ئەڤین ئەبابەكر ئەحمەد
تەندروستی دەروونی یەكێكە لە پایە گرنگەكانی ژیانی هەموو مرۆڤێك، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر كوالێتی ژیان و تواناكانی تاك هەیە، لە كوردستاندا ئەم بابەتە بە هۆكاری كولتووری، كۆمەڵایەتی و ئابووری دوو هێندە بۆ ئافرەتانی كوردستان گرنگە. ئەم جۆرە تەندروستییە دەروونییەش زۆرجار پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە فشارە كۆمەڵایەتی و خێزانی و تەنانەت ئابوورییەوە هەیە، دەتوانێت كاریگەری قوڵ و درێژخایەن لەسەر ژیانی ئافرەتان هەبێت.
لە زۆر شوێنی كوردستان بە تایبەت لە كۆمەڵگە نەریتییەكان، ئافرەتان لە ژێر گوشارێكی زۆردان بۆ ئەوەی هەندێك ڕۆڵ ببینن، لەوانەش چاوەڕوانییەكانی خێزان بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانی ماڵەوە، چاودێریكردنی منداڵان و پابەندبوون بە نۆرمە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم بابەتانە دەتوانن هەستكردن بە سنوورداركردن و نەبوونی ئازادی لە ئافرەتدا دروست بكەن و ببنە هۆی دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و تەنانەت هەستكردن بە بێ بەهایی. جگە لەوەش زۆرێك لە پێكهاتە كوردنشینەكاندا باسكردن لە بابەتی تەندروستی دەروونی هێشتا بە تابو دادەنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەتان لەبڕی ئەوەی داوای یارمەتی و چارەسەر بكەن، بە تەنیا لەگەڵ كێشەكانیاندا ململانێ بكەن، نەبوونی سەرچاوەی پێویست بۆ ڕاوێژكاری دەروونی و نەبوونی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە گرنگی تەندروستی دەروونی، دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات.
كاریگەرییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان: ئافرەتان لە كوردستاندا و بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەكان بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی ئابووری و نەبونی هەلی خوێندن و دەسكەوتنی پیشە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستكردن بە ناڕازیبوون و نەتوانینی پێشكەوتنی كەسی كە ئافرەت هەست بكات مەبەستیان تەنها لە ژیاندا پاراستنی بنەماڵە و پەیڕەوكردنی ڕۆڵی تەقلیدی بێت، ئەم سنوورداركردنانە دەبنە هۆی نەبوونی متمانە بە خۆیان و خەمۆكی.
گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی ئافرەتان: بۆ باشتركردنی ئەم حاڵەتە لە كوردستان، گۆڕانكاری بنەڕەتی لە ئاستی كۆمەڵایەتی، كولتووری و تەنانەت سیاسەتی حكومەتیش پێویستە، هەنگاوی گرنگ بریتییە لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە گرنگی تەندروستی دەروونی و هاندانی گفتوگۆی كراوە سەبارەت بەو بابەتە، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری و چارەسەری دەروونی بۆ ئافرەتان، ئاسانكاری بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی داوای یارمەتی بكەن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن، جگە لەم ڕێوشوێنانە، فێركردنی كارامەییەكانی ژیان و باشتركردنی باری ئابووریی ئافرەتان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزكردنەوەی متمانە بەخۆبوونیان و باشتركردنی باری دەروونییان، حكومەت و ڕێكخراوە ناحكومییەكان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و دەروونی بە دابینكردنی بەرنامەی پشتیوانی و هەلی كار. بە ڕەچاوكردنی ئەو خاڵانە، تەنیا ئەو كاتە ئافرەتان دەتوانن ژیانێكی خۆشتر و تەندروستتر بژین و تواناكانیان بە كامڵی بخەنەگڕ.