لە شاری هەولێر كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ڕافیدەین بۆ نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری بەڕێوەچوو، كە تێیدا تاوتوێی كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە چارەسەرییەكان و خۆپارێزییەكانی نەخۆشی و جوانكارییەكان و ڕێككارییەكان و نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێگەچارەی گرفتە نوێییەكانی ئەو بوارە كران.

 پێنجشەممە 1ی ئایاری 2025، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە بەئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و سەرۆکی کۆمەڵەکانی عەرەبی بۆ پزیشکانی نەشتەرگەریی جوانکاری و کۆمەڵەی پزیشکانی عێراقی و کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی جوانکاری لە کوردستان و میوانان و پزیشکانی نەشتەرگەریی جوانکاری و ڕێککاری لە ناوەوەی كوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، کۆنفڕانسی نێودەوڵەوتیی (ڕافیدەین) بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری و ڕێککاری لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە كۆنفڕانسەكەدا، تاوتوێکردنی نوێترین ڕەوشی دەستنیشانکردن و چارەسەرییەکان و خۆپارێزییەکانی نەخۆشی و جوانکارییەکان و ڕێککارییەکان و نەشتەرگەریی جوانکاری و ڕێگەچارەی کێشە و گرفتە نوێییەكانی ئەو بوارە و شێوازەکانی جیهانی لەبواری چارەسەری و جوانکاری كرا.

جێی باسە، كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ڕافیدەین بۆ نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری، لەلایەن كۆمەڵەی پزیشكانی نەشتەرگەریی جوانكاری و ڕێككاری بە هەماهەنگیی وەزارەتی تەندروستی ڕێك خرابوو.