پەری عومەر خەیلانی
هێمن موکریانی (1921-1986) لە ماوەی ژیانی کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی لە شیعر، پەخشان و وەرگێڕان پێشکەش بە ئەدەبیاتی کوردیی کردووە.  لە زۆربەی شیعرەکانی هێمندا ئەگەر لەزاوییەیەکی بچووکیش بێت (ئافرەت) هەیە، جا بە هەموو ڕەهەندە جیاوازەکانەوە، لەوانە: عەشق، دڵداری، کۆمەڵایەتی، هاندانی ژنان بۆ پێشڤەچوون و گۆڕانکاریی و فێربوونی خوێندەواریی.
هێمن لەگەڵ ئەوەی منداڵە ئاغا بوو، بەڵام  بە ویستی خۆی ڕێگای جاویدانیی شیعر و ئەدەبیات و خزمەتکردن بەنەتەوە و زمانەکەی هەڵبژارد، ئەم هەڵبژاردنەی هێمن بۆ خزمەتی (خاک و زمان و ئەدەب)ی کوردی، وەک خانم (نەسرین جەعفەری) خوشکەزای لە گوتاری  ڕۆژی 39 ساڵەی یادکردی کۆچی دوایی هێمن لە هەولێر پێشکەشی کرد و گوتی «خاڵم هێمن هیچ خۆشیێکی نەدی تا مردنی هەر بە کوێرەوەریی و غەریبی و دەردیی سەریی بەڕێیکرد.
دیارە ئەمەش چارەنووسی هەموو ئەو مرۆڤە گەورانەیە کە خۆشەویستی خاک و ئازادی لە پێش هەموو بەرژەوەندیێکی دیکەی خۆیان دادەنێن.»
هێمن و ئافرەت:
ئەوەندەی لە شیعرەکانی هێمن ڕادەمێنین ئافرەت لای ئەو ‌دروشمی (خوشەویستی، خاک، ئازادیی)ە. وەک هەر شاعیرێکی دیکە تێڕوانینی تایبەت بەخۆی هەبووە بەرانبەر ژن، بەڵام ئەوەی بەلایەوە نەگۆڕ بوە ئەو هەستەی بووە کە ژن واتە جوانی، جوانیش هیچ کات تەواو نابێت، بەڵکوو هەمیشە لە نوێبوونەوە دا خۆی دەنوێنێت.
هەروەک لە نامەیەکی باوکانەی بۆ پرۆفیسۆر شوکریە ڕەسوڵ کە ئەوکاتە شوکریە قوتابی بووە لە (مۆسکۆ/ ڕوسیا) نووسیویەتی: ( من تا ئێستاش جوانیپەرستم هیچ جوانیێکیشم پێ لە کچ جوانتر نییە) ئەم جوانییەشی پەسەند کردووە بەبوونی سیفەتی بەرزی ژنێتیی و کۆمەڵێک ئاکار و ڕەفتاری دیکەیش نەک هەر (ئادگار) ، بۆ نموونە هەر لەو نامەیەی بۆ دکتۆر شوکریە دەڵێت (کچی چاک بە بڕوای من ئەوە نییە، لە بن عەبا و ڕووبەند دا بژی و نوێژ و تاعەت بکا ڕوو لە نامەحرەم بگرێ، من کچێکم پێ چاکە، بە چەکی زانینەوە خزمەت بە نیشتمان و نەتەوەکەی بکا).  ئەمە لە ژیانی ئاسایی هێمن و نووسینی نامەدا بەڵام لە دەقیی شیعریی و داڕشتنی زمان و نووسینەوەی خەیاڵ و کێشانی وێنەی ئافرەت لەو بڕوایەی (ئەرستۆ) دام کە لای وابووە شاعیری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە بێت بە دەقی شیعری وێنە ناتەواوەکانی واقع تەواو بکات و لە ڕێگەی گوتنی شیعر بیگوازێتەوە.
هێمن لەو تەواوکارییە مەعلان و زیندوو بووە، چونکە خاوەن زمان و خەیاڵی فراوانی شیعریی بووە. لە دیوانی (تاریک و ڕوون) دەڵێت:
ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچە کوردێکی نەشمیلم
تەماشا کەن چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم
هێمن هەرگیز نەیویستووە باوەڕ بەوە بهێنێت کە ژنان (دیل)ن، یان دەبێت دیل بن، بەڵام لەوپەڕیی خۆشەوسیتی بۆ کچە کوردێکی نەشمیل دێت باس لەو دیاردەیە دەکات کە لەو سەردەم کچان و ژنان دیلی دەست دواکەوتەیی بوونە. هەربۆیێ لەپاڵ خەمی خاک و نەتەوەکەی و عەشقی ئازادی بۆ وڵاتەکەی، خەمی کۆمەڵێک خاڵی لاوازی نێو داب و نەریتی نەتەوەکەیشی بووە کە دواجار بە زیانی ئافرەتان تەواو بووە، ژنان بوونەتە قۆچی قوربانی دەست دواکەوتوویی. ئەوەتا لەدەقێکی دیکەی دەڵێت:
من تەشیڕێسێکی وەک شیرنی (وەفایی)م بۆ چییە؟
کیژی وریای چاو کراوەی فێرە زانینم دەوێ.
هێمن ئەوەندە لە خەمی پێشکەوتنی کچان و ئافرەتان دابووە کە خەمبوونەکەشی لە چاوگی میهرەبانی و خۆشەویستییەوە بووە بۆ ژن. لە هەموو دەقێکی ڕەنگیداوەتەوە و هەستی پێکراوە، بۆیە لەڕێگەی دەقی شیعرییەوە هانیداون بۆ خوێندن و خوێندەواریی، ئەگینا مەبەستی بە کەمسەیرکردنی (تەشیی ڕێسی) نەبووە کە هونەرێکی باڵای ڕستن و چنین بووە لە کوردەواریی، بەڵکە تەنیا ویستوویەتی هانی کچان و ژنان بدات بۆ خوێندەواریی، بۆ نموونە لە جێگەیەکی دیکەی دیوانەکەی دەڵێت:
کۆیلەتی باوی نەماوە کیژی کوردی خۆشەویست
ڕاپەڕە هەستە لەخەو ئاخر چ وەختی خەوتنە
دەرکە بشکێنە پەچە بدڕێنە، راکە مەدرسە
چاری دەدری کوردەواری خوێندنە هەر خوێندنە.
بە بڕوای من، هەر وەک چۆن لەو دەقەی پێشووتر هێمن مەبەستی بچووککردنەوەی بابەتی (تەشی ڕێستن) نییە، ئاوایش لەم دەقەیدا مەبەستی تانەدان لە بابەتی (سەرپۆش) نییە، هێندەی مەبەستیی ئەوەیە بەناوی شەرمە و عەیبە و نەکەی نابی، کچان و ژنان وابەستەی عەبا و پەچە و ژوور کراون.
ئەو دەیەوێت درێژە بەو پشتیوانی و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە بدات کە کردوویەتییە بەشێک لە ئامانجی سەرەکی خۆی لە نووسینی شیعر بۆ کچان و ئافرەتان.
کە بەداخەوە هەندێک کەس وا تێگەیشتوون یان باشتر بڵێم وا تێگەیەندراون (دەقەکانی هێمن ئەوانەی بۆ کچان گوتراون هەمووی هاندانی سەرەڕۆیی و ئیهانەکردنی بابەتی سەرپۆشیینە)، بەداخەوە ئەم تێگەیشتنە نەفامانەییە بۆ شیعری هێمن جگە لە نیشاندانی بێ مەعریفەیی کەسەکە هیچی تر نییە، دەبێت  بەم دەقە جوانەی نێو دیوانی تاریک و ڕوون وەڵامیان بدرێتەوە:
(کچە کوردێکی نەشمیل و لەباری
بەوەی نییە ماوەیێکە چوویە شاری
ئەگەر پێت خۆشە هەروا بتپەرستم
نەکەی لادەی لە دابی کوردەواری)
لێرەدا ئێمە مەبەستمان بوو لایەنی سوسۆلۆژی چەند دەقێکی هێمن بخەینە ڕوو کە تایبەتن بە (ئافرەت) و ڕەهەندەکانی ژیانی، دیارە گەر باس لە لایەنی (هونەری و رەوانبێژیی) نێو دەقەکانی بکەین ئەوا نەک بە گوتارێک بەڵکە بە دەیان و سەدان گوتار ناتوانین هەقی تەواو بە دیوانەکانی هێمن بدەین، ئەوەند ورد کاری وشەسازی و ڕستەسازی و ماناسازی کردووە، تەنانەت لە دەقی نامەیش هێمن تابلۆکێش بووە جگە لە ئەو کێ هەیە بڵێ (شەوانە وەک مانگی یەک شەوە باوەشم بۆ خۆشەویستەکەم دەکەمەوە) ئەم گوزارشتە هونەرییە باڵایە هەر لە هێمن دێت و بەس، بۆیە مام هێدی شاعیر( 1927-2016) لە بەشێکی دەقی (شینی هێمن) دەڵێت:
ئيتر مه‌ڵێن هێمن شێرى پڕچن بوو
هێمن هێنده‌ى به‌سه‌ بڵێن «هێمن» بوو
* * *
منيش ناڵێم هێمن كه‌م هات به‌بيرا
ناڵێم هێمن ڕۆيى قه‌درى نه‌گيرا
* * *
ئێسته‌ش ناڵێم وه‌رن ڕێزى لێ بگرن
من هه‌ر ده‌ڵێم ده‌گه‌ڵ كه‌سى ڕامه‌گرن
سەرچاوەکان:
– نامەیەکی بڵاونەکراوەی هێمن موكریانی بۆ شوکریە ڕەسووڵ 22-09-2020
– کاوە ئەمین گوڵچین
– دیوانی تاریک و ڕوون / هێمن موکریانی
– دیوانی هەواری خاڵی / هێمن موکریانی
– دیوانی کاروانی خەیاڵ/ هێدی