خەبات: دانا بۆتانی:- هونەرمەندی دیاری کورد سەباح عبدولڕەحمان، لە لێدوانێکیدا بۆ خەبات، سەبارەت بە بێدەنگی خۆی لەبواری هونەری و نەبوونی هیچ کارێکی نوێی لە ماوەکانی ڕابردوودا، ئاماژە بۆ نوێترین کاری هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، دوای بێدەنگییەکی دوورو درێژ جارێکی دیکە لەگەڵ هونەرمەند و دەرهێنەری کورد ناسڕ حەسەن لەکارێکی نوێ دەردەکەوین.

سەباح عەبدوڵرەحمان سەبارەت بەم کارە نوێیەش گوتی: لە ئێستادا کار دەکەین بۆ زنجیرە درامایەکی دیکۆمێنتاری تایبەت بە ژیانی هونەرمەند عەلی مەردان، لە ئێستاشدا چەند حەڵقەیەک لە دراماکە تەواو بووە و ئەم بەرهەمەش لە سیناریۆ و دەرهێنانی ئیڤان ناسڕ حەسەنە، ئەوەی ڕاستی بێت ئەم بەرهەمە پەردە لەسەر هەموو ئەو لایانە هەڵدەداتەوە کە تائێستا بینەران پێی ئاشنا نین. بەو هیوایەن لە ئایندەدا ئەم درامایە ببێتە جێگەی سەرنجی بینەران و لەو ڕێگەیەوەش خزمەت بە ژیانی هونەری ڕەسەن و گیانی هونەرمەند عەلی مەردان بکەین.