بەتواناكانمان داهاتوو بنیات دەنێین

174

ڕێزان محەمەد مەلا
مانگی ڕابردوو یەكەم كۆنفرانسی ئافرەتان بە مەبەستی وەگڕ خستنی تواناكانیان بەسترا. ئەم كۆنفرانسە بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و دروشمی «بە تواناكانمان داهاتوو بنیات دەنێین» تونرا ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بزووتنەوەی ئافرەتانی كوردستان و كاریگەری درێژخایەن لەسەر پێگە و ڕۆڵی ئافرەتان لە داڕشتنی داهاتووی هەرێمی كوردستانی دابنێت. ‎بەشداریكردنی سەرۆك مەسعود بارزانی لەم كۆنفرانسەدا چەندین لایەنی گرنگی هەبوو: نیشانەی پشتگیری ڕاستەوخۆی باڵاترین ئاستی سیاسی بۆ ئافرەتان بوو، لە لایەكیتر‎ متمانەی كۆمەڵگە و بەرپرسانی تر بەم جۆرە كۆنفرانسانە بەهێزتر دەكات. ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی یارمەتیدەر بوو بۆ بەدواداچوونی جیددی دەربارەی بڕیارەكان و ئەم كۆنفرانسەی كردە ڕووداوێكی گرنگ لە سەر ئاستی هەرێم و ناوچەكە، حكومەت و حزبەكان و ڕێكخراوەكانی ئافرەتان لەژێر چەترێكدا كۆكردەوە و توانرا زەمینە بۆ گۆڕانكاری یاسایی پێویست خۆشتر بكات، دروشمی «بەتواناكانمان داهاتوو بنیات دەنێین» هێڵكاری ستراتیژی و فەلسەفەی ئەم كۆنفرانسەی ئافرەتان بوو كە ئەم دروشمە ئاماژە بە چەند ڕاستییەكی گرنگ دەكات:
‎١ـ بڕوابوون بەتواناكانی ئافرەتان وەك هێزێكی گرنگی گۆڕانكاری.
‎٢ـ ناسینی ڕۆڵی سەرەكی ئافرەتان لە بنیاتنانی داهاتووی هەرێمی كوردستان.
‎٣ـ گرنگی وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی تواناكانی ئافرەتان.
‎٤ـ بانگەشەكردن بۆ بەشداری چالاكانەی ئافرەتان لە هەموو بوارەكان.

‎كۆنفرانسی ئافرەتان چەندین سوودی گرنگی دیكەش لەخۆدەگرێت، ‎دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ئافرەتان و بەرپرسانی باڵا و ‎ڕێكخراوەكانی ئافرەتان دەتوانن هەماهەنگی باشتر دروست بكەن و پلانی هاوبەش دابنێن، دەرفەت بۆ باسكردن و پەسەندكردنی ستراتیژی نوێ بۆ پێشخستنی پێگەی ئافرەتان دەرەخسێنێت، ‎هەروەها یارمەتی دروستكردنی دەنگێكی یەكگرتووی بەهێز بۆ داواكارییەكانی ئافرەتان دەدات، لە لایەكیتر بەرزكردنەوەی هۆشیاری كۆمەڵگە دەربارەی گرنگی ڕۆڵی ئافرەتان لە ئەنجامی ئەو كۆنفڕانسە بوو، هەروەها دەرفەتێك بۆ نیشاندانی توانا و سەركەوتنی ئافرەتانی كوردستان و یارمەتی دروستكردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێز لەنێوان ئافرەتانی كارا لە بوارە جیاوازەكان دروست دەكات.