خەبات: ساسان دەروێش:- بە چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بەپێکهاتەی ئێزدی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، كه تیایدا دەیان توێژینەوە لەبارەیانەوە پێشکەش کران کە لە 11 وڵاتەوە توێژەران بەشدارییان تیایدا کرد. لەمبارەیەوە داود موراد خەتار لێکۆڵەری ئێزدی و ئەندامی دەستەی باڵای بنگەی لالش و بەرپرسی پەیوەندییەکان لە کۆنفرانسەکە قسەی بۆ خەبات کرد:
سهرهتا داود موراد خەتار گوتی: لە دوای کارکردنێکی زۆر لەسەر ئەم کۆنفرانسە و بەرهەمهێنانی، کۆنفرانسەکە بە چاودێری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، میوانانی بیانی و ناوخۆیی لە ئاستێكی باش بەشدارییان كرد و خۆشحاڵبوون بەو پلان و بەرنامە تۆكمە و سەركەوتووەی كۆنفرانس كه بۆ یەكەمجار بوو كۆنفرانسێكی زانستیی نێودەوڵەتی ئەوەها لەسەر ئێزدییەكان بكرێت. کۆنفرانسەکە سەرنجی هەمووانی ڕاكێشا کە لە ساڵانی داهاتوودا کاری لەم شێوەیە باشتر بکەین، ئەویش بە پشتیوانی وهاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لێرەوە سوپاسی گەرمی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەکەین بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە پێكهاتەكان و جڤاكی ئێزدی، بە تایبەتیش لەم كۆنفرانسە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەم كارە سەركەوتووەدا، ڕۆڵیان هەبوو، بێگومان سەربازە ونەكانی زانست لەپێش هەمووانەوە کە زۆر بە پەرۆش و خەمخۆرییەوە ڕوویان لێکردین و بەشداربوون لەگەڵمان. کۆنفرانس بە ژمارەیەك ڕاسپاردەوە كۆتاییهات، بەڵام ئەركی گەورەتری بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری كرد، نەخشەڕێگهیەكی هێنایە ئاراوە، كە بەرپرسیارەتی هاوبەشی بۆ هەموولایەك دروستكرد و هەمووان جددیتر كاربكەن لەم بابەتەدا بۆ ساڵانی داهاتوو لە دوو ڕۆژدا چەندین پانێڵ و بابەتی زانستی پێشكەشكران. توێژەران و ئەكادیمیستە كوردستانی و عێراقی و بیانییەكان، كە لە 11 وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون، دید و بۆچوونی خۆیان پێشكەش كرد.
داود موراد خەتار گوتیشی: ئەم کۆنفرانسە دەبێتە یەکەم کۆنفرانسی بەهێز بۆ ئێزدییەکان و بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتووی کاری بەردەوامی توێژەران، لەیەکەم ڕۆژدا 1400 ڕۆشنبیر بەشداربوون، ئەمەش یەکەمجارە کە بەو شێوە زۆرە ڕۆشنبیران ڕوو لە کۆنفرانس بکەن کە جێگەی خۆشحاڵیمان بوو، 112 لێکۆڵینەوەمان بۆ هاتبوو لەوانە 95 پەسەندکران و بەشداربوون، ئەوەی جێگەی باسە زیاتر لە سەد سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایان میوانمان بوون.
داود موراد خەتار ڕاشیگەیاند: جگە لەو دروشمانەی بەرزمان کردبووەوه بۆ بابەتەکان هەندێک بابەتی تریشمان هەبوو لەسەر جینۆساید زیاتر لە 10 لێکۆڵینەوەمان هەبوو، سێ بۆ چوار لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئافرەتانی ئێزدی هەبوو لەگەڵ ئێش و ئازاری ڕزگاربووان و شایهدحاڵەکان کە ڕزگاریان بووە لەژێردەستی کە لەکاتی خۆی ڕفێنرابوون لەناوچەکانیان لەساڵی 2014، بەهەموویان کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەند کرد لە لێکۆڵینەوەی تازە و هەمەچەشنە. ئێمە لێرەوە داوای لێبوردن دەکەین لەو کەسانەی کە نەمانتوانی لێکۆڵینەوەکانیان پەسەند بکەین و پێشکەش بکەن لەبەرئەوە نەبوو کە کەموکوڕیان هەبووبێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لیژنەی یاسایی و چاودیری و پشکنین بڕیاریان ئەدا لە زانکۆ لەسەر چەند پێوەرێک ههبوو بۆ ئەوەی بابەتەکان دانرێت زیاتر ئەکادیمی و زانستیی و بەڵگەنامەیی بێت.
داود موراد خەتار دەشڵێت: هەموو لێکۆڵینەوەکان دەکرێنە کتێب و بە سێ زمان بڵاو دەکرێتەوە، بەداخەوە بەچەند زمانێک لە تورکی و ئەڵمانی و فارسی لێکۆڵینەوەمان هەبوو، بەڵام پەسەند نەکران بۆ پێشکەشکردن بەزمانی بیانی، هۆکارهكهش ئهوهبوو كه ئامادەکاری بۆ نەکرابوو، بۆ کۆنفرانسەکانی تر ئەمەش لەبەرچاو دەگیرێت و دەرفەت دروست دەکەین بەزمانە بیانییەکانیش لێکۆڵینەوە پێشکەش بکرێن.
لە کۆتاییشدا بەرامبەر زۆری ئاژانسەکانی بەشداربوو له كۆنفرانسهكه، خهتار گوتی: سەرمان سوڕمابوو لەو هەموو کەناڵ و ماڵپەڕە کوردی و بیانییانەی کە ڕۆژانە لەسەر کۆنفرانس و بابەتەکانی قسەیان هەبوو و بە هەموویان پشتیوان بوون و بە سەرکەوتوویی باسیان لێوە دەکرد، ئهمهش هانی داین بۆ بەردەوام بوونمان و بوونیادنانی کۆنفرانسی لەم شێوەیە، میوانە عەرەبەکانمان لە بەغدا و مووسڵ زیاتر بوون کە لە ماڵپەرەکان بابەتیان نووسیبوو و ئاماژەیان بەوەدابوو کە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت و ئامانجەکانی پێکابێت، هەموو کەناڵە عێراقییەکان لەگەڵمان بوون بۆ ڕای گشتی عێراقی و عەرەبی و گفتوگۆکان و لێدوانیان لە کەسایەتییەکان دەگواستەوە کە ئەمەش دەرفەتێکی باش بوو بۆ گەیاندنی پەیامی کۆنفرانسەکە. بۆ خۆم لە یەکەم ڕۆژدا لەگەڵ 21 کەناڵی جیاواز و ئاژانسی کوردی و بیانی لێدوانم لێ وەرگیراوە، لە کۆتاییشدا بڕیارمان دا کە ساڵانە ئەم کۆنفرانسە بەم شێوە فراوانە بەڕێوەبچێت، بەڵام گرنگ نییە لە کوێ دەبێت لەشارەکانی کوردستان یاخود بەغدا، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کاری نوێ و ناوەڕۆکی تازە بخرێتە سەر میراتی ئێزدییەکان، بەهیواین لە کۆنفرانسەکانی دیكهدا باشتر بین و لە ئاستی دڵسۆزان بین کە بە خەمخۆری بەرەو ڕوومان هاتوون و بەشدار دەبن بە ڵێکۆڵینەوەکانیان.
هاوکات سەرۆکی زانکۆی موستنسەرییەی بەغدا داوای کرد ساڵی داهاتوو کۆنفرانسەکەمان لەلای ئەوان بێت، ئێمهش ئەم بڕیارەمان هێشتەوە بۆ گفتوگۆکردنمان و پەسەندکردنی کۆی دەستەی باڵا. ئەوەی لە ڕابردوودا وەک مێژوو خرابوونە پاڵ ئێزدییەکان بۆ چەواشەکاری و نادروستی قسەکانیان لە عوسمانییەکان و عەرەبەکان، لەم کۆنفرانسەدا بە بەرچاوڕوونی و تیشکی زیاتر خرایە سەر ئایین و کولتوور و جوگرافیای کوردانی ئێزدی کە ناحەقییان کردووە بەرامبەرمان، هەموو ئەو شتانە ڕاستکرانەوە بۆ ڕای گشتی و جیهانی و نێودەوڵەتی کە بەو ئەقڵیەتە تەسک و چەوشەکارییەوە نووسراون، ئەمڕۆ هەموو ئەوانە گۆڕاون و ئێمە خۆمان بڕیار لەسەر خۆمان دەدەین و دەنووسین و ئێمە کوردین و یەزیدی نین بەڵکوو ئێزدین و داوامان کرد چیتر ئەم وشەیە بەکارنەهێنرێت.