بيۆگرافيا
* ئازاد عەبدولواحید كوڕی حەمەسدیقی باخچەوانە، كە ئەویش (واتە باپیری) كوڕی (عەبدوڵڵا بەگیخانی)یە.
* ئەگەرچی باوكی خەڵكی شاری كۆیەیە و هەموو كۆییەكان باش دەیناسن، بەڵام دایكی ئازاد عەبدولواحید خەڵكی شاری هەولێرە، لەوكاتەدا كە خەریك بووە لە دایك ببێ باوكی، دایكە هەولێرییەکەی هێناوەتەوە شاری هەولێر و لە ماڵی خەزووری کە لە تەیراوا بوون دایناوە، بۆیە لە 17/5/1958 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایك بووە.
* بەهۆی ئەوەوە كە باوكی ئازاد عەبدولواحید لە سلكی سەربازیدا كاری كردووە و بەردەوام لە فەرەزیاتی سەربازیدا بووە، بۆیە هەر ڕۆژەی كەوتوونەتە شار و شارۆچكەیەك و لە شوێنێكدا بارگە و بنەیان خستووە. باوكی بۆ خۆدزینەوە لە شەڕی کورد کە ئەو ساڵە (1961) خەریك بووە دەست پێ بكات، بە مەبەستی چوونە لای پزیشك لە نەخۆشخانەی (ڕەشید)ی سەربازی سەردانی شاری بەغدای كردووە، ئەوكاتە جارێكی دی دایكی لە حەبانیەوە دەهێنێتەوە هەولێر و لە ماڵی باوكی کە لە گەڕەکی تەیراوە بوون دادەنێت، ئیدی لەو سەردانی بەغدایەی ناگەڕێتەوە و كۆچی دوایی دەكات، بەپێی بەڵگەنامەی وەفاتەكەی نووسراوە بە (ژەهراوی بوونی خوێن – تسمم بالدم) مردووە و لە بەین چووە، ئەوكاتەش (ساڵی 1961) ماڵیان لە (حەبانیە) بووە و نووسەر تەمەنی (3) ساڵان بووە كە هەتیو دەكەوێ، بەهۆی (حەمەسەعید تەماتە)ـەوە کە خاڵی باوکی بووە ماڵەکەیان لە حەبانیەوە دەهێننەوە هەولێر، دواتر هەر لە گەڕەكی تەیراوا لە ماڵی باپیری لە هەولێر ژیان دەباتە سەر.
* باوكی پیاوێكی نیشتمانپەروەری ناسراوی شاری كۆیە بووە، لە حزبی (تەحەڕوڕ) ڕووكاری حزبی كۆمۆنیستی عێراق كاری كردووە. هاوڕێ و هەڤاڵی تێكۆشەرە ناسراوەكانی ئەو سەردەمی شاری كۆیە بووە، بەڵام لە كۆنگرەی (سێ)وە پێوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان)ـەوە كردووە. زۆر حەزی بە خوێندنەوە و نووسین بووە، هاوڕێی نزیكی ئەدیبان و هونەرمەندانی ئەو كاتە بووە: (جابیر پیرداود)ی هونەرمەندی شێوەكار لەو كاتەدا كە بە مامۆستایەتی لە كۆیە دەبێ هاوڕێی بووە، هەروەها هونەرمەندی گەل (تاهیر تۆفیق) و مامۆستایان: (ئەحمەد دڵزار و سامی عەوداڵ و عوسمانی مام یەحیا (پشکۆ) و حەمەدەمین کەبابچی و ئەمجەداغای ئەرشەداغای حەوێزی و عەبدولكەریم شێخانی و محەمەد تۆفیق وردی و كەریم شارەزا و عوسمان خۆشناو و فاتیح ڕەسووڵ و كەریم ئەحمەد داوود و تایەر ئەحمەد حەوێزی و ڕۆستەم حەوێزی و عەبدولڕەزاق بیمار و چەندانی دیكە) لە هاوڕێ و خزم و دۆستە نزیكەكانی ئەو بوون.
* لە ساڵی 1963دا لەگەڵ مامی بەهۆی وەزیفەكەیەوە كە لە بەغدا بووە، ماڵیان دەچێتە شاری بەغدا و لە ناوچەی (علویة) نیشتەجێ دەبن، پاشان ماڵیان دەچێتە (بابلشێخ) و هەر لەوێ لە پۆلی یەكی سەرەتایی لە قوتابخانەی (بابلشێخ)ی سەرەتایی دەچێتە بەر خوێندن، ئەو قوتابخانەیە بەرانبەر مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و ماڵیشیان لە پشت مەرقەدەکە بووە. دواتر بەهۆی ئەوەی كە ماڵیان دەچێتە (ڕخێتە)وە، بۆیە لە قوتابخانەی (ئەبی تەمام) كە كەوتبووە سەر شەقامی (ئەبوو نواس) دەخوێنێ و لەوێ پۆلی دووەم و سێیەم و چوارەم دەبڕێ.
* بۆ پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ماڵیان دەگەڕێتەوە شاری هەولێر و لە قوتابخانەی (الأخوة) كە دەكەوێتە سەر ڕێگای عینكاوە بە زمانی عەرەبی درێژە بە خوێندن دەدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ساڵی 1968 گەرمەی شەڕی براكوژی دەبێ، جارێكی دی شاری هەولێر بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە شاری بەغدا و ماڵیان دەچێتە لای ناوچەی (النهضة) كە دەكەوێتە لای گۆڕستانی جووەكان (مقبرة الیهود) لە پشت گەراجی (النهضة)ی بەغدایە كە خەتی نێوان بەغدا و هەموو شارەكانی عێراقی لێ بوو، بە شارەكانی كوردستانیشەوە، لەوێ لە گەڕەكی (خندق) دەگیرسێنەوە و بەو هۆیەوە لە قوتابخانەی (إبن سینا) جارێكی دی لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی تێهەڵدەچێتەوە و دەخوێنێ.
* ساڵی 1971 كە پۆلی شەشی سەرەتایی بوو، جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە شاری هەولێر و لە گەڕەكی تەیراوا لەپشت ماڵی مام (ڕەسووڵ گەردی) شێخی حەیرانبێژان نیشتەجێ دەبن، پۆلی شەشەمی سەرەتاییش لە قوتابخانەی (خەبات) دەخوێنێ و بۆ یەكەم جار كە خوێندن بەهۆی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادارەوە كرابووە كوردی، ئەویش بە زمانی كوردی دەخوێنێ.
* خوێندنی ناوەندی لە ناوەندیی سەڵاحەددین دەخوێنێ كە پاشكۆی ئێستاكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانە، جاران خوار چایخانەی (بایز) بوو، ئامادەییش لە دواناوەندی (أربیل) بەشی وێژەیی دەخوێنێ.
* ساڵی 1976 بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیان و گوزەرانەوە لە مەجلیسی خدمە (ئەنجوومەنی ڕاژە) لە بەغدا بە تاقیكردنەوە لە ئەمیندارێتیی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ یەكەم جار دەستبەكار دەبێ. زۆر ناخایەنێ بەهۆی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی سیاسی و نالەباربوونی ژیان لە سایەی بەعس، ساڵی 1978 لە هەولێرەوە لەگەڵ (شێرزاد حەسەن)ی هاوڕێی کە لە بەغدا لە (مؤسسة التعلیم المهني) بڕیاری دامەزراندنی لە شاری سلێمانی بۆ دەرچووبوو، ڕوودەكەنە شاری سلێمانی و لەوێ لە هەیئەی گشتیی كشتوكاڵ و ئاودێری سلێمانی لە بەشی (وردبینی)، كاری (مدقق مالی) دەكات.
* لە ساڵی 1974 لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، یەكەم نووسینی خۆی لە ڕۆژنامەی هاوكاری بەناوی (گراهام گرینی ڕۆماننووس) بڵاوكردووەتەوە، دووەم نووسینیشی هەر لە ڕۆژنامەی (هاوكاری)دا لەبارەی (چیخەڤ) نووسیوە.
* لە ساڵی 1976 دوای دوو ساڵ هەوڵدان بۆ چاپكردنی، یەكەم كتێبی خۆی بە ناوی (ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری) بەچاپ گەیاندووە، كە یەكەم جار (هێمن موكریانی) پێشەكی بۆ ئەو نامیلكەیە دەنووسێ، پاشان لەبەر هۆیەكی هونەری پێشەكییەكەی (هێمن) لادەبرێ، بۆیە (مەحموود زامدار)ی نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەجیاتی ئەو، پێشەكییەكی دیكە بۆ نامیلكەكە دەنووسێ.
* لە ساڵی 1974وە زۆر بابەتی جۆراوجۆری بە زمانی كوردی و عەرەبی لە گۆڤار و ڕۆژنامە كوردی و عەرەبییەكاندا بڵاوكردووەتەوە، لەوانەش زۆر بابەتی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و زۆری تریشی كردووە بە عەرەبی، ڕەخنە و باس و لێكۆڵینەوەی هەمەچەشنی بڵاوكردووەتەوە. لەو گۆڤار و ڕۆژنامانەدا بابەتی بڵاوكردووەتەوە: (ڕۆشنبیری نوێ، بەیان، ڕۆژی كوردستان، هاوكاری، الأقلام، التآ‌خي، العراق، طریق الشعب، الفكر الجدید، پرۆژە، پاشكۆی عیراق، خەبات، كادیر، كاروان، ڕامان، برایەتی، كوردستانی نوێ، المواطن، گوڵان، گولان العربي، تریفە، نواڵە، دیموكراسیخوازان، چاودێر، …تاد).
* لە ساڵی 1994 لە بڵاوکراوەی گوڵان (نووسەر – موحەریر) بووە، لە هەمان كاتیشدا بەڕێوەبەری ڕادیۆی گوڵان بووە. لە 11/6/1996ـەوە لەگەڵ دەركردنی یەكەم ژمارەی گۆڤاری ڕامان وەك بەڕێوەبەر و بەرپرسی یەكەمی ئەو گۆڤارە دەستبەكار بووە و تا ئەمڕۆكە لە سەروكاری ئەو گۆڤارەدا بەردەوامە.
* گۆڤاری ڕامان كە تا ئێستا بیست و هەشت ساڵ بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە و (330) ژمارەی لێ دەرچووە، بە یەكەم گۆڤاری هزری و كولتووری و ڕەخنەیی و هونەری ئەژمار دەكرێت كە نووسەرانی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان و ئەوروپا و ئەمریكا و ئوسترالیا و كەنەدا بەرهەم و بابەتی خۆیانی تێدا بڵاو دەكەنەوە.
* بە ناوی خوازراوی (تەوار) و (ژیوار) و (واژام) كە ناوی سێ لە منداڵەكانی خۆیەتی، لەناو چاپەمەنی و بڵاوكراوەكانی شاخ و دواتر شار نووسیویەتی و بەرهەمی بڵاوكردووەتەوە.
* یەكێكە لە دامەزرێنەرانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان كە دوو ساڵ ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری سەندیكاكە و دوو ساڵیش لە ئەنجوومەنی باڵای سەندیكاكە بە خۆبەخش كاری كردووە.
* لە ساڵی 2010ـەوە جێگری سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد/ مەڵبەندی گشتییە.