سهرهتا وتار دە خاڵی سەرکەوتوو لە ستراتیژیەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پەیوەندی و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی...
هۆشیار مزەفەر عەلی ئەمین
لە دیمەنێکی سیاسیی ئاڵۆزدا، کە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تێیدا دەژی، کەمن ئەو کەسانەی کە توانیویانە، لە سنوورەکانی پێکهاتە و ڕیزبەندییە تایەفییەکان ڕەت بدەن، بۆ ئەوەی ڕوویەکی بەگەنی عێراق لە دەرەوە پێشکەش بکەن. نێچیرڤان بارزانی، لەوەدا سەرکەوتوو بوو، خۆی لە سەرکردەیەکی هەرێمیەوە بۆ سیمبولێکی فیدراڵی سەرتاسەری بگۆڕێت، توانی سیاسەتێکی دەرەکی بۆ عێراق بنیات بنێت، کە لەسەر دروشمەکان بەرپا نەبووە، بەڵکو لەسەر کاری ڕاستەوخۆ و دەستپێشخەری کەتواری بەرپا بووە. ئەمانەش دە خاڵن، کە سەرکەوتنە ستراتیژییەکەی پوخت دەکەنەوە:
١- وتارێکی یەکگرتوو بەناوی عێراقەوە… نێچیرڤان بارزانی، لە هەموو گەشتەکانی دەرەوەیدا، خۆی وەک نوێنەری عێراقێکی یەکگرتوو پێشکەش کردووە، نەوەک تەنیا سەرۆکی هەرێمێکی کوردی. وتارەکانی لەبەردەم لووتکە نێودەوڵەتییەکان، وەک کۆڕبەندی داڤۆس، کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش ٢٠٢٥ و ئەنتاڵیا، بەردەوام جەختی لەسەر یەکگرتوویی عێراق و ڕێزگرتن لە فرەچەشنییەکەی کردووەتەوە، داواشی لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کردووە، وەک دەوڵەتێک پشتیوانی لێ بکەن، نەوەک وەک کۆمەڵێک قەوارەی ڕکەبەر.
٢- دروستکردنی تۆڕێکی فرەئاڕاستەی پەیوەندییەکان… نێچیرڤان بارزانی، بە دیدگایەکی دوور لە گرەوکردن، لەسەر یەک تەوەری هەرێمایەتی جووڵەی کردووە. پارێزگاریی لە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا، تورکیا، ئێران و دەوڵەتانی کەنداودا کردووە، لەڕۆژەڤە هەستیارەکانی ئابووری و تەناهیشدا، هێڵی پەیوەندی لەگەڵ چین و ڕووسیادا دروست کردووە. ئەم سیاسەتە فرەلایەنە، هەرێم و عێراقی لە تەڤلبوون لە ململانێی تەوەرەکان دوور خستووەتەوە، بەتایبەتی دوای نەمانی ئەسەد و هەڕەشەی ترەمپ لە ئێران، پێش دانوستانەکانی ئێستایاندا.
٣- ڕۆڵی ناوبژیوانی هەرێمیی…. نێچیرڤان بارزانی، ڕۆڵی ناوبژیوانێکی بێدەنگی لە نێوان هەندێک وڵاتانی دراوسێدا وازی کردووە. میوانداریی دانوستانە ڕانەگەیەندراوەکانی نێوان شاندە فەرمییەکانی تورکیا و ئێرانی کردووە، بەشداریی لە نزیکخستنەوەی بۆچوونەکانیش لە نێوان بەغدا و بەشێک لە پایتەختە عەرەبییەکاندا کردووە. ئەم ڕۆڵە وێنەی ئەوی وەک پیاوی هاوسەنگی هەرێمیی، نەوەک لایەن لە ململانێی ئەوانی تردا بەهێزتر کردووە.
٤- چەسپاندنی وێنەی هەرێم وەک دەروازەیەکی وەبەرهێنان بۆ عێراق…. هەرێمی کوردستان بەڕابەریەتی نێچیرڤان بارزانی، خۆی وەک ناوچەیەکی تاڕادەیەک سەقامگیر نیشان داوە، کە بۆ ئەوە دەست دەدات، ببێتە خاڵی دەرچوونی کۆمپانیا بیانییەکان، بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە. چاوی داوەتە سەر ڕۆژەڤەکانی وزە، کشتوکاڵ و ژێرخانی بنەڕەتی، لەگەڵ خستنەڕووی هاندەرە یاسایی و تەناهییەکان بۆ وەبەرهێنەران. ئەم نموونەیە، دەرفەتێکی بە عێراق بەخشی، کە سەرەڕای قەیرانەکان، وێنەی ئابووری دەرەکی خۆی باشتر بکات. ئەمەش تەنیا بە نێچیرڤان بارزانی دەکرێت.
٥- ئامادەبوونێکی کارای دیپلۆماسی…. نێچیرڤان بارزانی، هەر بە پێشوازیکردن لە باڵیۆز و بەرپرسانی نێودەوڵەتی لە هەولێر نەوەستاوە، بەڵکو خۆیشی سەردانی پایتەختە گەورەکانی کردووە. سەردانی پاریس، بەرلین، لەندەن، ئەنقەرە، تاران، ئەبوزەبی، ڕیاز، میونشن، ئەنتالیا و ڤاتیکانی کردووە. لە هەر سەردانێکیشیدا، کارنامەیەکی هەڵگرتووە کە هۆشجەمی لەسەر: وتارێک بووە کە تەنیا نێچیرڤان بارزانی دەیڵێت: ئەویش پاڵپشتیکردنی سەقامگیری، پتەوکردنی پەیوەندییەکان، برەودان بە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی هاوکارییە تەناهییەکان بووە.
٦- وتاری پێکەوەژیان و پاراستنی کەمینەکان…. نێچیرڤان بارزانی، لە هەموو بۆنەیەکی نێودەوڵەتیدا، داکۆکیی لە مافی کەمینەکانی عێراق لە کریستیان، ئێزیدی، تورکمان و ئەوانی دیکە دەکات. دروشمی پاراستنی فرەچەشنی عێراقی وەک بەشێک لە پاراستنی یەکڕیزی دەوڵەت بەرز کردووەتەوە، بەمەش ڕێزێکی دەگمەنی نێودەوڵەتی بۆ سەرکردەیەکی عێراقی و کوردی بەدەست هێناوە، کە بە زمانی هاووڵاتیبوون نەوەک پێکهاتەکان قسە دەکات.
٧- مامەڵەکردنی کەتوارانە لەگەڵ ڕۆژەڤەکانی وزە…. لە ڕۆژەڤی نەوت و غازدا، پشتی بە نزیکخستنەوەیەکی پراگماتیانە بەست. لەگەڵ بەغدا نەچووە ناو ململانێیەکی کراوە، بەڵکو کاری لەسەر دانوستان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی هەرێمدا کرد، ڕەچاوی پاراستنی چوارچێوەی فیدراڵی عێراقیشی کرد. دانوستانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی جیهانیی، لەسەر بنەمای بیرۆکەی (هاوبەشی فیدراڵی)، نەوەک (جیابوونەوەی ئابووری) بەرپا ببوو.
٨- بەئاگابوون لە هەڵخلیسکان لە ململانێیە سەربازییەکان…. سەرەڕای گوشارە هەرێمییەکان و ڕووداوە تەناهییە دووپاتەکان، نێچیرڤان بارزانی، پارێزگاریی لە سیاسەتی دان بەخۆداگرتن کرد. ڕەتی کردەوە دەست لە ململانێیە چەکدارییەکان وەربدات، لە هەر شوێنێکدا بێت، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ئەسەد، بەپەرۆشی ئەوە بوو، هەرێم دوور لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، یان لەناوخۆی عێراقدا بهێلێتەوە. ئەم سیاسەتە پێگەی ئەوی وەک لایەنێکی متمانەپێکراو لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەهێزتر کرد.
٩- بەهێزکردنی وێنەی عێراقی نوێ لە دەرەوە…. نێچیرڤان بارزانی، وێنەی عێراقی وەک وڵاتێک نیشان دا، کە هەوڵ بۆ سەقامگیری سیاسیی و کرانەوەی ئابووری، دوور لە وێنەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو یان گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێیەکان دەدات. هەمیشە جەختی لەوە دەکاتەوە، کە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دەبێت جیاواز بێت: سەقامگیرتر بێت، هاوکارتر بێت لەگەڵ دراوسێیەکانی و هاوبەشتر بێت لەگەڵ جیهاندا.
١٠- کۆکردنەوەی کەتواری و نموونەیی سیاسی…. ستراتیژیەتی نێچیرڤان لەسەر دوو بناغە دامەزراوە:
– کەتوارییەکی تەواو لە تێگەیشتنی هاوسەنگییەکانی هێز و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
– نموونەییەکی لەبەرچاوگیراو لە برەودان بە بەهاکانی هاووڵاتیبوون، فرەیی و سەقامگیری.
ئەم هاوسەنگییە وای لێ کرد، ببێتە تاکە سەرکردەی عێراق، کە بتوانێت وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە، نەوەک تەنیا نوێنەری پێکهاتە یان حزبێک، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان دابنیشێت. لەو سەردەمەی کە وڵاتە گەورەکان بەدوای هاوبەشی خۆماڵی متمانەپێکراودا دەگەڕێن، نێچیرڤان بارزانی، بووەتە یەکێ لە گرنگترین سیماکانی عێراق لە دەرەوەدا. لەبەر ئەوە نا، کە لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزترە، یان لە ڕووی سیاسییەوە دەنگهەڵبڕترە، بەڵکو لەبەر ئەوەی توانیویەتی، وێنەیەکی جیاواز بۆ عێراقێکی ڕێگەتێچوو پێشکەش بە جیهان بکات: عێراقێک کە بە زمانی بەرژەوەندییەکان قسە بکات و خەونیش بە زمانی داهاتووەوە ببینێت. سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی بە ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی کاری ورد، لێکدانەوەی زیرەک و وتارێکی سیاسی بوو، کە دەیزانی کەینێ کەتواری بێت و کەینێش نموونەیی بێت. ئەمانە ئاکارەکانی پیاوێکی وەک نێچیرڤان بارزانین.
و: ڕەمزی میرەکانی