خه‌بات: مسلم دۆلەمەری:- 51 ساڵ لەمەوبەر ئافرەتی چاونەترس، ئازا، شۆڕشگێر و خەباتكاری كورد لەیلا قاسم بەهۆی كورد پەروەری و نیشتمان پەروەرییەكەی لەلایەن ڕژێمی گۆڕبەگۆری ئەوكاتی عێراق لەپێناو نەتەوە و نیشتمانەكەی لەبەردەم پەتی سێدارەی دوژمنان سەری دانەنەواند و شەهیدكرا، هەر بۆیە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بۆتە ڕۆژی چاونەترسی و سیمبولی ئازایەتی ئافرەتی كورد لەتەواوی كوردستان و بگرە جیهانیش. لەم یادەدا ژمارەیەك لە ئافرەتان بۆخەبات دەدوێن.

شاد ڕزگار شەهیدبوونی لەیلا قاسم بە سیمبولی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی ئافرەتی كورد دادەنێت ودەلێت: لەیلا قاسم سیمبوڵ و گەواهیدەری قوربانیدانی ئافرەتانی كوردە لە شۆڕشەكاندا، ڕێباز و خەباتەكەی توێشووی ڕێی دوور و درێژی خەباتی ئێمەیە و هەتاهەتایە بەشكۆوە لە گەردنماندا هەڵیدەواسین. بێگومان فۆرمی خەبات و تێكۆشانی بزووتنەوەی كوردایەتی لەهەر هەلومەرجێكدا تایبەتمەندییەكی هەبووە و گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەو وێستگەی خەباتی كوردایەتیدا لەپاڵ خەباتی چەكداریدا خەباتی نهێنی كراوە كە ئێجگار گرنگ بووە، شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێكانی، لەو خەباتە گرنگەدا ئاشكرابوون و دواجار بە سەری بەرزەوە چوونە بەردەم پەتی سێدارە، چۆن شانازی بە لەیلا قاسمەوه‌ناكەین،كە ئامادەبووە شەهید ببێت، به‌لام ئامادەنەبووە نامەیەكی لێبوردن بۆ دوژمن بنوسێت و ڕۆحی خۆی ڕزگاربكات و وتی من داوای لێبوردن لە میللەتی خۆم دەكەم. ئێمەی كورد هێشتا لە قۆناغی ڕاگوزەرداین، خەبات بە فۆرمێكی تر بەردەوامیی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی یەكجاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی، ئافرەتان ڕۆڵ و كاریگەریی گەورەیان لەم خەباتەشدا هەیە و جێپەنجەیان بە هەموو بوارەكانەوە دیارە، بەڵام هێشتا دەرفەتی تەواو نەدراوە، لەكاتێكدا ئێمە لەگەڵ ڕاپەڕاندنی ئەركە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانماندا، خەبات بۆ ئەوە دەكەین دەرفەتی یەكسانمان بۆ بڕەخسێندرێت، بۆ ئەوەی ڕۆڵ و كاریگەریی گەورەتر دابنێین، شەهید لەیلا قاسمیش لەپاڵ خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەكەمان، خەباتی بۆ هەمان مەبەست دەكرد.

ئێمە لە ژینگەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری تاڕادەیەك ئاڵۆزداین، لە ژینگە سیاسییەكەدا، كەسایەتیمان تیرۆر دەكرێت، لە ژینگە كۆمەڵایەتییەكەدا هۆشیاری و تێگەیشتنی قوڵ بۆ مافەكانمان نییە و سەدان ئافرەت بە بیانووی شەرەف كوژراون، دادگاكان هێشتا وەك پێویست سزای قورسی بكوژانی ئافرەت نادەن و بەشێك بە سوڵحی عەشایەری دەربازكراون و بەشێكی دیكەشیان سزای قورس نەدراون، لە ژینگە ئابوورییەكەشدا ئافرەتان بێ دەرەتانن و وەكو پێویست هەلی كاری شایستەیان بۆ نەڕەخسێندراوە تا لەوێوە ببنە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان، كە فاكتەرێكی بەهێزە بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی. سەرەڕای هەموو تێبینی و گازندەیەك، لەیلا قاسم ئاسا بەردەوامین و ئەم ڕێی خەباتە بەرنادەین تاوەكو ڕزگاری یەكجاری نەتەوەیی و نیشتیمانی، ئەركی ئێمە قورسترە لە پیاوان، ئێمە دایكین، ئەركی پەروەردەكردنی منداڵمان لە ئەستۆیە، بەڵام هیچ كاتێكیش لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكاندا كەمتەرخەمیی ناكەین، خەباتی بێوچان دەكەین بۆ ئەوەی پانتایی كاردكردنمان فراوانتر بكەین، ڕۆڵی زیاترمان دەوێت، دەمانەوێت هۆكارەكانی توندوتیژی كەم بكرێنەوە، تاوەكو ئاستی نەهێشتن، پێویستمان بەوەیە یاساكانی تایبەت بە ئافرەتان وەكو خۆیان جێبەجێبكرێن.

شاد ڕزگار
ڕێژین سیامەند
دلڤین شەماڵ

لەبارەی ئەم یادە دلڤین شەماڵ دەلێت: لە یادی 51 سالەی شەهیدكردنی لەیلا قاسم سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی بووكی كوردستان و تەواوی ئەو ئافرەتانەی كە گیانی خویان بەخت كردووە لە پێناو ئازادی وڵات سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریس هەمیشە لەیاد. لەیلا قاسم بۆتە سیمبولی بەرخودان و تێكوشان و هەڵبژاردنی سەربەستی و سەربەرزی بۆ وڵاتەكەی لە بەرامبەر دوژمنان و ناحەزانی ڕژێمی بەعس و ئێمەی ئافرەتانی كوردستان شانازی بە لەیلا و هاوشێوەكانی دەكەین كە لە پێناو نیشتمان تێدەكۆشن. لەیلا قاسم كچە چالاكوانێكی كورد بوو، خاوەن هەستێكی نشتیمانی و نەتەوەی و بنەماڵەیەكی كوردپەروەر بوو كە لە ١٢-٥-١٩٧٤ لە سێدارەدرا، لەیلا بوو بە یەكەم ئافرەتی شەهید لەمێژووی سیاسی عێراقیدا كە لە كاتی لە سێداردانی وتی: بە كوشتنی من هەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیاردەبنەوە، زۆر خوشحاڵ و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری كوردستان دەكەم.» لەیلا قاسم بۆیە بەم شێوەیە خەباتی كردووە، تاكو بیسەلمێنێت كە ئافرەتانیش دەتوانن لە پێناو نیشتیماندا خەبات بكەن و خۆێن بڕێژن.

ئافرەتی كورد لە مێژووی ڕزگاری خوازی گەلەكەماندا سەردەمی مێرنشینەكان و شورشی ئەیلۆل و ڕاپەرینی ١٩٩١ دوای ڕاپەرین قۆناغە یەك لە دوای یەكەكان ڕۆڵیان هەبووە خەباتیان لە پێناو ئازادی وڵات و ئارامی نشتیمان كردووە، بەڵام لە ئێستادا ئافرەتی كورد وەك پێویست بە قەد قۆربانیدانی خۆی بە مافەكانی نەگەیشتووە، پێویستە ئافرەتانی كورد گرنگی زیاتر بە تواناكانیان بدەن هاوكات لایەنی پەیوەندیداریش گرنگی زیاتر بە ئافرەتانی بەهێز و توانا و خاوەن بیرۆكەی نوێ بدەن و پشتیوانی زیاتریان لێبكرێ، چونكە ئافرەتانی كورد هەر بەرپرسیاریەتێكیان پێدرابێت توانیویانە بە جوانترین شێوە ئەنجامی بدەن.

ڕێژین سیامەند سەبارەت بەساڵڕۆژی لەسێدارەدانی شەهید لەیلا قاسم گوتی: لەیلا قاسم سەرمەشقی خەبات و ڕەمزی قوربانیدانی ئافرەتانی كوردە، لەیلا مردنی بەپێوە هەڵبژارد، بەڵام ئامادەنەبوو نامەیەك بۆ ئەحمەد حەسەن بەكر، سەرۆكی ئەوكاتی عێراق بنووسێت و ژیانی ڕزگاربكات، بۆیە ژیانی سەرچۆكی ڕەتكردەوە و لەسەرەتای بەهاری تەمەنیدا بەسەربەرزییەوە ڕۆیشتە بەردەم پەتی سێدارە و سەرمەشقێتی كاروانەكەی ڕادەستی سەدان هەزار تێكۆشەری دیكەی كرد. دوای لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، دوژمن بە خەیاڵ پڵاوی خۆی وایزانیبوو بە لەسێدارەدانی لەیلا قاسم مەشخەڵی داگیرساوی ڕێی خەباتی كوردایەتی خامۆش دەكات، بەڵام بەپێچەوانەوە، بەرەنگاربوونەوەیەكی گەورە كرا و هەزاران خێزانی كورد منداڵەكانیان ناولێنا (لەیلا) و ئەوانیش مەشخەڵەكەی دەستی (لەیلا)یان هەڵگرت و درێژەیان بە تێكۆشان دا. لەیلا قاسم بە خەباتە نهێنییەكەی ترسی گەورەی خستبووە دڵی دوژمنەوە، پاش لەسێدارەدانیشی شانازییەكی گەورەی بۆ خۆی و نەتەوەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان و ئافرەتانی كورد و كوردستان بەجێهێشت و وایكرد سەدان هەزار ئافرەت شوێن پێی هەڵگرن و بەردەوامیی بە ڕێبازەكەی بدەن. پەیامی ئێمەی ئافرەتان بۆ لەیلای نەمر و هەموو ئەو ئافرەتانەی سەربەرزانە گیانی خۆیان بۆ خاك و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بەختكرد، بریتییە لە (بەردەوامیی، بەردەوامیی، بەردەوامیی)، تاوەكو گەیشتن بە ئامانج (سەربەخۆیی كوردستان).

بەدرێژایی مێژووی كورد ئافرەتان ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان هەبووە و قوربانیی زۆریان داوە، شەهید لەیلا قاسم سیمبولی ئەو تێكۆشانەیە، لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە، كە ئافرەتان پێویستە متمانەیان بەخۆیان هەبێت، چونكە ئافرەت لە وێستگە جیاجیاكاندا ئەركی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانیان ڕاپەڕاندووە و سەلماندوویانە كە دەتوانن بەرپرسیاریەتی گەورەتر هەڵبگرن.