خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەندی شانۆکار مەولان حەمەد ئەمین، لە لێدوانێکی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات، سەبارەت بە رۆڵی عهزیز توتنچی، کە لە زنجیرە درامای ئادیابین بەرجەستەی کردبوو گوتی: ڕۆڵی عهزیز توتنچی، لە زنجیرە درامای ئەدیابین ئەگەرچی ڕۆڵێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ زەحمەتی بوو کارکردن تێدا، بەڵام خۆشەویستیم بۆ کارەکەم و درامای ئەدیابین وای لێکردم هەرچۆنێک بێت بەرجەستەی بکەم و هێندە قوڵ ببمەوە لە کارەکەمدا کە زۆرجار بە ئەستەم خۆشم دەمتوانی جیاوازی بکەم لە نێوان کەسایەتی خۆم و عهزیزی توتنچی دا. هەر بۆیە لە ئێستادا دوای نزیکەی سی ساڵی کارکردنی هونەریم لە شانۆدا بە عهزیزی توتنچی دەناسرێم، ئەمەش ئەرکی سەرشانی قورستر کردووم.
هەروەها لەبارەی کاری نوێی لەبواری هونەردا گوتی: لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی شانۆگەرییەکم کە تێکستەکەی وەرگیراوە لە هەرسێ نووسەر ئەمین مەعلوف و عەبدولکریم ڕەشید و عەبدوڵڵا پەشێو، ئامادەکردن و داڕشتنەوەی درامی خۆمم، بەو هیوایەم لەم نزیکانەدا بکەوێتە سەر پێ و ئامادەبێت بۆ نمایشکردن.