست جوانی و پێشكەوتنەكانی نەتەوەكەیان نابینان و پرسی گەل و نیشتیمان بەلایانەوە پرسێكی لاوەكییەو بۆیان گرنگ نییە نیشتیمان بەكوێ دەگات و ئاییندەی نەتەوەكەیان چی دەبێت.
لەنێوان نەزانی بڕوانامەدار و نەخوێندەواری بەئاگادا، جیاوازییەكی زۆر هەیە، نەزانی بڕوانامەدار تەڵخ دەبینێت و نەخوێندەواری بەئاگا ڕوون و گەشبینانە سەیری ئاییندە دەكات، نەزان ئەوانەن زۆر بەئاسانی لە ئاست پرسی گەل و نیشتیماندا یاخی و کولەوار و ملکەچ دەبن، زۆربەیان دەخزێنە نێو ژینگەی نالەباری بەرەی (دژەگەل) و چاوساغی نەیاران، تەنانەت ئەرکداریش دەکرێن بۆ دژایەتی نەتەوەو نیشتیمان، دەست لە چەواشەکاری و کارە قێزەونەکانی دوژمنی ستەمکار هەڵناگرن و پاساوی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ دەهێننەوە و پەردەپۆشیان دەكەن، كە لە ڕاستیدا ئەو نەزانانە لە خوودی نەیاران زیانبەخش و مەترسیدارترن، بەداخەوە لە کوردستانی خۆماندا ئەم جۆرە کەسە نەزانانە هەن و بوونەتە مەقاشی دەستی هەندێك لە كاربەدەست و بڕیاردەرانی ئەمڕۆی بەغدا، بەڵام سەدان و بگرە هەزاران نەخوێندەواری بەئاگا و خاوەن شەهامەت و نیشتیمانپەروەریشمان هەن، كە ئاییندە و قەدەری وڵات و نەتەوەكەیان بە هیچ شتێك ناگۆڕنەوەو هەرگیز ملكەچی خواست و چاوتێبڕینی دوژمن و نەیاران نابن.