خەبات: سەرهەنگ:- بەهائاهەنگی یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی عێراق- لقی هەولێر، خولی راهێنەرایەتی C ئاسیایی بۆ ڕاهێنەران سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، خولەکە ماوەی 15 رۆژی خایاند و 24 ڕاهێنەر بەشدارییان تێدا کردبوو، رۆژانەش وانەکان بەشێوەی تیۆری و کرداری لە لایەن وانەبێژی ناسراوی ئاسیایی وەمیز منیر، دەگوترایەوە.

ئیدریس محەمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی عێراق- لقی هەولێر لەبارەی سازدان و رێکخستنی خولەکە بۆ خەبات ڕایگەیاند: کردنەوەی خولی ڕاهێنەرایەتی C بۆ ڕاهێنەرانی سەرجەم شارەکانی کوردستان، لەم کات و ساتەدا زۆر سوودی باشی هەبوو لەهەموو ڕوویەکەوە، بەسوپاسەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش و یانەی وەرزشی هەولێر، زۆر هاوکارمان بوون لە دابینکردنی هۆڵی تایبەت و یاریگە، سەبارەت بەئەنجامدان و بەڕێوەبردنی خولەکەش، خۆشبەختانە هەمووان توانییان لەو ماوەیەدا زۆرترین کردار بە تیۆری و پراکتیکی فێربن، بەتایبەتی چۆنیەتی ڕاهێنان لەسەر بەرنامەو پلانەکانی ڕاهێنەر لەسەر ئامێری تایبەت بە ئایپات و کۆمپیتەر، رۆژانەش 6 کاتژمێر بەکاتی بەیانیان و ئێواران وانەی خولەکان بۆ بەشداربووان دەگوترایەوە.

دواتر ئیدریس محەمەد زیاتر گوتی: لە کۆتاییدا بڕوانامەی بەشداربوو بەسەر ڕاهێنەرەکان دابەشکرا، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو بڕوانامەی ڕاهێنەرایەتی C ئاسیایی لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەدەستمان بگات و بەسەر بەشداربووانی خولەکە دابەش بکەین.