خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەندی دیاری نێو بواری نواندن و کۆمیدیا ئیبراهیم حەکیم، هونەرمەندێکی دیاری بواری سینەما و شانۆیە، دوای ئەزموونی پەنجا ساڵ کارکردنی لە بواری هونەردا لەوەڵامی پرسیارێک بۆ ڕۆژنامەی خەبات دەربارەی جیاوازی شانۆکاران و هونەری شانۆ لە ساڵانی هەشتاکان و ئێستادا لە چیدایە؟ لەوەڵامدا گوتی: جیاوازییەکی زۆر زۆری هەیە و بە حیساب نایەت، شانۆکارانی جاران لە پێناو نیشتماندا هەڵگری پەیامێکی هونەری و نیشتمانپەروەری بوون، بۆیە تا ئێستاش کارەکانیان لە بیر و هزری خەڵک ناچێتەوە، کەچی ئێستا بە پێچەوانەوە بەهۆی نەبوونی هیچ پەیامێکی هونەری و نیشتمانی لە ئێستادا ئەگەرچی شانۆکاری زۆر باشیشمان هەیە بەڵام شانۆیەکی مردوومان هەیە واتا لە ئێستادا شانۆ مردووە.
دواتر سەبارەت بەکار و پڕۆژەی نوێی لێمان پرسی لە ئێستادا خەریکی چیت؟ بۆ ئەو وەڵامەش گوتی: هونەرمەند ئەگەرچی بەتەمەنیش دابچێت، بەڵام بەهرەکانی نامرێت، منیش لە ئێستادا بەشداریم کردووە لە فیلمێکی سینەمایی بە ناوی (پەرەس هێلکە) لە سیناریۆ و دەرهێنانی کارۆخی کوڕمە، منیش ڕۆڵی سەرەکی دەبینم لەم کارەدا بەو هیوایەم لە ماوەیەکی نزیکدا لەسەر شاشەی سینەماکانی کوردستان یەکتر ببینینەوە دووبارە بە بینەرانم شاد ببمەوە.