خه‌بات: وریشە عومەر:- پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی سینەما لە نیگای ئافرەت دا، لەژێر ناوی ئافرەتان ئایندە بنیات دەنێن، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ساز دەكرێت، پشتیوان عەبدوڵلا ئەحمەد، دامەزرێنەر و سەرۆكی فیستیڤاڵ بە خەباتی گوت: ئامانج لە فیستیڤاڵەكە هاندنی خانمانە بۆ كاركردن لەبواری كولتوور و هونەر و برەودان بە تواناكایان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ناسینیان و چاندنی گیانی متمانە بوون بەخۆ و ڕوحی سەركردایەتی لە ناخیاندا. پیشاندانی ڕووی گەش و جوانی ژیان لە كوردستان و پیشاندانی نیگای فرە ڕەنگ و جوانی ئافرەتان بۆ بابەتە جیا جیاكانی ژیان.

گوتیشی: لەماوەی چوار خولی ڕابردوودا، فیستیڤاڵ هەوڵیداوە بەشێك لەو ئامانجانە بپێكێ، سەرۆكی فیستیڤاڵەكە زیاتر دواو گوتی: هەر خانمە دەرهێنەرێك فیلمی كورت یان درێژی هەیە و ئارەزووی بەشداریكردنی هەیە با پەیوەندیمان پێوە بكات و فیلمەکان لەڕێی ژمارە مۆبایل و وەتساب ( 07756288372 ) بنێرن. دوا كاتیش بۆ ناردنی فیلم ۲۰ ی مانگی ئایاری ۲۰۲٥ دەبێت.

دەربارەی مەرجەمەكانی بەشداری كردنیش گوتی: فیلمەكان بەرهەمی ساڵانی ۲۰۲۲ بەسەرەوە بن، پێشتر لە فیستیڤاڵ بەشدار نەبووبێ و لە سۆشیال میدیا بەردەست نەبێ، هەروەها هانی توندوتیژی نەدات و لە داب و نەریتی كۆمەڵگە لانەدات. دەكرێ سیناریۆ نووسی ئافرەت و وێنەگری ئافرەت بە فیلمەكانیان بەشدار بن، تەنانەت ئەگەر دەرهێنەری فیلمەكانیان پیاویش بن.