خەبات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- له دوا گه‌شتم بۆ شاری به‌غدا.. كه ئه‌مجاره له گه‌شته‌كانی پێشوو جیاوازتر بوو به‌هۆی بوونی كاتی زیاتر‌و گه‌ڕانی كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ئه‌و شاره، چه‌ندین تێبینیم لا دروست بوو، له نێوان باش و خراپی دا، هه‌روه‌ها رێڕه‌وی ئاوه‌دانی به‌شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ ڕووی تێكردووه. كه هه‌ندێكیان به‌هۆی رێكخستنی لوتكه‌ی عه‌ره‌بییه كه وا بڕیاره له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه له‌م شاره ببه‌سترێت. له‌م ریپۆرتاژه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و دیمه‌نانه‌ی له‌و ماوه‌یه به‌رچاوم كه‌وتووه، به كورتی بۆتان بگێڕمه‌وه:
به‌یانیانی به‌غدا
رۆژێكیان من و هاوڕێیانی گه‌شته‌كه‌م بڕیارماندا به‌یانی زوو بچینه گه‌ڕه‌كی (سه‌درییه) بۆ خواردنی نانی به‌یانی، سه‌ره‌تا ئۆتۆمبیله‌كه‌مان له گه‌راجێك راگرت، بۆ نرخه‌كه‌ی داوای (4) هه‌زار دیناری كرد (شۆك بووین)، دواتر به پیاده به‌نێو بازاڕی ئه‌و گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه ڕۆیشتین، كاتژمێر خۆی له 6.15 خوله‌كی به‌یانی بوو، گه‌وره‌و بچووك خه‌ریكی نان خواردن بوون، ئافره‌تانی به ته‌مه‌ن له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتبوون شیر‌و قه‌یماغ و په‌نیریان ده‌فرۆشت، له‌سه‌ر شۆسته‌كانیش سه‌وزه‌و میوه دانرابوون. به‌م به‌یانییه زووه بازاڕ جمه‌ی ده‌هات.
رۆژنامه‌فرۆشی
كاتژمێر 7.30 خوله‌ك، له‌سه‌ر شه‌قامێك ڕاوه‌ستاین بینیمان رۆژنامه‌فرۆشێك چه‌ندین رۆژنامه‌ی له‌پێش خۆی داناوه، منیش ماوه‌ی پێنج خوله‌ك لای مامه‌وه‌و چاوه‌ڕێم ده‌كرد بزانم له سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیاو سۆشیال میدیا، كه‌س هه‌یه رۆژنامه بكڕێت؟ ئینجا په‌یتا په‌یتا خه‌ڵك په‌یدا بوون و داوای ڕۆژنامه‌یان ده‌كرد، له خاوه‌نه‌كه‌م پرسی: رۆژنامه‌ت له كوێ به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت؟ ئه‌ویش گوتی: له به‌غدا بۆڕسه‌یه‌ك هه‌یه بۆ فرۆشتنی رۆژنامه‌و گۆڤار، هه‌ر كه‌س بیه‌وێت له‌وێ به‌شێوه‌ی كۆ رۆژنامه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێت، منیش رۆژانه چه‌ند دانه‌یه‌ك ده‌هێنم و لێره ده‌یانفرۆشمه‌وه. پرسیم: كێن ئه‌وانه‌ی ڕۆژنامه ده‌كڕن؟ گوتی: زیاتر ئه‌و كه‌سانه خانه‌نشین و ته‌مه‌ن گه‌وره‌ن، پرسیم: كام له رۆژنامه‌كان فرۆشیان زۆره؟ گوتی: هه‌موو رۆژنامه‌كان خوێنه‌ری خۆیان هه‌یه، لێره‌دا دڵم ئاوی خوارده‌وه كه خه‌ڵكانێك هه‌ن ئێستاش باوه‌ڕ به هه‌واڵی رۆژنامه ده‌كه‌ن و پاره‌ی پێ ده‌ده‌ن و ده‌یخوێننه‌وه.
ڕووباری دیجله
له به‌غدا، رووباری دیجله به یه‌كێك له شاده‌ماره‌كانی ژیان هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجم دایێ، ئاسته‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیووه، كاتێك پرسیارم كرد، گوتیان به‌هۆی كه‌میی بارانی ئه‌مساڵه، خه‌ڵكه‌كه به بینینی دیمه‌نه‌كانی دیجله خه‌مبار ده‌بوون، كه ساڵانێكه ئاستی له نزمی ده‌دات.
باڵه‌خانه ناوازه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی
كاتێك به گه‌ڕه‌كی جادریه گوزەرده‌كه‌ی، له نزیك كه‌ناری رووباری دیجله، باڵه‌خانه‌یه‌كی ناوازه‌ت به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش تاوه‌ری بانکی ناوەندی عێراقه، كه 172 مەتر به‌رزه، ئەم تاوەرە له له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو زوها حه‌دید دیزاین كراوه، لەسەر ڕووبەری 19000 مەتر دووجا دروستکراوە و لە 38 نهۆم پێکهاتووە کە 3 نهۆم لە ژێر ئاستی زەوی و 35 نهۆم لە ئاستی زەوی و بەرزییەکەی 172 مەترو دیوارێکی پتەوکراو بە ئەستووری 573 مەتر کە 270 کۆڵەکە بە قووڵایی 50 مەتر لەخۆ دەگرێت و باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق بەرزترین باڵەخانەیە لە ژێر دروستکردندایە لە عێراقدا و لە نووسینگە و هۆڵی کۆنفرانس و قاسەکەی دراو و زێڕ و مۆزەخانە و شانۆیەک بۆ ئاهەنگ گێڕان و دەورەدراوە بە ڕووبەری سەوز لە دەرەوە.
گۆڕه‌پانی ته‌حریر
ئه‌و گۆڕه‌پانه پێشتر به (گۆڕه‌پانی شاژنه عالیه) ناودێر ده‌كرا، له ئێستادا بووه‌ته (ته‌حریر)، تابلۆیه‌كی گه‌وره له خۆ ده‌گرێت كه شێوه‌كار جه‌واد سه‌لیم دروستی كردووه، ده‌كه‌وێته ناوجه‌رگه‌ی به‌غدا، رۆژانه هاووڵاتییان له‌وێ بۆ داوای مافه‌كانیان، خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، هێزه ئه‌منییه‌كانیش بۆ ڕوونه‌دانی گرژی له‌وێ ئاماده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته نێو بازاڕێكی قه‌ره‌باڵع، گه‌شتیاران سه‌ردانی ده‌كه‌ن و وێنه‌ی یادگاری له‌گه‌ڵ ده‌گرن.
گه‌ڕه‌كی به‌تاوین
له‌م گه‌ڕه‌كه مێژووییه پشتگوێخراوه، باڵه‌خانه‌ی كۆن ده‌بینرێن، هه‌ندێكیان به شێوازێكی ئه‌ندازەیی جوان بونیاد نراون، كه تا ئێستاش جوانییان له‌ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵام به‌هۆی پیسی و خراپی شوێنه‌كه، زۆر كه‌س ناتوانی سه‌ردانی بكات، ساڵانێكه به‌هۆی هه‌رزانیی شوققه‌و خانووه‌كانی، خه‌ڵكی سودانی و میسری و غه‌ریبه‌ی لێ ده‌ژیت. به‌هۆی كاری خراپه، ناوه ناوه پۆلیس و ئاسایش به‌سه‌ریان داده‌ده‌ن و رۆژانه خه‌ڵكی خراپیان ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.
شه‌قامی ڕه‌شید
ئه‌و شه‌قامه پێشتر پێی ده‌گوترا (شه‌قامی خه‌لیل پاشا) كه له ساڵی 1910 به‌ناوی خه‌لیل پاشای حاكمی به‌غدا كرابوو، كاتی خۆی به یه‌كێك له كۆنترین و ناسراوترین شه‌قامه‌كانی به‌غدا هه‌ژمار ده‌كرا، له ئێستادا ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وتۆته نێو جه‌رگه‌ی بازاڕ، پیسی و زبڵی تێدا كۆبۆته‌وه، هه‌روه‌ها به‌هۆی ته‌سكی شه‌قامه‌كه‌و زۆری ئۆتۆمبیل، جوانی و خۆشی لێ بڕاوه.
شه‌قامی موته‌نه‌بی
ئه‌و شه‌قامه ده‌كه‌وێته نێو جه‌رگه‌ی به‌غدا، نزیك ناوچه‌ی مه‌یدان و شه‌قامی ڕه‌شید، به بازاڕی رۆشنبیرانی عێراق هه‌ژمار ده‌كرێت، بازاڕی كتێب فرۆشی تێدا گه‌رمه، به‌تایبه‌تی رۆژانی هه‌ینی، له ئێستادا به‌شێكی ئه‌و شه‌قامه نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌و گه‌شتیاران به شه‌وو ڕۆژ ڕووی تێ ده‌كه‌ن، چه‌ندین جۆر وێنه‌و لۆگۆی شوێنه‌وارو په‌یكه‌ری كه‌سایه‌تییه‌كانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سیاسی تێدا ده‌فرۆشرێت كه خه‌ڵك بۆ یادگاری له‌گه‌ڵ خۆیانی ده‌به‌نه‌وه. له سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌قامه په‌یكه‌ری شاعیری به‌ناوبانگ (ئه‌بو ته‌یبی موته‌نه‌بی) دروست كراوه، هه‌ر له‌م شه‌قامه چه‌ندین باڵه‌خانه‌ی كۆنی تێدایه، له‌وانه باڵه‌خانه‌ی دادگای كۆن كه ئێستا پێی ده‌گوترێت قشله، هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری رۆشنبیری عێراقی كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رووباری دیجله.
قاوه‌خانه‌ی شابه‌نه‌در
ئه‌م قاوه‌خانه‌یه یەکێکە لە بەناوبانگترین کافتریاکانی بەغدا و دەکەوێتە کۆتایی شەقامی موته‌نه‌بی، لە نزیک بینای قشلە، بینای کافتریاکە پێشتر «چاپخانەی ئەلشابندەر» بووە کە لە ساڵی 1907 دامەزراوە و مو‌سا ئەلشابه‌ندەر خاوه‌نی بووە، لە ساڵی 1941 لە وەزارەتی ڕەشید عالی ئەلگه‌یلانی وەزیری دەرەوە بووە. ئێستا بۆتە یەکێک لە یانە گرنگەکانی کۆمەڵایەتی بەغدا و بە یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی کەلتووری به‌غدا دادەنرێت کە تێیدا قسە لەسەر کلتور و هونەر و شیعر و سیاسەت دەکرێت. هه‌ر گه‌شتیارێك سه‌ردانی ئه‌م ناوه بكات، هه‌ر ده‌بێ چایه‌كیش له‌م قاوه‌خانه‌یه بخواته‌وه، كه ده‌چیته ژووره‌وه وێنه‌ی به‌رپرسان و رۆشنبیران له سه‌ر دیواره‌كانی هه‌ڵواسراون.
ناوچه‌ی كازمییه
دوا سه‌ردانی گه‌شته‌كه‌مان ناوچه‌ی كازمییه بوو، کە یەکێکە لە ناوچە دێرینەکانی بەغدا لە لای کەرخ، مەزارگەی ئیمام موسى کازمی تێدایه‌و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌ویش ناونراوە كازمییه. بەناوبانگترین بازاڕی زێڕی عێراقی تێدایە کە پڕە لە کڕیاران، بەتایبەتی زاواکان بۆ کڕینی زێڕ دێنه ئه‌وێ. ڕۆژانه به سه‌دان كه‌س سه‌ردانی مەزارگەی مو‌سا كازم ده‌كه‌ن، نوێژی لێ ده‌كه‌ن و قورئانی تێدا ده‌خوێنن، له‌خۆدان و خوێندنی سروتی ئایینیشی تێدایه، خه‌ڵكانی شیعه مه‌زهه‌ب ده‌رگاو به‌ردی شوێنه‌كه‌ش ماچ ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به شوێنێكی پیرۆزی ده‌زانن.
