
هه‌ریه‌ك له ستیڤ ویتكاف سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری ئه‌مه‌ریكی و عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سه‌رۆكی شاندی ئێرانی، گه‌یشتوونه‌ته مه‌سقه‌تی پایته‌ختی عومان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به گه‌ڕی سێیه‌می گفتوگۆكانیان بكه‌ن.
ستیڤ ویتكاف كه سه‌ردانی مۆسكۆی كردبوو، به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه گه‌یشته مه‌سقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی له‌م گه‌ڕه له دانوستانه‌كاندا به‌شداری بكات.
ماڵپه‌ڕی ئیرنا ئاماژه‌ی داوه كه به دانوستانی ئه‌مڕۆ به كۆبوونه‌وه‌ی تیمه ته‌كنیكییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له كۆبوونه‌وه‌كاندا ده‌كرێت.
مایكڵ ئه‌نتۆن به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی داڕشتن و پلاندانانی ستراتیجی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكایه‌تیی تیمێكی 12 كه‌سی له پسپۆڕه جیاوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
له ئێرانیش كازم غه‌ریبئابادی یاریده‌ده‌ری یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی و مه‌جید ته‌خت ره‌وانچی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ كاروباری سیاسی، له تیمه ته‌كنیكییه‌كه‌دا به‌شدارن.
جێی باسه له ده‌ره‌نجامی دوو گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستان، ئێران پێداگریی له‌وه كردووه مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لای خۆی ده‌پارێزێت، به‌ڵام ئاماده‌یه بۆ رێژه‌كه‌ی دانوستان بكات و ئه‌مه‌ریكاش هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تاكان پێداگریی له كۆتاهێنان به چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام میدیاكان ئه‌وه‌یان گواسته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت هه‌مان رێژه‌ی پیتاندن به گوێره‌ی رێككه‌وتنی 2015 بۆ ئێران بهێڵێته‌وه .