خهبات: پەری محهمەد:- جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت، داواکارین ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکرێتە پێوەر و کام لایەن لە هەڵبژاردن توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەو لایەنە مافی بەشداریی حکوومەتی هەبێت. قههوهچی ئهوهشی ئاشكرا كرد كه ڕەوشی پێکهاتەکان لە کوردستان زۆرباشە و گیانی لێبووردەیی و یەکتر قەبووڵکردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان بەهێز و پتەوە.
مونا نهبی قههوەچی جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان تایبەت بە ڕۆژنامەی خەباتی ڕاگهیاند: لە هەرێمی کوردستان بە یاسا مافەکانمان دەقنووس کراوە، ڕەوشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئاستێکی بەرز دایە، پێکهاتەکان زۆر بە ئازادانە دەتوانن گوزارشت لە بیر و بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان بکەن، هەروەها بەشدارییەکی کارایان لە کۆی پرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا هەیە، ههروهها ڕەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشە و گیانی لێبووردەیی و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان بەهێز و پتەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان دهشڵێت: کابینەی نۆیەم بایەخێکی زۆری داوە بە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان، دوو وەزیر سەر بە پێکهاتەکان بوون، هەروەها لە پەرلەمان بۆ یەکەمین جار لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەشداری بە پێکهاتەکان کرد، چەندین پرۆژهیاسا لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکان لە پەرلەمان دەرچوێندرا، هەروەها لە پرۆژەکانی حکوومەتیش هەمیشە ماف و پێداویستییەکانی پێکهاتەکان لەبەرچاو گیراوە و هەوڵی باشیش دراوە لە هەموو سێکتەرەکان بەشداری بە پێکهاتەکان بکرێت و بۆچوون و پێشنیاری خۆیان هەبێت، دەتوانین بڵێین لە کابینەی نۆیەم کاری زۆر باش بۆ خزمەتکردنی پێکهاتەکان کراوە.
قههوەچی ئهوهشی ڕوون كردهوه كه دەرفەتی هاتنەپێش و بەشدارییان لە بڕیاردان و حکومڕانی بۆ ڕەخسێندراوە و ئەمەش بێگومان ڕەنگدانەوەی لە پتەوکردنی پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی زیاتری ماف و ئیمتیازاتەکانی پێکهاتەکان کردووە و ئێستا پێکهاتەکان خۆیان خاوەنی بڕیار و سیاسەتی خۆیانن و وهكوو لایەنێکی سەرەکیی هەرێمی کوردستان بەشدارن لە سیاسەت و حکومڕانیی هەرێمی کوردستان.









