هێمن سەید موڕاد بەرێوەبەری گشتی گشتوكاڵی هەولێر

خەبات: دانا بۆتانی:- دوای ئەوەی مقۆمقۆ و دەنگۆیەکی زۆر بڵاوبۆوە لەمەڕ ئەوەی ئایا ئەمساڵ ساڵێکی نەهاتە؟ یان بەشێوەیەکی دیکە ئەمساڵ بە وشكەساڵی هەژمار دەکرێت؟ یاخود وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پلانی چییە، ئەگەر هاتوو وشکەساڵی رووبدات؟ وەکو خەبات چەندین پرسیاری دیکەمان خستە بەردەم هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر.

*وشکەساڵی چییە؟
وشکەساڵی دەکرێت بە چوار بەشەوە لە هەموو جیهان و لای ئێمەش هەر بەو جۆرەیە، یەکەمیان پێی دەگوترێت وشکەساڵی ئاووهەوا دووەمیان پێی دەگوترێت وشکەساڵی دەرامەتی ئاو سێیەمیان پێی دەگوترێت وشکەساڵی کشتوکاڵی و چوارەمیش ئابووری.

بۆ ناسینەوەی ئەمانەش پێویستە کەسی پسپۆر بڕیار لەوە بدات ئایا وشکەساڵی روویداوە یاخود لە کوێ ئەگەری روودانی هەیە. وشکەساڵی ئاو و هەوا ئەو کاتە روودەدات کە بڕی بارانی پێویست لە کاتی پێویستدا نابارێت لەو شوێنەدا واتا دەکرێت بارانێکی زۆریش ببارێت بەڵام ئەو کات برا جوتیارەکان سودی لێوە نابینن بەرهەمیان نابێت مەبەستم لە خاکی چاندراوی دێمیە واتا تەنیا سەرچاوەیان ئاوی بارانە بۆ کشتوکاڵ. بەڵام بە پێچەوانەوە وشکەساڵی سەرچاوە ئاویەکان کەم بوونەوەی رێژەی پێویستی باران و بەفرە لە هەموو ناوچەکاندا ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە ناو رووبار و بەنداوەکانماندا بە تایبەتی ئەو بەنداوانەی کە پشتیان تەنیا بە سەرچاوەی ئاوی بارانەوە بەستووە، روودانی ئەو وشکەساڵیەی کە باسم کرد دەبێتە هۆی روودانی وشکەساڵی کشتوکاڵی ئەو کاتەش دەبێتە کەم بوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە خاکی دێمدا ئەمانەش کار دەکاتە سەر باریی ئابووری هەموومان و بە وشکەساڵی ئابووری روودەدات ئەو کاتە هەم بەرهەم کەم دەبێت و هەمیش بازاڕ گران دەبێت لەسەر خەڵکدا.

*لە ئێستادا خاکی چێنراو بە گەنم و جۆ چەندە لە هەولێردا؟
ژمارەی گوندەکانمان 793 گوندە و ژمارەی برا جوتیارەکانمان 42357 جوتیارە و رووبەریی گشتی 3670440 دۆنمەو رووبەری شیاو بۆ چاندن 2121237 خاکی دێمی 1255359 خاکی بەراویش 905677 دۆنم زەویە.

*لە سنووری شاری هەولێر وشکەساڵی روودەدات؟
دەتوانین بڵێین بە داخەوە ئەمساڵ ساڵێکی هات نابێت بۆ بەرهەمی گەنم و جۆ بەهۆی نەبارینی بڕی پێویستی باران لە کاتی پێویستدا بۆ بەرهەمی جوتیارەکانمان بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمیش خراپ نابێت. بەداخەوە ئەمساڵ بەرهەمی جوتیارەکانی مەخمور و دیبەگە و گوێڕ نامسۆگەرە واتا زەحمەتە لە خاکی دێمی بەرهەمیان هەبێت، بەڵام گوندەکانی سنووری بنەسڵاوە و عەنکاوە و خەبات و قوشتەپە و شەمامک و سێگردکان و شۆڕش نیمچە مسۆگەرە پەنا بەخوا بەرهەمیان دەبینین و ناوچەکانی سنوری شەقڵاوە، پیرمام، بالیسان، کۆیە، تەق تەق، ئاشتی، سکتان بەرهەمیان مسۆگەرە و بەرهەمی باشی

*چۆن ناوچەی مسۆگەر و نامسۆگەر جیادەکەنەوە؟
+ ناوچەکەمان دابەش دەبێتە سەر سێ بەش:
١- ناوچەی نامسۆگەر (arid zone) باران کەمتر لە ٣٠٠ ملم باریوە.
٢- نیمچە مسۆگەر (semi arid zone) باران لە نیوان (٣٠٠ – ٦٠٠) ملم باریوە.
٣- مسۆگەر rainy بران لە (٦٠٠ )ملم زیاتر باریوە ئەمەش ستانداردی جیهانیە بۆ رێژەی بارین.

*وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ جوتیاران پابەندی چاندنی هیچ بەرهەمێک دەکەن؟
هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ کە تەنیا پشت بە بەرهەمی ناو خۆ دەبەستن جوتیارەکانیان ناچار دەکەن ئەو بەرهەمانە بچینن کە پێویستییانە، بەڵام لای ئێمە جوتیارەکان ئازادن کە چ دەچێنن یاخود هەر نای چێنن بەڵام بە گوێرەی ئەزموون و هاوکاری ئێمەش هەمیشە بەپێی پێداویستی بازاڕ بەرهەم دەچێنن و دەیخەنە بازاڕ تاوەکو برا جوتیارەکان تووشی زەرەر نەبن، ئێمەش وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت کە هەمیشە پاڵپشتی برا جوتیارەکانە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لە ناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان خەمی ئێمەشە کە هانی هەموو کەسێک بدرێت بەرهەمی ناوخۆ بکڕێت.

*ئەمساڵ بە ساڵێکی وشکەساڵ هەژمار دەکرێت؟
بەهۆی دروستبوونی تۆپۆگرافی خاکی هەرێمی کوردستانەوە وادەکات ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکە یاخود شارێک لەگەڵ شارێکی دیکە رێژەی باران بارین جیاواز بێت بۆیە دەبینین هەر لە ناو سنووری هەولێردا ناوچەی مسۆگەری بەرهەمی باش هەیە هەندێک لە ناوچەکانی دیکەش نامسۆگەرە ئەمەش وا دەکات کە بەوشکەساڵی ئەژمار نەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا هیچ برا جوتیارێک پابەندی چاندنی هیچ بەر هەمێک ناکرێت دەبینین ئەو شوێنانەی کە ساڵێکی نەهاتیش بێت زەرەرو زیانیان کەمترە، بەڵام لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان برا جوتیارەکانمان پێویستیان بە ئێمە بێت ئێمەش هاوکاریان دەبین و بەتەنیا جێیان ناهێڵین.

*دەگوترێت ئەو وشکەساڵیەی کە ڕوویداوە لە هەندێک ناوچەدا بە هۆی ئەو فڕۆکانەوە بووە کە هێڵی سپییان کێشاوە واتا هەور دزراوە لە هەرێمی کوردستاندا؟
من هیچ شارەزایەکم لەم بوارە نییە و تائێستاش زانست نەیسەلماندووە کە باران و هەور بگوازرێتەوە رێژەی باران بارینیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە و پیسبوونی ژینگەش هۆکارێکی دیکەی کەمی بارانە و دەتوانین بڵێین لە ئێستادا لە هەموو جیهان گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەیە لە کەشوهەوادا.

*لێکەوتەکانی وشکەساڵی چین ئەگەر رووبدات؟
ئەم جۆرە وشکەساڵیە کاریگەری لەسەر ئاو هەوای ناوچەکە هەیە کە رووبەرووی وشکەساڵی دەبیتەوە وەک بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی و کەم بوونەوەی ئاو لە ناوچەکە. وشکەساڵی دەرامەتی ئاو ئەو رێژە بارانەی کە پیویستە بۆ پربوونەوەی ئاوی بەنداوەکان و کانیاوەکان ناباریت، وشکەساڵی کشتوکاڵی لەم کاتە دەتوانین بڵێین رووبەڕووی وشکەساڵی کشتوکاڵی بووینەتەوە کە بارانی پێویست و نەبارینی رێژەی پیوست لە وەرزی کشتوکاڵ کردن ئەمانەش دەبیتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەم هێنانی بەرهەمی ناوەخۆ بۆیە کاریگەری لەسەر گشت سێکتەرەکان دەبیت بە تایبەت کشتوکاڵ و گەشتیاری و کەمبوونەوی دەستی کار، بۆیە دەبیتە هۆی وشکەساڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی.