خەبات: ساسان دەروێش:- خاتوو یادگار مەحموود سەبارەت بە گرنگیی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی کە لەم کاتوساتەدا مووچە کراوەتە کارتێکی سیاسی دژی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەندێ ناحەز و دڵڕەش لە بەغدا و لەناو هەرێمیش هەندێک دەهۆڵكوت و زوڕناژەن هیچ کاتێک چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، بەڵکوو هەمیشە لە پیلانگێڕیدان و شکستخواردوون بەرانبەر هێزی لەبننەهاتووی پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، کە هەمیشە بۆ کورد هەوڵەکانی چرکڕدووه‌تەوە و خزمەتی کوردستان دەکات و هەڵوێستەکانیشی بۆ کورد و کوردستان لە لووتکەی مێژوو دان.

خاتوو یادگار مەحموود ئه‌وه‌شی گوت: سەرۆک بارزانی، لە زۆر وێستگەی هەستیار و قەیراناویدا کە کورد و هەرێمی پیادا تێپەڕیوە هەمیشە بەڕێزیان لێدوان و پەیامیان هەڵوێستی پێویست و زادەی ئەو واقیع و دۆخە بوون، هەر بۆیە لێدوان و پەیامیان هەمیشە بۆ کورد جێگه‌ی هیوا و ئیرادە بوون، ئەمەش تایبه‌تمه‌ندی و سیفەتی سەرکردەی ڕاستەقینەیە. هەروەک گوێبیستی بەڕێزیان بووین نەک تەنیا لەبارەی مووچە و بودجەی هەرێم، بەڵکوو زۆر ڕاشکاوانە ئاماژەی دا کە بەو شێوەیەی بەغدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا دەکات مامەڵەیەکی دروست و لەسەر بنەمای سیسته‌می فیدڕاڵی نییە.

سەبارەت بە یەكگوتاری لایەنە سیاسییەكان بۆ مامەڵەی نادەستووری عێراق لەگەڵ هەرێم، خاتوو یادگار مەحموود گووتی: هەموومان لەبیرمانە کە جەنابی سەرۆک بارزانی داوای لێسەندنەوەی متمانەی لە نووری مالکی کرد، بەڵام هیچ هێزێکی سیاسی لەگەڵیدا نەبوو، ئەوە ئەو وێستگەیه‌یە کە چیدیكه‌ هیچ ئومێدێک نەما بۆ یەکگوتاری و بوونی ستراتیژیی هاوبەشی کورد، سەرەتایەک بوو کە ئەمڕۆ گەیشتین بەو دەرئەنجامەکە وەک جەنابیان ئاماژەیان پێدا، ئایا فیدڕاڵی ماوە، بە ڕاشکاوانە پێمان بڵێن، بەڵێ حەزی گەڕانەوەی بەغدا بۆ سیسته‌می ناوەند و بوونی هەڵوێستی دژ بە بەرژەوەندیی کورد لەلایەن لایەنەکانی ناو کوردستان، بەغدا توانی لە ئەرزی واقیعدا لە دەرەوەی سیسته‌می فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بکات.