پەیامەكانی سەرۆك پشتگوێ مەخەن

179
محەمەد زەنگەنە
پەیامەكانی سەرۆك بارزانی،لە كۆنفڕانسی یەكڕیزیی كورد كە لە 26ی نیسان لە قامیشلۆ ئەنجام درا،گرنگترین نەخشەڕێگای سیاسیی بۆ لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان داڕشت،بۆ ئایندەیەكی سەقامگیری سیاسی بە رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق و هەبوونی هەڵوێستێكی یەكگرتوو و بونیادنانی بەرەیەكی هاوبەشی كوردی.
ئەو پەیامانەی جەنابی سەرۆك یەكەم جار نییە بۆ لایەن و حزب و هێزە سیاسییەكانی رۆژئاوا دووپات دەكرێتەوە،بەڵكو لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی گەلانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە،بارەگای سەرۆك تاكە پێگەی سەقامگیری دانانی بناغەی پتەوی سیاسییە،پابەند نەبوونیش بە پەیام و قسەكانی جەنابیشیان،چەندین جار گرفتی گەورە و پاشخستنی دۆزینەوەی چارەسەری لێكەوتۆتەوە،بەڵگەكانیش دیارن و پێویستییان بە رونكردنەوە نییە.
بەڵام ئەمجارەیان،بارودۆخەكە جیاوازە و هیچ دەرفەتێك بۆ پشتگوێ خستنی ئەو پەیامانە نییە كە لە میانی وتارەكەی جەنابی سەرۆك لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفڕانسەكەی قامیشلۆ لەلایەن حەمید دەربەندیی نوێنەری جەنابیانەوە خوێندرایەوە.
ناوچەكە و جیهان بەگشتی،ئەمڕۆ بە دۆخێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕن كە هیچ دەرفەتێكی تیادا نەماوە بۆ دواخستنی بیركردنەوە یان دانانی پلان،یانیش بەرەنگاربوونەوەی ئەو پێشهاتانەی كە بەرۆكی ناوچەكەیان گرتووە،جیهان ئەمڕۆ لەبەردەم ئەزموونێكی زۆر سەخت دایە كە تیایدا پێویستە كورد،لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەرفەتەكەی بقۆزنەوە بۆ قەرەبۆكردنەوەی بەشێك ئەو دەستكەوتانەی لە رابردوودا بۆ كورد نەهاتنەدی.
ئێستا پرسی كورد لە جیهان دا پرسێكی گرنگە،وڵاتانی دونیا بە شێوەیەكی دیكە سەیری ئەو پرسە دەكەن،ئەوان باشیش دەزانن،عێڕاق لە بارودۆخێكی ناسەقامگیر دایە و پرۆسە سیاسییەكەی لەژێر هەڕەشەیەكی گەورەیە و هەر ئەو حكوومەتەی عێڕاق لە هەڕەشەكانی لە دژی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و تائێستاش پرسی بودجە و مووچەی لەگەڵ هەرێم چارەسەر نەكردووە و میلیشیاكانیش لە هەر كاتێك دا لەوانەیە هەر دەرفەتێك بۆ هێرش كردنە سەر هەرێم بقۆزنەوە.
بۆیە لەگەڵ هەبوونی ئەو پێشهاتانەی ئێستا،پشتگوێخستنی قسە و ئامۆژگاری و پەیامەكانی سەرۆك بارزانی، بژاردەیەكی زۆر خراپە و هیچ ئەنجامێكی لێ نایەتەدی و تەنانەت دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی گرفت و قەیرانەكانی كوردە لە ناوچەكەدا،بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامیی قۆستنەوەی هەر دەرفەتێكی لێكترازان لەلایەن حكوومەتی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە،بۆ وەشاندنی گورزی زیاتر و تەسككردنەوەی ویست و خواست و داواكارییەكانی ئەم گەلە.
باشترین چارەسەر لەو كاتەدا،پشتگوێ نەخستنی پەیامی سەرۆكە،ئەگەرنا،خۆیان لە ئەنجام و لێكەوتەكان بەرپرسن.