خەبات- پەری محەمەد
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی دەڵێت؛ برسیکردنی خەڵکی کوردستان، دووبارە ئەنفالکردنیانە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی نوێ؛دەشڵێت: لە دەستووری عێراقدا هاتووە، هەموو فەرمانبەران یەک ماف و ئەرکیان هەیە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی چەندین جار دەستووری پێشێلکردووە و بە رێککەوتنەکان پابەند نەبووە.
د.ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپه‌ڕین تایبەت بە خەبات گوتی: وەکو ئاشکرایە بەغدا چەند ساڵێکە جەنگی ئابووریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بەمەبەستی لاوازکردن یاخود هەر نەهێشنی، ئەمەش لە ڕێگای سیاسەتی ئابوورییەوە بە پلانێکی ستراتێجی و بە ئامانجی ئەوەی ئیرادەی خۆی بەسەرمان فەرزبکات.
ئەوەشی خستەروو: بەغدا لەڕێگای ئیرادەوە کار لەسەرخەڵکی هەرێم دەکات، تا بڵێت ئەوان ناتوانن ئیدارەی ئێوە بکەن. بەڵام بێ ئاگان لەوەی، کە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەهێزە و نابێتە پاشکۆی هیچ وڵات و لایەنێک، ئێمە هەزاران شەهیدمان لە ڕێگای ئازادی و پاراستنی کوردستان داوە، بۆیە ناتوانن بە بەرنامەی بەلاوازکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، درز بخەنە نێو ماڵی گەلی کوردەوە.
د.ئەشواق جاف راشیگەیاند: دەتوانین بڵێین برسیکردنی خەڵکی کوردستان، دووبارە ئەنفالکردنیانە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی نوێ و لەڕێگەی خواردنی مافی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی دەستووری عێراق، لەکاتێک لە دەستووری عێراقدا هاتووە: هەموو فەرمانبەرانی عیێراقی لە دەستووردا یەک ماف و ئەرکیان هەیە، هەرچەندە کوردستان لەکاتی خۆی بەتەواوی لیستی ناوی مووچەی ناردووە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی چەندین جار دەستووری پێشێلکردووە و بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە.