بارزان كەمال
زیادبوونی ژمارەی بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر مەترسییەكی گەورەی سەر تەواوی دەوڵەتانە و بەشێك لە وڵاتانی جیهان بەجۆرێك بەدەستییەوە گیرۆدەبوونە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان لاواز بووە، بە جۆرێك، كە باندەكانی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر هێندە بەهێزبوونە، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سووپای وڵاتەكەیان هەیە.
پسپۆر و پزیشكانی تایبەتمەند لە چارەسەری ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر، باس لەوە دەكەن تەنیا ئەوانەی مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنن، موعتادن و پێیانووایە جگەرە و مەیخواردنەوە و نێرگەلە و ڤەیپ ناچنە چوارچێوەی ئالوودەبوون، چونكە جگەرەكێش و مەیخۆرەوە پەنا بۆ هەموو رێگایەك نابەن لەپێناو دەستكەوتنی جگەرە یان خواردنەوە كحوولییەكان، بەڵام ئالوودەبووان بە مادەی هۆشبەر پەنا بۆ دزیكردن و تاوان و تەنانەت كوشتنیش دەبەن، لە پێناو دەستكەوتنی بڕێكی زیاتر لەو مادەیەی بەكاری دەهێنن.
ئەم بۆچوونە تا ئاستێكی زۆر راستی تیایە و هەزاران كەس ئارەزوومەندانە یان بەهۆی باری تەندروستییان وازیان لە جگەرەكێشان و مەیخواردنەوە هێناوە، بەبێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكی خراپی لەسەریان هەبووبێت و بە پێچەوانەوە كاریگەری زۆر باشی هەبووە، بەڵام وازهێنان لە مادە هۆشبەرەكان ئاسان نییە و تا ئاستی مەحاڵ قورسە، تەنانەت بێتوانایی لە وازهێنان و بەکارنەهێنانی دەرمانەکەش کێشەی تەندروستی بۆ ئالوودەبوو دروست دەكات و تووشی لەبیرچوونەوەی دەكات، ئالوودەبوو لەو حاڵەتەدا پەنا بۆ هەموو شتێك دەبات و لەرووی دەروونی و جەستەییەوە ڕووبەڕووی داڕووخانێكی سەخت دەبێتەوە، كە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی جیهان نەخۆشخانەی تایبەت بە ئالوودەبووانیان دروستكردووە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشكی پسپۆر چارەسەر بە ئالوودەبووان دەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە بەشێكی وڵاتانیشدا ئالوودەبووان ڕووبەرووی سزای یاسایی دەكرێنەوە و زیندانیش دەكرێن.
ڕێنمایی و هۆشداری زۆر بڵاودەكرێنەوەو لایەنە پەیوەندیدارەكان پرسی ئالوودەبووان بە هەند وەردەگرن و لە ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و چۆنیەتی چارەسەكردنی تووشبووان درێخی ناكەن، بەڵام بۆ چارەسەری ئەو كەسانەی تووشی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بوون، چارەسەری دەروونی و پزیشكی پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانی مادەی هۆشبەر پێویستە بە سزای یاسایی قورس سزا بدرێت، بەگشتی پێویستە موعتاد یان ئەوەی بە ئالوودەبووان ناوزەد دەكرێن، بۆ دووركەوتنەوە لە مادە هۆشبەرەكان بە كارێك یان پیشەیەك سەرقاڵبكرێن و ئەگەر ڕێژەی بەكارهێنانی مادەكە زۆر نەبوو، بەڵام ئەوانەی بە تەواوی ئالوودەی مادەی هۆشەبەرن و موعتادی تەواون، پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی هەیە و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانیشدا، ئالوودەبوو وەك نەخۆش سەیر دەكرێت و مامەڵەی تۆمەتباری لەگەڵ ناكرێت.