خەبات ـ ئاشتی شەهباز
دادوەر ئەمیرە سەلیم خورشید سەرۆكی دادگای نەوجەوانان لە هەولێر لە دیمانەیەكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات، تیشك دەخاتەسەر پرۆسەی دادگاییكردنی نەوجەوانان بە شێوەی ئۆنلاین، كە یەكەمین ئەزموونی دادگاییكردنە لەسەر ئاستی عێراق و بە پرۆسەیەكی سەركەوتوو وەسفی دەكات و دەڵێت: بە بڕیاری ئەنجوومەنی دادوەریی لە 5/12/2024 بەرێوەچوونی دادگای نەوجەوانان بە ئەلكترۆنیكردن ( ڤیدیۆكۆنفرانس) بەفەرمی كرایەوە، كەوا لە سەر ئاستی عێراق یەكەم پرۆسەیە لە دادگای نەواجەوانان.
لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنی نەوجەوانان بە شێوەی ئۆنلاین و جیاوازی لە نێوان دادبینیی راستەوخۆ لەگەڵ كەسی تۆمەتبار و یاخود تاوانلێكراو لەگەڵ ئەم شێوازە تازەیە، سەرۆكی دادگای نەوجەوانان لە هەولێر دەڵێت: ئێمە لە پێناو بەرژەوەندیی نەوجەوان ئەو رێگایەمان هەڵبژارد، لە بەڕێوەچوونی پرۆسە و ئەزموونەكانی پێشوو، هەندێجار بەهۆی گەورەیی كەیسەكە وەك كوشتن و كێشەی ئەخلاقی، ئەگەر مەترسی لەلایەنی بەرامبەر هەبوو لەسەر تۆمەتبار، جگە لەوەی منداڵان دەترسان و دەگریان، بەتایبەتی لە كاتی هێنانی منداڵان لەگەڵ مەفرەزەیەك لە پۆلیس و لە نێو ئەو خەڵكەی نێو دادگا دەهێندران و دەبردران، نەیاندەتوانی گوزارشت لە دۆخ و رووداوەكان بكەن، بەهۆی ترس و شڵەژاوییەوە، (جگە لە تێچووی هاتوچۆ لەسەر حكوومەت).
سەرۆكی دادگای نەوجەوانان ئاماژە بە دۆخی ناجێگیری نەوجەوانانی تۆمەتبار دەكات و بۆ خەبات گوتی: هەروەها لە بینینی ناو هۆڵی دادبینیی چەندین كەسایەتی لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی و نوێنەرو پارێزەری هەر دوولا، تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر دەبوونەوەو هەندێكیان نەدەوێران بێنە ژووری دادگاو دەبوایە كەمێك لە ژووری توێژەران بمێننەوە و هەندێك گفتوگۆی لەگەڵ بكرێت و سترێسی كەم بكرێتەوە تا بتوانێ‌ قسەبكات.
سەبارەت بەوەی ئایا لەگەڵ هەموو تۆمەتبارێك ئەو سیستەمە بەكاردێت، دوای دەستگیركردنی؟ دادوەر ئەمیرە سەلیم دەڵێت: ئەمجۆرە دادگاییكردنە بۆ دووجۆر حاڵەتە، حاڵەتی تۆمەتباری نەوجەوانی دەستەبەركراو (ئازادكراو بە كەفالەت)، ئەمەش دوای دادگای لێكۆڵینەوە، كە لە 24 كاتژمێر نابێ زیاتر بێت، حاڵەتی دووەم ئەو نەوجەوانانەی كەوا راگیراون لە چاكسازییەكان، بۆ ئەوانەی لە چاكسازییەكانن، هەر لە ناو چاكسازییدا ژوورێك تایبەتكراوە بۆ بەرێوەچوونی دادگای نەوجەوان بەرێگای ڤیدیۆ كۆنفرانس بە ئامادەبوونی ئەندامی داواكاری گشتی و توێژەرێكی كۆمەڵایەتی و بەخێوكەری تۆمەتبار. بۆ تۆمەتبارانی نەوجەوانانی دەستەبەر كراویش، هەر لە ناو دادگا پرۆسەكە بەرێوەدەچێت، بەڵام راستەوخۆ لە هۆڵی دادبینی لەگەڵ دادوەر نییە، بەڵكو لە ژوورێك لە نێو دادگا بۆ ئەو مەبەستە بە ڤیدیۆ دادبینی لەگەڵ دادوەری نەوجەوان ئەنجامدەدرێت و بەهەمان شێوە پارێزراوە لە هەر ئەگەرێكی هێرشبەرانەی لایەنی بەرامبەر.
هەروەها لەبارەی بینینی كەیس ئایا رۆژانە ئەو ڤیدیۆ كۆنفرانسانە بەرێوەدەچێت یان چۆن دابەشكراوە؟ سەرۆكی دادگای نەوجەوانان دەڵێت: ئێمە رۆژانە بۆ تۆمەتبارانی دەستەبەركراو ئەو دادبینییەمان هەیەو بەرێوەدەچێت، بەڵام بۆ تۆمەتبارانی راگیراوانی نێو چاكسازییەكان لە هەفتەی رۆژێك ئەنجام دەدرێت، ئەگەر پێویست بكات لە هەفتەی دوو رۆژ دادبینی ئەنجام دەدەین، ئەمەش بەپێی ژمارەی ڕاگیراوان.
سیستەمی دادوەری نەوجەوانان لە هەرێمی كوردستان _ عێراق لە سەر بنەمای تەواوی یاسای چاودێری نەوجەوانان ژمارە 76ی ساڵی 1983 دانراوە، ئێستا كار بەو یاسایە دەكرێت، دوای هەمواركردنی بڕگەی 2 لە بەندی 3 بۆ منداڵ لە زیادكردنی تەمەنی یاسایی سزایی بۆ منداڵ لە 9 بۆ 11 ساڵ بەرزكرایەوە. ئەمەش پاڵپشت لەسەر بنەمای پابەند بوون و ئیمزاكردن جێبەجێدەكرێت، لە سەر رێككەوتنامەی ساڵی 1994ـی نەتەوەیەكگرتووە بۆ مافەكانی منداڵ لە عێراق.
لە ماددەكانی 37 و 40 لە رێككەوتنامەی نەتەوەیەكگرتووە بۆ مافەكانی منداڵ، داوا لە وڵاتانی ئەندام دەكات سیستەمێكی دادوەری مناڵان پەرەپێبدەن و جێبەجێبكەن و ئەم بڕگە تایبەتانە لە لایەن لێژنەی مافەكانی منداڵ لە تێبینی گشتی ژمارە 24 لەسەر مافەكانی منداڵان لە سیستەمی دادوەری منداڵان ساڵی 2019 فراوانتر كراوە .
رێكخراوی یونسێف بە هاوكاری رێكخراوی ( كەی، ئێف، دەبلیوو)ـی ئەڵمانی بەهەماهەنگی نێوان سەرۆكایەتی دادگای تێهڵچوونەوە لە هەولێر بەمەبەستی هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە بۆ دادگای نەوجەوانان لە هەولێر، بە ئامانج لە چاكسازی كۆمەڵایەتی نەوجەوان لە پرۆسەی بەرێوەچوونی سیستەمی ڤیدیۆ كۆنفرانس پاراستنیان لە كاتی رووبەرووی یاسایی و دادیگاییكردن دەبنەوە.
لە ڕاپۆرت و پێشنیارەكانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی دادگای تێهەڵچوونەوە لە هەولێر و دەستەی داواكاری گشتی و بەرێوەبەرایەتی گشتی چاكسازییەكان لە هەرێم و پەیمانگای دادوەری بۆ باشتركردنی رەوشی دادپەروەری نەوجەوانان لە كوردستان، ئاماژە بە خاڵێك دەدەن: پێویستە هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتە پەیوەندارەكاندا هەبێت، بۆ بەهێزكردنی سیستمی ناوبراو و باشتركردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی ئەلتەرناتیڤ لە بری دانانی منداڵان لە گرتووخانەكان و پاراستنیان لە تێوەگلانی ئەنجامدانی تاوانەكانی دیكەی نێو چاكسازییەكان دراوە.
هەروەها بە ئامانجی بەهێزكردنی سیستەمی دادپەروەری نەوجەوانان و بەر دەست كردنی دادپەروەری بۆ مناڵ لە هەرێمی كوردستان، بەسەرپەرشتی وەزارەتی داد و هاوكاری رێكخراوی یونسێف و راپۆرتی هەڵسەنگاندنی سەرتاسەری بۆ سیستەمی دادوەری نەوجەوانان لە مانگی شوباتی 2022 لە هەرێمی كوردستان و یەكێك لە پێشنیارەكانی راپۆرتەكە هاوكاری ئەنجوومەنی دادپەروەری بوو بۆ برەودان بە دانانی (وشە)ی دادگای دۆستی منداڵ لەهەرێمی كورستانە.
پرسیارێك دەمێنێتەوە، تا ئێستا تۆمەتباران لەنێوان 24 كاتژمێردا پێویست دەكات دادوەری لێكۆڵینەوە بیبنێت و بڕیار وەربگرێت، راگیراوانیش بۆ شەش مانگ پێویست بەوە دەكات كەیسەكانیان یەكلایی بكرێتەوە، ئەگەر پێویست بەوە بكات ماوەی راگیراو درێژ بكرێتەوە، ئەوكات پێویست بە رەزامەندی دادگای تاوان دەكات، لێرەدا هەمان یاسا بۆ گەوران و نەوجەوانان بەكاردێت!.