
خەبات ـ شلێر كۆیی
خۆڵبارین لە هەندێك حاڵەتدا بە كارەساتی سرووشتی وێرانكەر هەژمار دەكرێت و زۆرجاریش وەك ڕووداوێكی سرووشتی یان بەشێك لە گۆڕانی كەشوهەوا ناودەبرێت، بەڵام بەگشتی خۆڵبارین بریتییە لە دیاردەیەکی سرووشتی، كە بەهۆی بایەکی بەهێزەوە لەناكاو لەو شوێنانە هەڵدەكات كە زیاتر خاكەكەیان لم و وشك و گەرمە، بەهۆی بای بەهێزەوە گەردیلەی خۆڵ و لم لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگوازرێتەوەو بە ئاراستەی بایەكەدا دەڕوات، بەڵام گیرسانەوەی ئەو خۆڵبارینە بەندە بە هێزی بایەكە و هەبوونی شێ یان باران لەو ناوچانەی خۆڵبارینەكە دەیانگرێتەوە، هەڵبەت ئەوەیش كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دوست دەكات و لەم بەدواداچوونەدا هەوڵدەدەین كاریگەرییەكانی خۆڵبارین بەوردی باس بكەین.
کاریگەری خۆڵبارین لەسەر مرۆڤ
خۆڵبارین کاریگەری راستەوخۆی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بەهۆی ئەو گەردیلە خۆڵ و لمانەی وەك تۆز لە هەوادا بڵاودەبنەوەو هۆكارێكی مەترسیداری گیرانی بۆڕییەكان هەناسەدان و سییەكانن، کە جۆری مەترسییەکەی پەیوەستە بە قەبارەی گەردیلەکانی خۆڵەكە و شوێنی هەڵكردنی بایەكە و ڕێژەی ئەو ڤایرۆس و میكرۆبانەی لەناو گەردیلە خۆڵەكاندا هەن. هەروەهاش دەبێتە هۆی خورانی پێست و هەوکردن و خورانی چاو.
ئەو گەردیلانەی لە 10 مایکرۆمەتر بچووكترن زۆرجار لە لووت و دەم و سیستەمی هەناسەدانی مرۆڤدا قەتیس دەبن، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تێکچوونی هەناسەدان وەک تەنگەنەفەسی و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و هەوکردنی سییەکان و هەوکردنی لووت. هەندێکجاریش ئەم تەنۆلکە وردانە دەچنە ناو کۆئەندامی هەناسەی خوارەوە و دواتریش دەچنە ناو خوێنەوە و دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان.
کاریگەری خۆڵبارین لەسەر خاک
زیادبوونی خۆڵبارین دەبێتە هۆی دروستكردنی بەرگێكی جیاواز كە لە خاكێكی جیاوازەوە سەرچاوەی گرتووە و بەشی سەرەوەی ئەو زەوییانە داگیر دەكات، كە خۆڵبارینیان تیادا روودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە زۆر شوێنی جیهان و تا ڕادەیەكیش مەترسی بە بیابانبوون دروست دەكات، هەروەها خۆڵبارین کاریگەری نەرێنی و راستەوخۆی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە بەهۆی زیادبوونی خۆڵەوە، ڕەنگە ڕووەکەکان هەندێک لە شانە سەرەکییەکانی هەواگۆڕكێ و هەڵمژینی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەدەست دەدەن، كە ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی تێکچوون و لەناوچوونیان، لە لایەکی ترەوە زیادبوونی خۆڵبارین ڕەنگە ببێتە هۆی شاردنەوەی زۆرێک لە نەمامە تازە چێندراوەکان لە ژێر نیشتووەکانی خۆڵبارینەكەدا.
خۆڵبارین هۆكارێكی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانە
هەندێک نەخۆشی دەتوانن لە ڕێگەی تۆز و خۆڵەوە بگوازرێنەوە، وەک هەوکردنی پەردەی مێشک، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی مێشک و ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی مردن. هەروەها تۆز و خۆڵ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی تای ماڵتا، کە نەخۆشییەکی کوشندەیە و پێشتر لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمریکا و باکووری مەکسیکدا بڵاوبووەتەوە، بۆیە زیانەكانی خۆڵبارین بەهۆی ڕاکێشان و بەرزکردنەوەی بڕێکی زۆر تۆز و خۆڵ بۆ ناو بەرگەهەوا و گواستنەوەی بۆ ناوچە فراوانەکان لەدووری هەزاران کیلۆمەتر، هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییانەكانە، دەبێ ئەوەش بڵێین كە زیانەكانی خۆڵبارین تەنیا لەسەر ڕووی زەوی نییە، بەڵكو زیانی لەسەر كۆی گەردوون هەیە و زانایانی فەلكناسی باس لەوەش دەكەن كە خۆڵبارین بە تەنیا لەسەر گۆی زەوی ڕوونادات، بەڵكو تێبینی ئەوەیان كردووە هەسارەی مەریخ یەكێك لەو هەسارانەی گەردوونە كە زریان و خۆڵبارینی تیادا ڕوودەدات.
ناوچەكانی خۆڵبارین
بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی شوێن و ناوچەكانی جیهان خۆڵبارین ڕوودەدات بە تایبەت لە باکووری ئەفریقیا و ئەمریكا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، سەرچاوەی سەرەکی خۆڵبارین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا دەگەڕێتەوە بۆ بیابانەکان و وشکانییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، بیابانی باکووری ئەفریقیا، بەڵام ئەوەی زیاتر كاریگەری لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو بایانەن كە لە دەریای ناوەڕاستەوە هەڵدەكەن و بە بیابانی ئەفریقیا و نیمچە دوورگەی عەرەبیدا تێپەڕ دەبن و بەپێی ئاستی بایەكە و بەهێزییەكەیەوە گەردیلەی لم و تۆز لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و بەرەو ئەو ناوچانە دەچن، كە ئاراستەی بایەكەن.
ئاستی خۆڵبارین
بە شێوەیەکی گشتی خۆڵبارین لە سێ مەترەوە بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە 15 مەتر، ساڵانەش چەند جارێک خۆڵبارین لە بیابانەکان ڕوودەدات و بە خۆڵبارینی ناوچەیی و جێگیر هەژمار دەكرێن، بەڵام ئەو خۆڵبارینە نائاساییانەی كە كیشوەرەكان دەبڕن و لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگوازرێنەوە ئاستی بەرزبوونەوەی زیاترە و گەردیلەكانیشی وردترە، ئەویش بەهەمان شێوە دەكەوێتە سەر ئاستی بەهێزی بایەكە و پلەی گەرماش كاریكەری راستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی خۆڵبارین هەیە، بەو پێیەی ڕادەی شێ لە هەوادا دەگاتە 0% و هیچ بەربەستێك لەبەردەم گەردیلەكان نامێنێت بۆ بەرزبوونەوە.
کاریگەرییە گشتییەکانی خۆڵبارین
خۆڵبارین كاریگەرییەكی نەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر وشکەساڵی هەیە و هاوكات بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ، بە ئافات هەژمار دەكرێت و زیانێكی زۆر بە خاک دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی وێرانکردنی ژینگە، هەروەها چەندین کاریگەری خراپی تەندروستی و ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە، كە هێشتا چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ ئەم دیاردە سرووشتییە لە ئارادا نییە. تەنانەت زیادبوونی خۆڵبارین لە چەند وڵاتێک بووە هۆی لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاک، وەک وڵاتانی چاد و بورکینا فاسۆ لە کیشوەری ئەفریقا، هەروەها داشۆران و داماڵینی خاک یەکێکە لە کاریگەرییەکانی خۆڵبارین و ئەمەش پڕۆسەی داڕمانی زەوی خێراتر دەکات، هەر بەهۆی خۆڵبارینەوە بە بیابانبوون و كەمبوونەوەی لەوەڕگا و سەوزایی لە چەند وڵاتێكی جیهاندا زیانێكی زۆری ئابووری و ژینگەیی بەو وڵاتانە گەیاندووە.
کاریگەرییە تەندروستییەکان
خۆڵبارین گەردیلەی لم و خۆڵ لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و ئەو ڤایرۆسانە لەگەڵ کەشوهەوادا بڵاودەبنەوە كە رەنگە لە هەندێك شوێندا بوونیان نەبووبێت و بەهۆی خۆڵبارینەكەوە بگوازرێنەوە بۆ شوێنێكی دیكە و دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی. یەکێک لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی خۆڵبارین لەسەر تەندروستی مرۆڤ و گیانلەبەران بەگشتی پەکخستنی سییەکانە بەتایبەت لەو کەسانەدا کە نەخۆی (ڕەبوو) تەنگەنەفەسییان هەیە، گەردیلەكانی خاک لە ڕێی لووت و دەمەوە دەچنە قوڵترین بەشی کۆئەندامی هەناسە و لە توانایاندا هەیە زیان بە سەرجەم بەشەکانی کۆئەندامی هەناسە بگەیەنن، زۆری بەرکەوتن و مانەوە لە کاتی خۆڵباریندا دەبێتە هۆی بەڕیشاڵبوونی سییەکان و لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی دەبێتە هۆی شێرپەنجەی سییەکان، خۆڵبارین زیان بە چاوەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی هەوکردنی قەرەنییە و سپێنەی چاو و وشکبوونی چاو، تەنانەت زۆریی بەرکەوتن لەگەڵ خۆڵبارین دەتوانێت ببێتە هۆی کوێربوون، هەروەها زۆریی بەرکەوتنی خۆڵبارین ڕەنگە کاریگەری خراپ بکاتە سەر ماسولكەكانی دڵ و کۆئەندامی خوێن و تێکەڵ بە سوڕی خوێن ببێت، بە شێوەیەکی گشتی منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی دڵ و سییەکان و شەکرەیان هەیە دەکرێت کاریگەرییە تەندروستییەکان زیاتر تیایاندا سەر هەڵبدات لە کاتێکدا کەسانی تەندروستیش بەدەرنین لە تووشبوون بە کێشه تەندروستییەکان و پێویستە بە تەواوی خۆیانی لێ بپارێزن و ماسك ببەستن.
کاریگەرییە ژینگەییەکان
لە ڕووی ژینگە و کشتوکاڵەوە خۆڵبارین کاریگەری خراپ دەکاتە سەر بەرهەمەكانی كشتوكاڵ بەگشتی، بەهۆی زۆری لم و خۆڵ لەناو ئەو بەرگەهەوایەی لە ئەنجامی خۆڵبارینەوە دروست دەبێت، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ڕووەکەکان و تێکدانی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن و دەبێتە هۆی دواخستی گەشەسەندنی ڕووەک، بە هەمانشێوەش کاریگەری خراپ دەکاتە سەر تەندروستی ئاژەڵان و بەرهەمهێنانیان کەم دەبێتەوە، هەروەها کەمکردنەوەی ڕادەی بینین پیسكردنی سەرچاوەكانی ئاو و لەناوبردنی دارستانە سرووشتییەکان و تێكچوونی سیستەمە ژینگەییە پارێزراوەكان.
سوودەكانی خۆڵبارین
وێرای زیانە زۆرەكانی خۆڵبارین، ناكرێ باس لە سوودەكانیشی نەكەین، چونكە خۆڵبارین هەندێك سوودیشی هەیە، بەتایبەت بۆ لەناوبردنی گازە ژەهراوییەکان و میکرۆبەکانی ناو هەوا دەکوژێت. ئەو گازە ژەهراوی و زیانبەخشانەی لە كارگە پیشەسازییەکان دروست دەبن و ئەو گازە ژەهراوییانەی لە ئامرازەكانی هاتوچۆو ئامێرە پیشەسازییەكانەوە دەردەچن، بەهۆی خۆڵبارینی چڕەوە دەنیشنە سەر زەوی و بە تێپەربوونی كات، لەناو دەچن، بە هەمانشێوەش كە خۆڵبارین زیانی بۆ خاك هەیە، سوودیشی ئەوەیە كە زیندەوەر و مێرووە زیانبەخشەكان دەكوژێت و تەنانەت لەناو هەواشدا مێروو زیانبەخشەکان دەکوژێت، کە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنن و گوڵ و گەڵای درەختەكان لەناودەبەن.
خۆپاراستن لە خۆڵبارین
پزیشكان بەگشتی و فەرمانگەكانی پێشبینی كەشوهەوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا، بەردەوام هۆشداری لە هەڵكردنی خۆڵبارین دەدەن و چەندین ڕێنماییش بڵاو دەكەنەوە، كە گرنگترینیان بریتییە لە: مانەوە لەناو ماڵدا، كە بە یەکێک لە ڕێگاکانی خۆپارێزی دادەنرێت و ئەگەر پێویستیش بوو بچنە دەرەوە زوو بگەڕێنەوە و دەرگا و پەنجەرەکان بە داخراوی بهێڵنەوە. هەروەها ئاگاداربوون لە کەشوهەوا، بە تایبەت لە وەرزی خۆڵباریندا بۆ ئەوەی زوو کاروباری ڕۆژانەتان بەڕێ بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەوە. بەكارهێنانی فێنككەرەوە و ئامێرە هەواییەكان لە کاتی خۆڵباریندا بەکارمەهێنن، چونکە دەبێتە هۆی گواستنەوە و بڵاوبوونەوە و هاتنە ژوورەوەی تۆز و خۆڵ، بەڵام گرنگرتین ڕێگای خۆپارێزی لە خۆڵبارین بریتییە لە بەستنی ماسك، بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان هەیە و پێویستە بەردەوام دەمامک بەکاربهێنیت و بە بەردەوامیش بیگۆڕن، یاخود قوماشێك تەڕ بەکاربهێنیت کە ڕێگری لە هەڵمژینی تۆز و خۆڵ دەکات، بەهەمان شێوەیش بەکارهێنانی چاویلکەی پارێزەر بۆ پارێزگاریکردن لە چاوەکان تا کەمترین زیانیان پێ بگات.