ناتوانن پێکەوەژیان لە کوردستان تێک بدەن

174

ره‌مزی میره‌كانی
دوای ئەوەی لە جەژنی (ئەکیتۆ)ی تایبەت بە برایانی سریانی، کلدانی و ئاشووری لە شاری دهۆکدا، کەسێک بە چەکی سپی هێرشی کردە سەر ئاهەنگگێڕان و چەند کەسێکی بریندار کرد، ئاسایش هەر زوو هێرشبەرەکەی دەستگیر کرد و ڕایگەیاند، دەدرێتە دادگا و بە گوێرەی یاسا سزای خۆی وەردەگرێت، لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی حکوومەت و لەسەر ئاستی حزبییش سەرکۆنەی هێرشەکە کرا، کەچی هەندێ لایەنی هەژمارکراو لەسەر ئەو پێکهاتانە، تەنیا بۆ تۆمەت بەخشینەوە بە پارتی؛ پەنجەی تۆمەتیان بۆ حکوومەتی هەرێم، بەتایبەتی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان درێژ کرد، وەک ئەوەی کەسەکە ئەندامی پارتی بێت و لەلایەن پارتییەوە ڕاسپێردرابێت ئەو کارە بکات.

مەینەتی پێکهاتە و چەوساوەکان لە عێراقدا ئەوەیە، لەلایەن هەندێک سەرکردەی سیاسییان و هەندێک لە سیاسەتمەدارەکانییانەوەیە، یاری بە هەست و سۆزیان دەکرێت، بۆیە بەهۆی ئەو هەلومەرج و ڕووداوە دڵتەزێنانەی، کە بەسەر کریستیانەکانی عێراقدا هاتووە، تووشی ئەم جۆرە کێشانە بوونەتەوە و زۆرجاریش باجێکی زۆریان داوە. بەداخەوە ئەو پێکهاتانەش وەک زۆربەی نەتەوە و ئایینزاکانی دیکەی عێراق، کە لە ناو خۆیاندا تەبا نین، بۆیە گۆڕەپانی سیاسییان، پڕ بووە لە کەسانی کورتەباڵای تووشبوو بە دەردی لووتبەرزی، کە بە ناوی ئەو پێکهاتانەوە قسەی زل زل دەکەن و خۆیان وەک کەسی دڵسۆز بۆ دۆزەکەیان نیشان دەدەن، ئامانجیشیان تەنیا بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی خۆیانە.

کەس ناتوانێت گومان لەوە بکات، کە هەرێمی کوردستان، پەناگەیەکی ئارامی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، بەتایبەتی کریستییانەکانە، ئەمەش نە چاکە و نە منەتە بەسەریانەوە، بەڵکوو باوەڕی سەرکردایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە بنەمای هاووڵاتیبوون و پێکەوەژیان، بۆیە ئەو سیاسەتمەدارە نەزان و پەرلەمانتارانەی، کە بە گەمەیەکی سیاسییەوە، بوونەتە نوێنەری کریستییانەکان و خۆیان وەک پاڵەوانی نەتەوەیی نیشان دەدەن، نابێت ڕاستییەکان بشێوێنن و بۆ گەیشتن بە مەرامە چەپەڵەکانیان، یاری بە هەست و سۆزی کریستییانەکان بکەن.

بە دڵنیاییەوە، تیرۆر و تاوان تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا نییە و لە هەموو جیهاندا هەیە، تۆمەتباریش بەبێ گوێدان بە ئایین، نەتەوە و خۆبەندییەکەی و بەپێی یاسا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دادگایی دەکرێت، زۆربەی جارەکانیش، قوربانییانی ئەم تاوانە تیرۆریستییانە، لە ئەمریکا، لە ئەوروپا و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، کۆچبەرێکی سەر بە وڵاتێکی ڕۆژهەڵات بووە، یانیش لە دۆزەخی وڵاتەکەی ڕای کردووە، کەچی قەت گوێمان لە لێدوانی ڕەگەزپەرستی، تائیفی، ئایینی و نەتەوەیی نەبووە، بەڵکوو هەموو چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکەی بوونە، بەپێچەوانەی ئەو ڕووداوەی کە لە دهۆک ڕووی دا، کە لە جیاتی ئەوەی چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە، نیازی تۆمەتبارەکە و ئەو لایەنە بکرێت، کە پشتیوانی بووە، ئایا سەر بە هیچ ڕێکخراوێکی دیاریکراو بووە یان نا، هەندێک سیاسەتمەداری کریستییان، هەر زوو هێرشیان کردە سەر دەزگای ئاسایش و حکوومەتی هەرێم و تانەشیان لە بنەمای پێکەوەژیان دا، کە سەرکردایەتی و حکوومەتی هەرێم پیادەی دەکات، وەک ئەوەی هێرشبەرەکە، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت و بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی پارتییەوە، ئەم کارەی ئەنجام دابێت!

هەموو دەزانن کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فرسەند و ڕێزێکی زۆرەوە، مامەڵەی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کریستییانەکان کردووە و دەکات و وەک دەسەڵاتدارەکانی دیکەی عێراق، پۆلێن و ڕیزبەندی بۆ دانەناون، بۆیە خاوەن پۆستەکانی فەیسبووک و ئەو کەسایەتییانەی، کە خۆیان بە سیاسەتمەدار دادەنێن و لە ئاراستەکردنی تۆمەتەکان لەسەر بنەمای ڕق و کینەوە پەلەیان کرد، دەبێت داوای لێبوردن لە گەل، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و لە گەلی خۆشیان بکەن، چونکە لێدوان و داخویانییەکانیان، وەک بۆ هەموومان ئاشکرایە، بۆ سەرخستنی دۆزی کریستییانەکان بەگشتی و داکۆکیکردن لە مافەکانیان نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، دەیانەوێت پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان تێک بدەن و، لە ڕێگەی ورووژاندن و گەورەکردنی ئەو کێشانەش، پۆست و تازیاری بەدەست بهێنن، بەڵام دەبێت باش بزانن، پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا، ڕەگێکی قووڵی هەیە و بە دەسیسەی ئەوان و ئاغاکانیانەوە تێک ناچێت، چونکە برایەتیی نێوان کورد و ئەو پێکهاتانە، کە گەلی ڕەسەنی کوردستانن، بە ئاسانی لەبار ناچێت و ئەوانەی خەونیش بە تێکدانییەوە دەبینن، با سەری خۆیان لە بەرد بدەن.