عەمەر هەرگوشی
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە چەند ڕۆژێک ڕایگەیاند کە پەکەکە چەک دادەنێ و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمە و پەکەکە لە کۆنگرەی خۆیدا کە زیاتر لە چل سەرکردەی دیاریان بەشداربوون، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیان ئاراستەی سەرۆکی زیندانیکراویان بەڕێز ئۆجەلان کرد. ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ڕەوشی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا و پارچەکانی کوردستان دەبێ، ئیتر هەردوولا بە باوەڕێک گەیشتن کە بە پەنجا ساڵ یەکتر کوشتن و لەناوبردن نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بێنن، ڕەنگە بە ئاشتی و برایەتی و لێکتێگەیشتن بتوانن لەلایەک ئاسانتر ئامانجەکانیان بپێکن و لە لایەکی تر کۆتایی بەو خوێنڕشتنە بێنن کە هەموو زیانیان بەرکەوت و کەسیش قازانجی نەکرد.
جەنابی سەرۆک بارزانی ساڵانێکە لە هەوڵی ئەوەدایە ئاشتی بەرقەرار بکات و پەکەکە و دەوڵەتی تورک ئاشت بکاتەوە، بەڵام ناحەزانی کورد و دوژمنانی ئاشتی نەیانهێشت ئەم هەوڵانە لە ساڵانی ڕابردوودا سەر بگرن، دیارە ئەم جارە هەوڵەکانی جەنابی سەری گرت و بەریشی گرت و مزگێنی ئاشتی و برایەتی بە گەلی تورکیا و کوردستانییان دا، بەمەش تورکیا و کوردستان پێ دەنێنە قۆناغێکی تری برایەتی و هەماهەنگی لە پێناو ئاشتی و دۆستایەتی لەسەر بناغەی بەرژەوەندیی هاوبەشی دوو نەتەوەی تورک و کوردی دۆست و برا و، پێدەچێت کۆتایی بەو کاولکاری و وێرانییە بهێنرێت کە لە ئەنجامی شەڕەکان بەرپا بووە چ لە باکوور چ لە باشوور، ئەمەش مزگێنییەکی گەورەیە بۆ ئەو گوندانەی سەر سنوور کە دەیان ساڵە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئاوارە و دەربەدەر بوونە و لە ماڵ و موڵکی خۆیان بێبەش کراون و تا ئێستا باجی ئەو شەڕە سەپێنراو و ناڕەوایە دەدەن، دڵنیاین کاتێک پەکەکە چەکەکانی دادەنێت ئەوا ئەو گەریلایانەی لە باشووریشن کۆتایی بە بەکارهێنانی چەک دێنن و دەگەڕێنەوە تورکیا، بەمەش گەلی کوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی چەکی بێ مۆڵەت ڕزگاری دەبێت و هیچ بەهانەیەکیش بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە نامێنێت کە لە ئوپەراسیۆنەکانیان بەردەوام بن لە باشووری کوردستان. ئەمەش هاوکارییەکی چاکە بۆ گەڕانەوەی ئاشتی بۆ سەر سنوورەکان و ڕێزگرتن لە سنوورە هاوبەشەکان و ئاوەدانکردنەوەی گوندە کاولکراوەکان و گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ زێدی باب و باپیرانیان. هەموو گەلی کوردستان دۆعای خێر بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا دەکەن و، لە خوای گەورە دەپاڕێنەوە ببێتە هۆی بەختەوەری و سەرفرازی هەردوو نەتەوەی تورک و کورد و ئیتر گەلی کوردستانیش بە مافە نەتەوایەتییەکانی شاد بێت و هیچی تر کەس بەدەستی کەس نەکوژرێت.
ئومێد دەکەین هەرچی زووە بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بکرێت و درێژە بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی لە تورکیا بدات و لەسەر بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بەردەوام بێت. ئەم مزگێنییە لە هەموو ئاشتیخوازان و دۆستانی گەلەکەمان پیرۆز بێت کە پاش پەنجا ساڵ شەڕ و ماڵوێرانی لە کۆتا وێستگەدا پشوویەکی ناو ئاشتی و برایەتی بدەن و دەستی هەڤدوو بگرن و وڵات ئاوەدان بکەنەوە.