شێوەكار كانی مەحموود
خەبات: حەمید سورچی:- هونەرمەندی شێوەکار کانی مەحمود، لەدایکبووی شاری سلێمانیە، لە بارەی چۆنییەتی ئاوێتەبوونی لەگەڵ هونەری شێوەکاریدا، لەدیمانەیەکدا بۆ خەبات گوتی: هەر لە زووەوە خولیای وێنەکێشان بووم، جیا لەمنداڵانی دیکە بەردەوام قەڵەم بۆیەم بەدەستەوە بووەو سەرقاڵی وێنەکێشان بووم.
هەتا قۆناغی ئامادەییم تەواوکرد بەردەوام بووم، ئارەزووم بوو بچم بۆ کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی شێوەکاری، بەڵام چارەنووس نەبوو نەگەیشتم بەو بەشە، ئەمەش هۆکارێک بوو تا داببڕێم لەو خولیایەی بۆ وێنە کێشان و ماوەیەکی زۆر دابڕام لێی، بەڵام لەساڵانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید، کاتێک لەماڵەوە بووین، هەستم کرد بۆشاییەک لەمندا هەیە و دەمێکە پەراوێزم خستووە، ئەویش ئەوخولیایەم بوو کە ماوەیەکی زۆر وەلام نابوو، بۆیە بڕیارم دا دووبارە دەست بکەمەوە بە کاری هونەری وێنەکێشان و سوپاس بۆخوای گەورە تا ئێستا توانیومە لەچەندین پێشانگەی هاوبەش بەشدار بم، پار ساڵیش یەکەم پێشانگەی تایبەتی خۆمم کردەوە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی تاچەند کۆلیژ و پەیمانگەی هونەرەجوانەکان دەتوانن هونەرمەندی شێوەکاری و کایەکانی دیکەی هونەری بەرهەم بێنن، بەبێ ئەوەی خودی کەسەکە بەهرەیەکی هونەری تێدا بەرجەستە بووبێت؟ بۆ ئەمەش گوتی: هونەر بەهەرەیەکی ڕوحییە و زۆر جار کەسەکان بێ ئەوەی هیچ پەیمانگە و زانکۆی سەر بەهونەری بخوێنن ئاستێکی زۆر باڵایان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان پەیمانگە و کۆلێژی هونەری دەتوانن تاکە بەهرەمەندەکان زیاتر بەرەو پێش ببەن.
دواتر لێمان پرسی هونەری شێوەکاری لە کوردستان لە چ ئاستێکدا دەبینی؟ لە وەڵامدا گوتی: دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ هونەری وێنەکێشان لەکوردستان لەئاستێکی زۆر زۆر باشدایە، ژمارەیەکی باش هونەرمەندی ئاست بەرزمان هەیە کە کارەکانیان دەگەنە ئاست کاری هەندێک لەوێنەکێشە بەناوبانگە بیانییەکان، بەڵام بەداخەوە لەم کاتەی ئێستا گرنگیدان بە هونەر و لەناویاندا کاری شێوەکاری و هونەرمەندان لەئاستێکی باشدا نییە. زیاتر گوتی: زۆرێک لەو هونەرمەندە دەستڕەنگینانە بوارێکی وایان بۆ نەڕەخساوە بتوانن بگەنە ئەو ئاستە بەرزەی خەونی پێوە دەبینن، نە لەڕووی ماددی و نە لەڕووی مەعنەوی، لەبەرئەوەی کاری هونەریش لێرە بەدەر نییە لە دەست تێوەردانی خزمایەتی و حزبایەتی و …، هەندێکیان بەو ناونیشانانە توانیویانە بەهۆی ئەوانەی گوتم کارئاسانی بۆ خۆیان بکەن و ناوبانگ بۆ خۆیان پەیدابکەن. بەڵام هونەرمەندێک ئەگەر بەدووربێ لەوانە بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بگات بەوانەی پێشتر لەو ڕێگەیەوە پێی گەیشتووە.
لە کۆتاییشدا ئەم شێوەکارە گوتی: پەیامی من بۆ هەموو تاکێک ئەوەیە هەوڵبدەن ئەو بەهرە شاراوەیەی ناخیان بدۆزنەوە تا بتوانن پەرەی پێبدەن، هەم بۆ ئاسوودەیی ڕوحی خۆیان هەم بۆ ئەوەی بتوانن ئەگەر بە کارێکی بچووکیش بێت خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیان بکەن، بە ئومێدم لە کوردستان زیاتر گرنگی بە هونەرمەند بدرێت و کارەکانیان هەرجۆرێک و لە هەر ئاستێکدا بێت بەرز بنرخێنرێت.