خەبات – ساسان دەروێش
پاش چواردە ساڵ لە بەرگری و خۆڕاگری کورد لەسەر زێدی خۆی، لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و گفتوگۆکردنی لایەنە کوردییەکان بۆ چوونیان بۆ دیمەشق وەک یەک شاندی کوردی، دواجار لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداریی تەواوی پارت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێنمایی و پشتیوانی هەمیشەیی سەرۆک بارزانی، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە مارشی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە ئاماده‌بوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی دەستیپێکرد.
کۆنفڕانسەکە بۆ یەکخستنی بۆچوونە جیاوازەکان و ڕووبەڕووبونەوەی پێشهات و ئاڵنگارییەکان بوو.
سەرەنجام کۆنفرانسەکە لە یەک ڕۆژدا لە کەشوهەوایەکی دیموکراسی و خەندە لەسەر لێوانی ئامادەبووان کۆتاییهات و یەکبوونی گەلی کورد وەک دیاری پێشکەش بە دایکی شەهیدان کرا، تەواوی گەلی کوردی بەهەموو چین و توێژەکانەوە دڵخۆش کرد. له‌م باره‌یه‌وه‌ زێوار مستەفا چالاکوان و نووسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان قسەی کرد بۆ خەبات كرد.
سەرەتا زێوار مستەفا باسی لە دەرئەنجام و کۆتاییهاتنی کۆنفرانسەکە بۆ خەبات کرد و گوتی: ‎یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرجەستەکردنی ئیرادەی گەلێکی دێرینە کە چەندین سەدە لە پێناو ناسنامە و مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکانیان خەباتیان کردووە. ‎دیدگای نەتەوەیەک کە خەبات دەکات بۆ ئازادی و کەرامەت و یەکسانی و یەکگرتوویی لەسەر بنەمای ڕاستی و دادپەروەری و ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە هەموو بوارەکاندا، ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان، سەرئەنجام لەهۆڵی شارەوانی قامیشلۆ، کۆنفرانسێکی مێژوویی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا داوای دەوڵەتی دیموکراتی لامەرکەزی و دامەزراندنی یەکڕیزیی سیاسی لە نێوان ڕیزەکانی کورددا دەکرێت.
هەروەها زێوار مستەفا ڕاشیگەیاند: بەڵێ، لە ‎26ی نیسانی 2025، تەنیا کۆنفرانسێکی سیاسیی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو ڕۆژێکی مێژوویی بوو، بڕگەیەکی گرنگ بوو لە مێژووی سیاسی گەلێکدا کە لە مێژە خەباتی دەکرد بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان ببیسترێت و ئاڵایان بەرز بکرێتەوە و ئیرادەیان وەربگێردرێت بۆ یەکێتی ڕاستەقینە لەسەر زێدی باووباپیرانیان لەبەشێکی کوردستان. لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی لێدوان و وتار نەبوون، بەڵکوو بۆ بەدیهێنانی خەونێکی لەمێژینەیدا چاوەڕوانکراو بوو، هەروەک سەرۆک بارزانی سەرکردە و فەرماندە دووپاتی کردەوە: یەکگرتوویی کورد حەتمییه‌، ئەوەی لە کۆنفرانسی مانگی نیساندا ڕووی دا، تەنیا نزیکبوونەوەی هێزە سیاسییەکان نەبوو، بەڵکوو ڕاگەیاندنی فەرمیی ئیرادەی گەلێک بوو کە سەرەڕای چەوساندنەوە، بە نەشکاوی مایەوە و سەرەڕای کارەساتەکان بڵێسەی ئاگرەکەی نەکوژاوەتەوە، بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێت ، ئێمە نەتەوەیەکی زیندووین، توانای ڕاپەڕین و بەردەوامبوون و یەکگرتنمان هەیە، ‎ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە بە بێ پشتگیری وڕێنمایی و دیدگای سەرکردە و مەرجەعی کوردان سەرۆک بارزانی تێنەدەپەڕا، کە هەرگیز لە بانگەوازی یەکڕیزیی کورد نەوەستاوە. بە ڕوونی وتی، و بە پێداگرییەوە دووبارەی کردەوە هێز لەیەکگرتدایە نەک پەرتەوازه‌ی ماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
‎ زێوار مستەفا دەشڵێت: “ئێمە وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی ناوچەکە نەتەوەیەکین، و لە عەرەب، فارس، تورک، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە کەمتر نین، کورد تووشی نادادپەروەریەکی گەورە بووە، ڕۆژێک دێت کە نەتەوەی کوردیش یەکگرتوو دەبێت. ‎قسەکانی سەرکردە و سەرۆک بارزانی، دیدێکی ستراتیژییە بۆ دەیەکانی داهاتوو، سیاسەتی گشتی وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاری بەرجەستە دەکات، نەک تەنیا بەڕێوەبردن. لە ژێر دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا، سیاسەتەکەی بوو بە قوتابخانەی خۆڕاگری و دانوستان و کردەی کردەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان . سەرۆک بارزانی داوای یەکڕیزیی فەرمی نەکرد، بەڵکوو داوای پرۆژەیەکی سیاسیی هەمەلایەنەی کرد، لەسەر بنەمای ئیرادەی جەماوەری و پرەنسیپی ناسیۆنالیستی، لەگەڵ کرانەوەی عەقڵانی بەڕووی هەرێم و ‎جیهاندا.
هەروەها زێوار مستەفا گوتیشی: ‎ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا بەدەستهاتووە، یەکەم بەرهەمی بەرجەستەی ئەم پڕۆژەیە بێت. لایەنە کوردییەکان دواجار لەوە تێگەیشتوون کە دابەشبوون تەنیا خزمەت بە دوژمنانی دۆزەکە دەکات، هێزی کورد لە یەکڕیزییەکەی دایە و ساتەوەختی مێژوویی چاوەڕوانی دوودڵەکان ناکات. ‎سیاسەتی گشتی، وەک سەرۆک بارزانی دایمەزراندووە، پڕۆژەی کەرامەت و شووناسە، نەک سازشکردن لەگەڵ نادادپەروەری. دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان گەل و دەوڵەت، نێوان حکوومەت و خزمەتگوزاری و لە نێوان کورد و دەوروبەرەکەی. بۆیە نابێ ئەوەی لە قامیشلۆ ڕوویدا وەک ڕووداوێکی لۆکاڵی بخوێنرێتەوە، بەڵکوو وەک سەرەتای گۆڕانکاری لە هۆشیاریی نەتەوەیی کورد بەرەو پڕۆژەیەکی یەکگرتووی بەردەوام بخوێنرێتەوە. ‎ئیرادەی گەلێکە کە ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی کردووە، بەرگەی سەبرێکی زۆری گرتووە و سەرەڕای زریانەکان لەسەر بنەماکانی خۆی چەقبەستوو ماوەتەوە. هەروەها وەڵامێکە بۆ دیدگای سەرکردەیەک کە پێی وایە کورد ناتوانێت بە دیلی پارچەپارچەبوون و چەوساندنەوە بمێنێتەوە. یەکەم هەنگاوەکان بەرەو یەکڕیزیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە و ئەمڕۆش خەونەکە بووەتە واقیع، ئیرادە بووەتە میساق، دیدگای سیاسیش نەخشەڕێگایە. ‎لەکۆتاییدا دەڵێین وەک سەرۆک و ڕێبەر سەرۆک بارزانی فەرموویەتی: بێ ئومێد مەبن، چونکە سبەینێ هی ئێمەیە و ڕاستی تێکناچێت. یەکگرتوویی کورد لێرەوە دەستی پێکرد.