ناسنامەی نەتەوەیی یان ناسنامە لاوەکییەکان؟

312
عارف ڕوشدی
گەلی کورد وەکو هەر گەلێکی دیکەی ڕەسەن، (مێژوو، خاک، زمان، داب و نەریت و کولتوور)ی تایبەتی خۆی هەیە، واتە هەموو خەسڵەتەکانی نەتەوەیی لە خۆی گرتووە، ڕاستە ئەگەر بە شیکارییەکی کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوونی ورد کۆمەڵگه‌ی کوردی شیبکرێتەوە، بێگومان دیاردەبێت هەر دەستە و گرووپێک دەگەڕێتەوە بۆ زێدێک (گوندێک) و خێلێک، بەڵام لە کەس شاراوە نییە سەدان ساڵە لە کوردستاندا شار و شارۆچکە دروستکراون و گوندنشینان بە هۆکاری جیا ڕوویان تێکردووە و بەڵکوو بەشدارییەکی بەرچاوییان هەبووە لە ئاوادانکردنەوەیاندا، لە شارەکاندا بە پێی گەشەکردنی چەندایەتی و چۆنایەتیی خواستەکانی ژیان، شیرازە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گوڕانکاریی بنەڕەتی بە خۆیانەوە بینیووە و بنەماکانی ژیانێکی نوێی (کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕۆشنبیری و پیشەگەری) وەک چەکەرەبوونێکی بابەتییانە بوونەتە بیچمی نوێ و جیاوازی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگه‌یەکی پێشکەوتووی (شاری)دا پێداویستییەکانی خۆ گونجاندنیان سەپاندووە، هەروەها، لە هەلومەرجی مێژوویی سەرهەڵدانی قۆناغی دروستبوونی شاردا، پەرەسەندنی پرۆسەی خوێندن و خوێندەواری، هۆشیاریی گشتی و سیاسی لە لایەک، پەیدابوونی بازاڕ و گۆڕانی شێوەکانی ژیان لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانکاریی گەورەیان بەدیهێناوە لە هەموو سێکتەرەکان و پەیوەندیی ڕیزبەندی کۆمەڵایەتیدا، وەک دەرەنجامێک و پێویستییەک: لە پێناوی خۆڕێکخستنەوە و دابینکردنی مەرجەکانی بەردەوامی و پاراستنی بەرژەوەندییەکان، کۆمەڵانی خەڵک ڕوو لە دامەزراندنی ڕێکخراوی سیاسی، پیشەیی و ئابووری دەکەن و دەکرێنە جێگرەوەی دامەزراوە باوەکانی (کۆمەڵگه‌ی گوند و لادێ) وەک لانەی ئارام و بەرگریکار، بۆیە لە ژێر هەژموونی گوڕانکارییەکاندا (هەستی نەتەوەیی نیشتیمانی) و ئازادیخوازی دەبێ سەردەمیانە لە برەودا بێت.
بۆیە لە پێناوی گەشەپێدانی ژیان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێویستە چین و توێژەکانی کۆمەڵگه‌ بەشێوەیەک تەیاربکرێن هاوتەریبی هزری نەتەوەیی و ڕێبازی کوردایەتیی ڕەسەن، چیتر لە چوارچێوەی ناسنامە لاوەکییەکاندا نەخولێنەوە و تەنها چەتری (کوردستانی) بوون ناسنامەی پیرۆز و کۆکەرەوەمان بێت.