خه‌بات: پەری محەمەد: ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بەغداد هەموو کارتێکی گوشار بەکار دەهێنێت بۆ لێکترازاندنی كورد و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: کاتی خۆی ئەگەر عێراق به‌وشێوه‌یه‌ بەهێزبووایه‌ هەرگیز لە دەستووریش مافی تەواوی بەکورد نەدەدا.

ئیدرس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: لەکاتی نووسینی دەستووری عێراق، ئەگەرعێراق وەکوو ئێستا بەهێز بایە، هەرگیز ئەم جۆرە ماف و فیدرالییەی بە کورد نەئەدا، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بەشداریی کورد لە عێراقی نوێ و نووسینی دەستوورەکەی، هەوڵی زۆر لە لایەن شۆڤینییەکان درا بۆ ئەوەی کەمترین ماف بە کورد بدرێت، بەڵام سەرکردایەتیی کورد بەگشتی و سەرۆک بارزانی بەتایبەتی، کە چەندین ڕۆژ لە بەغدا مایه‌وە، بە جددی پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە عێراق دەبێت بە وڵاتێکی فیدراڵی فرەنەتەوه‌ و فرە ئایین بێت و مانەوەی کورد لەگەڵ عێراق دڵخوازانه‌ بێت.

ده‌شڵێت: ئەگەر عێراق دەستوور جێبەجێ بکات یان نا هه‌ڵوێستی كورد چۆن ده‌بێت؟ کوردستان خاوەن ناو، ئاڵا، سنوور، پەرلەمان، سەرۆکایەتی هه‌رێم، ئەنجوومەنی وەزیران، سوپا و سیاسەتی تایبەت بە خۆیەتی، هەروەها، دەبێت زمانی کوردی هاوشێوەی زمانی عەرەبی فەرمی بێت لە عێراق، لەسەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەت و پاسپۆرتی عێراقیش بە زمانی کوردی نووسرابێت. ئەمە لەناو دەستووری عێراق جێگیر و مسۆگەر کراوە.

ئەگەر عێراق بە جددی دەستوور جێبەجێ بکات، ئەم شێوازەی فیدرالی شێوازێکی زۆر باشە و دادپەروەرانه‌یه‌، ئیدریس ئیسماعیل گووتیشی: بەغداد بە شێوەیەکی بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ لێکترازاندنی كورد و لاوازکردنی هەرێمی كوردستان، هەروەها هەموو کارتێکی گوشار بەکار دەهێنێت، بەتایبەتی لە بابەتی مووچە و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بۆیە لە ئێستادا بەهۆی ئەم ڕەوشەوە، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ نەهیشتنی كورد، بەڵام چەند عێراق دوژمنایه‌تیی هەرێم بکات، كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی تر بەهێز دەبێت.