بەڵگە مێژووییەکانی نێو ئەم کتێبە لە خۆشەویستیی مستەفا بارزانیی دەدوێن
کاریزمای کورد بارزانیی نەمر لە بەڵگە مێژووییە لەبیرکراوەکاندا
سەلام عەبدوڵڵا
کتێبی (کەسایەتیی مستەفا بارزانی، لە هزری رووناکبیرانی شاری سلێمانیدا) لە نووسینی رۆژنامەنووس زانیار سەردار قڕگەییە و لە چاپێکی جوان و رووندا و بە قەبارەیەکی گەورە و رەنگاوڕەنگ و لە دووتوێی ٨٩٦ لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە. ئەم کۆبەرهەمە، دەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لای رۆشنبیران و خوێنەرانی کورد و ئەکادیمییەکان هەبووە، کە بووە هۆی جووڵاندنی پێنووسی هەندێکیشیان و راوبۆچوونی خۆیانی لەسەر بدەن، تا هەنووکە بە ئەرێنی و زۆرباش شرۆڤەی بابەتەکانی ئەم بەرهەمەیان کردووە. منیش پێم باش بوو راوبۆچوونی خۆمی لەسەر بدەم و سێ بیرەوەریی ساڵانی رابردووی خۆیشم، کە پەیوەستن بە بارزانیی نەمر، ئاوێتەی ئەم بابەتە بکەم و زیاتر دەوڵەمەندی بکەین .
سەرەتا با لەم کتێبەوە دەست پێبکەم..
ئەم کۆبەرهەمە، پێکهاتووە لە دوو لێکۆڵینەوەی مێژوویی گرنگ، بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگی مێژووییە،یەکەمیان: لەسەر دەربەدەرکردن و راگواستنی بارزانییەکان و نیشتەجێبوونیان و چۆنیەتی ژیان بەسەربردنیان لە شاری سلێمانی و، پاشان چۆنیەتیی دەربازبوونی بارزانیی نەمر لە سلێمانییەوە بۆ دەڤەری بارزان. لێکۆڵینەوەی دووەمیشیان، بە ناونیشانی (رۆژی 23/10/1958 بارزانیی نەمر سەردانی شاری سلێمانی دەکات) باس لەوە دەکات، کە خەڵکی ئەم شارە چۆن ئامێزی گەرم و جۆش و خرۆشی خۆشەویستییان بۆ بارزانیی نەمر دەکەنەوە و بەڵێن و وەفا بۆ رێبازی کوردایەتی دووپات دەکەنەوە. نووسەر چۆنیەتیی ئەو پێشوازییە گەرمە بە وێنە پیشان دەدات و چۆنیەتیی پێشوازیی جەماوەری سلێمانی و دەربڕینی خۆشەویستییان بۆ بارزانی دەخاتە روو، وەک بەڵگەیەکی زیندوو لە دوو توێی ئەم کتێبەدا تۆماری کردووە.
جگە لەو دوو لێکۆڵینەوەیەی ئاماژەمان پێدا، ئەم کتێبە لە چوار بەشی دیکە پێکهاتووە، بەم شێوەیە:
بەشی دیدار و گفتوگۆکان، کە دیمانەی رۆژنامەوانین و لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی بەرزی بواری زانستی مێژوویی و نووسەر و رۆشنبیری و رووناکبیرەکانی شار، کە زۆربەیان لە کەسانی ناوداری ئاکادیمیستی بە ئەزموونی سنووری شاری سلێمانی پێکهاتوون.
بەشی شیعرەکان: شیعری زیاتر لە (٨٥) شاعیری ناسراو و بەناوبانگی شاری سلێمانین، کە هەیانە زیاتر لە جارێک و دووجار شیعریان بۆ بارزانیی نەمر نووسیوە، کە کۆی گشتیی شیعرەکانی ناو ئەم پەرتووکە (٩٥) شیعر لەخۆ دەگرێت، کە پشتیوانی و خۆشەویستی و وەفا و بەڵێن نوێکردنەوە و رێزیان بۆ مستەفا بارزانی دەربڕیوە و بە کاریزمایەکی بەرز و مەزنی نەتەوەیی دەنرخێنن.
بەشی نامە و دیکۆمێنتەکان: بریتییە لە کۆمەڵێک نامەی دەگمەن و نایاب و بەنرخی سەردەمی رابردوو، کە زۆر باس و خواسی گرنگ لەخۆ دەگرن و سەردەمانی شۆڕش و خەباتی کوردایەتی شرۆڤە دەکەن. لەگەڵ پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان بارزانی و نەوەکانی، لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی شاری سلێمانیدا.
بەشی وێنەکان: ئەم کتێبە، چەندین وێنەی دەگمەن و گرنگی مێژوویی و ئەرشیفی بەنرخ و کەموێنە لەخۆ دەگرێت، ئەم وێنانە زۆربەیان تا ساتی چاپکردنی ئەم کتێبە نەبینراون و بڵاونەکراونەتەوە، زانیار قڕگەیی، بە دڵسۆزانە و پەرۆشانە و گەڕیدەئاسا بەدوایاندا گەڕاوە و پەیدای کردوون و توانیویەتی لە فەوتان رزگاریان بکات، ئێستاش وەک بەڵگەی زیندووی رۆژگاری رابردوو بۆ ئەم سەردەمە بەکاریان بهێنێت. ئەمەش هەمووی رێز و خۆشەویستی و وەفاداریی جەماوەری سلێمانی بۆ سەرۆک بارزانیی نەمر دەخەنە روو و، هەمان کات سەنگ و بایەخی ئەو رابەرە مەزنەش بەدیار دەخەن.
ئەم بەرهەمە لەو کارە گرنگ و پڕ بایەخانەی زانیار سەردار قڕگەیی سەرچاوەی گرتووە، کە ساڵانێکی زۆرە خۆبەخشانە بۆ مێژووی کورد و بارزانیی نەمر، زەحمەت و ماندووبوون و شەونخوونی پێوە دەکێشێت و زۆر رووداوی گرنگ و پڕبایەخی بارزانی و بارزانییەکانی لەم شارە، لە کونجی فەرامۆشی و لەبیرچوون رزگار کردووە. جگە لەوەش، کۆمەڵێک لە کەسایەتییە پایەبەرزەکانی رامیاری و سەربازی و ئەکادیمییەکانی بواری زانستی هێناونەتە قسە و گفتوگۆی لە تەکدا سازداون، ئەوانەیش لای خەڵکی بەگشتی جێی رێز و بڕوا و متمانەن و وتەکانیان گرنگی و بەها و سەنگی خۆی هەیە، بۆ نموونە: کەسایەتیی وەک”فوئاد عارف، د. کەمال مەزهەر، پرۆفیسۆر د. مستەفا زەڵمی، پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ، پرۆفیسۆر نەسرین فەخری، پرۆفیسۆر د. کەمال خەیات، پرۆفیسۆر د. کاوس قەفتان، د. ئیحسان فوئاد، پرۆفیسۆر د. خالید شێخ محەمەدخاڵ، حەمەیمەلا کەریم، جەلالی ئەمین بەگ، مامۆستا کەریم زەند و.. زۆری تر. گرنگی و بایەخی هەموو ئەم دیدارانە لەوەدایە، کە زۆربەیان لە ژیاندا نەماون و بە تەنیا دیدارێکیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە و زانیار خاوەنیەتی.
ئەم کارەی (زانیار قڕگەیی) جێی پێزانین و رێزێکی زۆرە، چونکە ئەو کارەی لە شاری سلێمانی ئەنجامداوە و بەدوای بەڵگە راستەقینە مێژووییەکاندا گەڕاوە، کە هەروا ئاسان نییە، چونکە ئیرهابی فیکری بە ئاستێکە، کە بە رووکەش سیمایەکی بارزانی لەو شارە سڕاوەتەوە و تەنانەت باخچەیەکیان شەقامێکیش ئەمڕۆ بەناوی ئەو سەرکردە مێژووییەوە نییە، کە سەراپای تەمەنی لەپێناو گەلەکەیدا بەخت کرد.
لەو رووەوە دەمەوێت ئەو نووسینەی لەیادی (٩٠) ساڵەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمردا- لە پیرمام پێشکەشم کرد، ئاوێتەی نێو ئەم بەرهەمەی بکەم و لێرەدا بڵاوی بکەمەوە.
* * *
لە ساڵی ١٩٥٧دا، بۆیەکەمین جار ناوی بارزانیم بیست، ئەوکاتە تەمەنم نۆ ساڵان بوو، برادەرێکی قوتابیم، کە چەند ساڵێک لە من هەڵکشاوتر بوو، بەڵام (هاوکلاس) بووین، لە حەوشەی قوتابخانەکەدا وێنەیەکی لە باخەڵ دەرهێنا و چەند جارێک ئاوڕی لەملاولەولای خۆی دایەوە و پاشان بە ترسەوە پیشانی دام. پیاوێکی بە هەیکەل، سەروسیمای بە ویقار، چاو و برۆیەکی سەرنجڕاکێش، دەستێ جلی ئەفسەری رووسیی پۆشیبوو. منیش بە سەرسوڕمانەوە تێم دەڕوانی، کە هاوەڵەکەم زۆر بە شانازییەوە گوتی: ئەمە وێنەی ژەنەراڵ بارزانییە، من ئەوەندەی تر سەرم سوڕ ما. ئەوەیەکەمین جارە ئەو ناوە ببیستم. هاوەڵەکەم هەستی بەو سەرسامییەم کرد، بۆیە دەستبەجێ گوتی: (وا بۆ چەندین ساڵ دەچێت ژەنەراڵ بارزانی لە رووسیایە)…
ئیتر پاشان ئەوەندەی، کە زانیاریی لابوو (ئەگەرچی تا رادەیەک کەم و سادەش بوون، بەڵام هەر زۆر بوون) بەپەلە پێشکەشی کردم. بۆ ئێوارێ دوای نانخواردن، دەربارەی بارزانی پرسیارم لە (مەلا عەبدوڵا)ی باوکم کرد، ئەویش ئەوەندەی کە دەیزانی (لەڕاستیدا کەم نەبوو) بۆی باس کردم، بەڵام باوکم وەک پیاوێکی ئایینی زۆر دژی رووسیا بوو. ئەو هەر بە (رووسیا) ناوی دەبرد، بۆیە ئەوەندەی لەسەر نەڕۆیشت.
* * *
دوو ساڵ لەوەودوا، واتە لە ساڵی ١٩٥٨دا، وابزانم رۆژی هەینی بوو- لەگەڵ منداڵێکی دراوسێمان، کە ئێستا لە وڵاتی نەمسا نیشتەجێیە. لەبەردەم خۆماندا، کە چەند شەقاوێک لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی (مزگەوتی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ) دوورە،یاریمان دەکرد، کە قەرەباڵغییەکینائاسایی لەبەردەم دەرگەی مزگەوتەکەدا سەرنجی راکێشاین.
کاتێک لەو حەشاماتە خرۆشاوە نزیک بووینەوە، پرسیارم لە کابرایەکی بەساڵاچوو کرد، کە زۆر بە حەماسەتەوە دڕی بەو خەڵکە دەدا، لە وەڵامدا بێ ئەوەی سەیرم بکات، گوتی: (ژەنەراڵ مستەفا بارزانییە، لە ژوورەوەیە، زیارەتی مەزاری حاجی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحموودی نەمردەکات)…
ژەنەراڵ بارزانی!؟ هیچ کاتم لەکیس خۆم نەدا. پەلی هاوەڵەکەم گرت، دڕدان بەو حەشاماتە، بۆ ئێمەی منداڵ کارێکی لە وزەبەدەر بوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە چەند پاسەوانێک بەردەرگاکەیان گرتبوو، نەیاندەهێشت کەس بچێتە ژوورێ، بۆیە بە هاوەڵەکەم گوت کە دوام کەوێت، چونکەمن دەمزانی لەکوێوە بچینە ژوورێ.
حوجرەکەی باوکم، کە تێیدا دەرسی قورئانی بە منداڵان دەگوت، دەکەوتە پشتەوەی مزگەوتی گەورە.
کاتێک بەڕاکردن گەیشتینە بەردەرگەی پشتەوە، دەرگاکە لەسەرپشت بوو، بۆیە راستەوخۆ چووینە ژوورەوە، لە حەوشەی مزگەوتدا کەسمان بەدی نەکرد، بۆ ساتێک بە واق وڕماوی، بێ ئومێدانە راوەستاین. خەریک بوو پرسیار لە هاوەڵەکەم بکەم، کە لەناکاو مرۆڤێکی تێکسمڕاو، گورجوگۆڵ، برۆ قەترانیی رووخۆش، کە چاکەت و پانتۆڵێکی شینی ئاسمانیی پۆشی بوو، لە میحرابی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ هاتە دەرێ. چەند پیاوێکی لەگەڵدا بوو، یەکسەر و بێ هیچ بڕیارێکی پێشەکی، بەرەوڕووی ژەنەراڵ رام کرد و پەلاماری دەستیم دا و ماچم کرد. بارزانیش وەک باوکێکی دڵسۆز، دەستی هێنا بە سەرمدا و نووشتایەوە و سەری ماچ کردم.
ئەوە- بەداخەوە- یەکەمجار و دواجار بوو، کە رووبەڕوو بە دیداری مستەفا بارزانیی نەمر شاد بم.
ئێوارێ رووداوەکەم بۆ باوکم گێڕایەوە، ئەویش زۆر ستایش و ئافەرینی کردم و چەند جارێک سەری ماچ کردم و لەسەرخۆ پێی گوتم: (کوڕم، کەم کەس لەو تەمەنەی تۆدا بە خزمەت کەڵەپیاوێکی وا هەڵکەوتوو دەگات؟.
(ماوەیەک بێدەنگ بوو، جارێکی تر سەری ماچ کردمەوە و گوتی: (تۆ دەتوانی هەمیشە شانازی بەم رۆژەوە بکەیت).
* * *
بیست ساڵ لەوەودوا، لە ساڵی ١٩٧٩دا، کاتێک بە کارێکی نهێنی دەمویست بە تورکیادا، هەر بە نهێنی بۆ (سووریا) بچم، لە شاری (گەڤەر)ی نزیک (وان)، کەوتمە نێو داوی کەمینێکی چاوەڕوان نەکراوەوە.
مانگێک لەوەودوا کاتێک تورکەکان دەیانویست تەسلیمی عێراقم بکەنەوە، لە شاری (جەزیرە)ی کوردستانی تورکیا، دەرفەتم هێنا و لە دەست جەندرمەکان هەڵاتم، بەڵام ئەوەندەی نەبرد، جەندرمەکان، کە سێ مرۆڤی پڕ چەک بوون، لە ناوەڕاستی شاردا گرتمیانەوە و ئیدی بەناچاری کەوتمە شەڕێکی نابەرابەرەوە، ئەوان بە قۆنداغە تفەنگ و منیش بە دەستی بەتاڵ، ئەوان هەوڵی ئەوەیان دەدا کەلەپچەکە- پێشتر، بۆ پشوو، کردبوویانەوە- بکەنەوە دەستم، منیش سەرگەرمی بێنەوبگرەی تفەنگی لێپرسراوەکەیان بووم.
لە چاوترووکانێکدا خەڵکێکی زۆرمان لێ کۆ ببووەوە، کەسیش نەیدەوێرا لە هۆی ئەم شەڕە نابەرابەرە بگات. هەموو هەر تەنیا بە چاوی بەزەییەوە، چاوەڕوانی سەرجەمی ئەو بگرە و بەردەیە بوون.
ویستم هەر چۆنێک بێت هەستی ئەو خەڵکەی دەور و پشتمان بەرامبەرم ببزوێنم، تەسلیمکردنەوەم بە عێراق مەرگێکی مسۆگەر و بەڵگەنەویست بوو، هەر دوو ساڵ لەوەوبەر لە زیندانی (هەیئەی کەرکووک)، دوای دەرچوونی حوکمی ئیعدامم، رام کردبوو، بۆیە بەناچاری هاوارم کرد: (خەڵکینەئەم جەندرمانە دەیانەوێ تەسلیمی عێراقم بکەنەوە. من پێشمەرگەم)…
خەڵکەکە لەنێو خۆیاندا کەوتنە مقۆمقۆ، بەڵام کەس لە جێگەی خۆی نەجووڵا، جەندرمەکان تاکێک کەلەپچەکەیان کردەوە مەچەکم و منیش بە هەموو توانای خۆم تفەنگی گەورەی جەندرمەکانم رادەتەکاند و دەمویست لە دەستی دەربەێنم، هەوڵێکی بێسەمەر بوو، زیندانەکانی بەعسم دەهاتە پێش چاو، داد و فیغانی بەندەکان، کە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دەیانناڵاند، گوێی کاس دەکردم، مردن بە هەموو جەبەرووتیەوە لەبەر چاوم سەمای دەکرد، هێندەی نەمابوو مەلی هیوام باڵی بشکێ و خۆشم تاڵاوی سەرنەکەوتن بەناچاری بنۆشم،یا ئیلاهی چۆن سۆزی ئەم خەڵکە رابتەکێنم، ئەوان خەریک بوون تاکی چەپی کەلەبچەکە لە مەچەکم گیر بکەن، هێندەی نەمابوو لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتوو بن، لەڕاستیدا منیش هێجگار شەکەت بووبووم، بۆیە جارێکی تر پڕ بەدەم هاوارم کرد، من پێشمەرگەی بارزانیم..
بە بیستنی ناوی بارزانی، ترس و لەرز و پەشۆکاویی لەنێو دڵی جەندرمەکانداڕەنگی دایەوە، ناوی بارزانی بۆ ئەوان بێ ئەندازە تۆقێنەر بوو، هەروەک بۆ خەڵکەکەش پاڵپێوەنەرێکی بێ وێنە بوو، جەماوەرەکە خرۆشا، دەنگی ناڕەزایی بەرامبەریان لە هەموو لایەکەوە بەرز بووەوە، ئەلقەی دەوریان تا دەهات تەنگتر دەبووەوە، سەروچاوی خەڵکەکە سوور هەڵگەڕان، جەندرمەکانیش ترس و نیگەرانی و رەنگی پەڕیویان بەئاشکرا پێوە دەبینرا.
گوێم لە نەعرەتەی حەشاماتە خرۆشاوەکە بوو، کە هاواریان دەکرد: (پەلامار دەن، رزگاری کەن، پێشمەرگەی بارزانییە…) لە چاوترووکانێکدا پەلاماری جەندرمەکانیاندا و منیان لەژێر چنگیان دەرهێنا. تەقە و تفەنگ و کەلەپچە و بەرگی سەربازی، بەرامبەر مەزنیی ناوی بارزانی هەر بایەخی نەبوو. بۆیە ژیانم قەرزارباری گەورەیی ناوی ئەو نەمرەیە.
* * *
دڵنیام ئەم کتێبە دەبێتە هۆکارێک بۆ بیرخەرەوەی هەموو ئەو بیرەوەری و یادگارییە مێژووییانەی رابردوو، بۆ نووسینەوە و تۆمارکردن و یاداشتکردنیان و بڵاوکردنەوەیان، تاکوو وەک بەڵگەی زیندوو سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت.
لەکۆتاییدا دەڵێم، ئەرکێکی نیشتمانیی زۆر گرنگە، کە هەموو ئەوانەی بیرەوەرییان لەگەڵ بارزانیی نەمردا هەیە، گەر تۆمار و بڵاویان نەکردووەتەوە، تا زووە ئەو کارە بکەن، بەتایبەتی کە بارزانی، لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان و لەنێو کوردەکانییەکێتیی سۆڤیەتی کۆندا،ماوەی دەورووبەری (١٢) ساڵ ژیاوە، کە دیارە خەڵکانێکی زۆر بە دیداری گەیشتوون و بیرەوەرییان لەسەری هەیە و پێویستە ون نەکرێت و لە تۆمارەکانی مێژوودایاداشت بکرێن..
لەڕاستیدا ژیانی بارزانی مەزن پڕیەتی لە بەسەرهات و رووداوگەلێکی گرنگ و بایەخدار، کە شایانی ئەوەیە لە هەموو لایەنەکانی بکۆڵێرێتەوە و بخرێتە بەردەم نەوەینوێ و ئاشنایی لەگەڵ مێژووی سەروەرانی خۆیدا پەیدا بکات، کە سەراپای ژیانیان بۆ خزمەتی گەل و وڵات تەرخانکرد و لەپێناویدا مێژوویەکی سەنگین و پڕ سەروەرییان بۆ گەلەکەمان بەجێهێشت، کە مایەی شانازییە بۆ هەموومان.
هیوادارم ئەم کتێبە سەنگین و بەنرخە، سەرلەنوێ و بە تیراژێکی باش چاپ بکرێتەوە، چونکە مێژوویەکی گرنگی بارزانیی نەمر و شاری سلێمانی دەخاتە روو کە لە قۆناغە سەختەکاندا ئاوێتەییەکتر بوون. هەروەها لەدوای چاپییەکەم و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەنگدانەوەیەکی باشیهەبووە و زۆرێک لە نووسەران و رووناکبیران و مامۆستایانی زانکۆ و مێژوونووسان بە بایەخەوە قسەیان لەسەر کرد و هەڵسەنگاندێکی ئەرێنییان بۆی هەبوو، لەئێستاشدا چاپکردنەوەی بە پێویست دەزانین. وەک زانیار سەردار قڕگەییش لەم رۆژانەدا رایگەیاند: “لەئێستادا بەشییەکەم و دووەمی ئەم کارە ناوازەیە لە دووتوێی بەرگێکی قەشەنگدا ئامادەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەچاپی بدەنەوە، ئەگەر دەزگا و ناوەندێک لوتف بکەن و ئەرکی لەچاپدانەوەی بگرێتە ئەستۆیی خۆی و هەوڵی چاپ و پەخشی لە ئەستۆ بگرێت”.
پێویستە جارێکی تر دەستخۆشی لە رۆژنامەنووس زانیار سەردار قڕگەیی بکەین، بۆ ئەم کارە بەنرخەی و بە توندی دەستەکانی دەگوشین.