
خەبات- سەرهەنگ نەجمەدین
پاڵپشتی و خۆشەویستی بۆ ئەسپەکان وایلێکرد بەشداریی خولی فێربوونی مەشق و ڕاهێنانی ئەسپسواری بکات و بەجۆش و خرۆشەوە بڕیاریدا ئەسپسواری تاقیبکاتەوە، خاتوو ئالین بۆزان حوسێن، خانمە ئەسپسوارێكی رۆژئاوا، ئێستا لە شاری هەولێر لە سەنتەری مەمی ئەسپسواری لە پارکی سامی عەبدلڕهحمان، لە لایەن چەند شارەزایەکی ئەو یارییە، چاودێری ڕاهێنانەکانی و تەکنیک و هونەرەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەسپەکاندا سەرپەرشتی دەکرێت.
خاتوو ئالین لەبارەی چۆنیەتی ئاشنابوونی بە ئەسپسواری بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: لەژێر دەستی چەند ڕاهێنەرێکی بەئەزموون لەسەنتەری مەم، ڕاهێنان دەکەم و هەمیشە ئەو یارییە جولەی سەخت و مەترسیداری تێدایە و پێویستیان بەوەیە کە بەردەوام ئاگاداری خۆت بیت لەکاتی مەشق و ڕاهێنان و یارییە فەرمییەکان، ئەگەرچی ئەو یارییە وایکردووە زۆرجاران تووشی سەرکێشیت بکات بەهۆی مەترسییەکانیانەوە.
هاوکات ئالین بۆزان لەبارەی هیواو ئاواتەکانی گوتی: ئاواتم ئەوەیە یانەیەکی وەرزشی دابمەزرێنم کە یارییەکانی تۆپی پێ، تۆپی دەست، ئەسپسواری، سەمای بالێ، بۆکسێن لەخۆ بگرێت، هەروەها گوتی: زۆرێک لە خێزانەکان بیرۆکە و دیدگایەکی هەڵەیان هەیە سەبارەت بە سواربوونی ئەسپ بۆ ئافرەتان، هاوکات ڕاپۆرت و زانیارییە پزیشکییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە وەرزشی ئەسپسواری هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جەستەی کچ نییە، بۆیە داواکارم لە دایک و باوکەکان، نەبنە رێگر لە هاتنی کچەکانیان بۆ ئەنجامدانی وەرزش بەگشتی و یاری ئەسپسواری بەتایبەتی.
ئینجا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەنجامدانی یاری ئەسپسواری کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و پێشکەوتن و گەشەسەندنی جەستەی مرۆڤ، بەتایبەتی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان بایەخ و گرنگی بە یاری ئەسپسواری دەدرێت، هەروەها یاری ئەسپسواری لە نێو یانەکاندا ڕادەبەدەر بەناوبانگ بووە.