د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
دەستپێکردنی خولەکانی دانوستاندنی ئەمەریکا و ئێران دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە قۆناغێکی نوێی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستیپێکردووە کە تیایدا هزری دەستپێکردنی گرژی یان لانیکەم جەنگێکی نوێ، بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە لە ئارادا نییە. دیارە کە وەبەرهێنانی ئابووریی ئەمەریکا لەو ناوچەیە و بەتایبەت لە وڵاتانی کەنداو هەوێنی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتەی دژە جەنگی ئەم قۆناغەی سیاسیی ناوچەکەن. ئەم خوێندنەوەیەی سایکۆلۆژیای سەرکردایەتیی ئەمەریکا لەم قۆناغەدا، وڵاتانێکی وەک قەتەر و سعودیەی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێ ئەم هەلە بقۆزنەوە و هەر ئەوەشە لۆبیی قەتەر لەم ساتەوەختەدا لە وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکادا هەموو توانای خستووەتەگەڕ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی و ئەم وڵاتە. ئەزموونێک کە دەتوانێ بۆ ئێمەی کوردیش ببێ بە نموونەیەکی سەرکەوتووی پێشخستنی سیاسیی خۆی، چونکە هیچ ڕەفتاری سیاسی و سیاسەتێک لە بۆشاییدا دانانرێت، بەڵکوو لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی مرۆییدا دادەمەزرێت.
ئەگەر هیچ گۆڕانێکی چاوەڕواننەکرا ڕوو نەدەن و دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمەریکا بەو خێراییەی کە هەیە بەردەوام بن و سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن، دوور نییە گۆڕانکاریی مەزن بەسەر سیاسەتەکانی ئێراندا بێت و ئەگەری ئەوەی کە لە میانەی گۆڕانکاری و پاشەکشە لە رێڕەوی جاران و، چاکسازییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی، خولێکی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێتە ئاراوە، کە دەکرێ تەواوکەری پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بێ، کە بە نێوەندگیریی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی لە ئارادایە و، لە قازانجی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت کورددا بشکێتەوە و، ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و پارچە جیاوازەکانی کوردستان بهێنێتەدی. ئەو ئاواتەی کە ساڵەهای ساڵە کورد خەباتی بۆ دەکات.
ئەوە واتە قۆناغی سیاسیی کورد لەو ماوەیەدا و بەهۆی فاکتەری دەرەکی و بابەتییانە، گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت. وەک دەزانین و کورد گوتەنی ئەو میللەتەی پشت بە نەتەوە و کۆمەڵگەی مرۆیی خۆی نەبەستێ هەمیشە دۆڕاوی گۆڕەپانەکەیە. بۆیە کورد لەم قۆناغەدا پێویستی بەوەیە کە بە پشتبەستن بەم هەل و دەرفەتە هەنگاوەکانی ڕێچکەی خەباتی خۆی بەپێی دۆخەکە بگۆڕێ و لە سایەی ئەو ئارامییەی کە خەریکە دێتەدی بیر لەوە بکاتەوە ئەوەی کە ساڵەهای ساڵە بە جەنگ دەستی نەکەوتووە، بە وەبەرهێنانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی بەدەستی بێنێت. کورد دەتوانێ لە لایەک دەرگا بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی بکاتەوە لە کوردستان، کە دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییە خۆزاییەکانی وەک خاک و ئاو و کانزاکان، هەروەها دەوڵەمەندە بە توانای مرۆیی خاوەن بەهاکانی کۆمەڵایەتیی کار و چالاکیی ئابووری، ڕێگە خۆش بکات کە ئەم میللەتە و ئابووری و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بنەما کولتووری و کۆمەڵایەتی و زانستییەکانی هەنگاوێک زیاتر بەرەو پێش ببات، تا لە کاروانی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا و بەتایبەت تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد دوانەکەوین و وەک میللەتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان پێشکەوتن و بەختەوەریی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی لە باوەش بگرین و پێشکەشی نەوەکانی داهاتووشمانی بکەین، چونکە ئەوانیش پێویستیان پێیەتی و ئەوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە بە قۆستنەوەی دۆخەکە و پراگماتیبوون لەم قۆناغەدا و فێربوون لە ئەزموونی هاوشێوەی گەلان و وڵاتانی سەرکەوتووی ناوچەکە و جیهان، ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ خۆمان و منداڵانمان دەستەبەر بکەین.
بە واتایەکی تر لە سایەی ئەو ئارامییەی خەریکە باڵ بەسەر گشت پارچەکانی کوردستاندا دەکێشێ، دەبێ کوردیش خۆی ئامادە بکات و ڕێچکەی خەباتی خۆی هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانی و هەرێمییەکان بگۆڕێ. ئەوە کاتێک بەرجەستەتر دەبێ کە وەک دەزانین میللەتی کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە و هەمیشە بەدوای ئارامی و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی تاک و کۆمەڵگەی کوردی بووە و پێکەوەژیانی وەک بەهایەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی پاراستووە و شانازیی پێوە کردووە و دەکات و هیچ جۆرە پەڕگیری و دەمارگیریی نەتەوەیی و سیاسی و ئایینی لە ناخ و (DNA) سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکەیدا بوونی نەبووە و ئەو بڕە بچووکەکەشی کە هەیەتی هاوردەی کولتوور و فەرهەنگی بێگانەیە و دوورە لە بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری. ئەوەش مژدەبەخشی ئەو ڕاستییەن کە کورد دەتوانێ لە سایەی ئارامی و تەبایی و یەکگرتوویی و ئەمەکناسی و کار و ماندووبوون و خەباتی خۆی و واقیعبینی، زۆر بە ئاسانی بە ئامانجە مرۆییەکانی بگات، بە مەرجێک هیچ ڕووداوێکی سیاسیی نەخوازراو و نامرۆییانە و دڕندانەی بەسەردا نەسەپێنرێ.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانکۆی زاخۆ