عومەر هەمزە ساڵح*
ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٢٤ی٤ی١٩٧٤ كاتژمێر ٩,٤٥ خولەكی سەرلەبەیانی، چوار فڕۆكەی جۆری سۆخۆی درووستكراوی سۆڤیەتی هێرشیان هێناوەتە سەر شاری قەڵادزێ‌ و ئامانجی فڕۆكەوانەكان لێدانی شوێنە مەدەنییەكانی بوو بەچەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی( ناپاڵم )، لە ماوەی چەند ساتێكدا ژمارەیەكی زۆر بۆمبای ناپاڵمی درووستكراوی هیندی بە سەر شاردا داباراند، شار شێواو خەڵتانی خوێن بوو، ناپاڵمەكان قەبارەیان درێژ و ئەستوور و گەورە بوون، تەنانەت بە بەرچاوی خەڵكەكەوە ناپاڵمەكانیش بە فڕۆكە دەچوون، بۆیە دەنگۆ وا بڵاوببۆوە دەیانگوت فڕۆكەكان زۆر بوون, بێجگە لە ناپاڵم فڕۆكەكان شەستیرو دۆشكەشیان بەكارهێناوە, لەئەنجامدا ( ١٣٤) هاووڵاتی شەهیدكران و ( ١٥٢ ) هاووڵاتی دیكە بریندار بوون,كە تەنها یەكێك لەبریندارەكان پێشمەرگەبوو, زۆربەی قوربانییان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچووان بوون لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابی زانكۆ و مامۆستایان كە بۆ درێژەدان بەخوێندن و زانست ڕوویان لەشاری قەڵادزێ‌ كردبوو, هەر دوای بۆردومانكردنەكە بەهۆی دەنگی تەقینەوەكان و بەرزبوونەوەی چڕە دوكەڵ و تەپ و تۆز كە بەری ئاسمانی شارەكەی گرتبوو، ژمارەیەك لەناپاڵمەكان نەتەقیبوونەوە لە زۆر شوێنی هەستیاری ناو شارو چەند شوێنێكی دەرەوەی شاریش هاوێژرابوون, ئەگەر تێكڕای بۆمبەكان تەقیبانایەوە زیان و قوربانیدان زیاتردەبوو, قەوارەی كارەساتەكەش زۆر گەورەتر دەبوو, كەیەكێكیان لەپشت ماڵی حەسەن خدر و دووەمیان لای ماڵی عەبدولڕەحمان ڕۆستەم, سێیەمیشیان نزیك گوندی گربداغ و چوارەمیش نزیك گوندی پێماڵك بوو. ئەو شوێنانەی بەر بۆردوومانەكە كەوتن بریتی بوون لە ١١٨خانوو ٤٧ دوكانی هاوڵاتییان و ٩ بینایەی میری.
دوای بۆردوومانەكەو چەند هەڵوێستێك:
1-هەڵوێستی هاووڵاتیان:
هەڵوێستێكی جوامێرانە لە خەڵكی ناوچەكە بەگشتی بینرا كە ناكرێت هەرگیزاو هەرگیز لەیاد بكرێت، هەریەكە و لەئاستی خۆی چووە شوێنەكانی بۆمبارانكراوو یەك دەست بوون لە هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووان و بەهانایانەوە چوون بۆ دۆزینەوە و گەڕان بەدوای شەهید و بریندارەكان هەروەها هەڵوێستی خەڵكی گوندەكانیش ناكرێت لەیاد بكرێت كە هەریەكەیان هاتنە شار بۆ بردنی خێزانەكان و دابین كردنی شوێنی حەوانەوە و خواردن و پێداویستییەكانیان بەبێ‌ جیاوازی, كە زیاتر هەستی نەتەوایەتی و كوردایەتی باڵی بەسەر گشت سنوورەكەدا كێشا بوو، لەهەمانكاتدا نابێت كاریگەری ڕۆڵ و هاوكاری كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی سنووری سەردەشت لە بیر بكرێت لە بەهاناوە چوون و خوێن بەخشین و خزمەت كردنی بریندارەكان.
2- هەڵوێستی زیان لێكەوتووان:
بۆردومانی قەڵادزێ‌ كە كارەساتێكی كەم وێنە بوو لە شەهیدكران و بریندار بوون و وێرانكاری , لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەندێك نموونە بهێنینەوە, بۆمان دەردەكەوێت ورەی خۆڕاگری زیانلێكەوتووان نەك لاواز بوو كە ڕژێم مەبەستی بوو جەماوەر لە دژی دەسەڵاتی كوردی هانبدات و ڕقیان هەڵسێنێت بەڵكو بەپێچەوانەوە كارەساتەكە بووە هەوێنی زیاتری هەستی كوردایەتی و خۆڕاگری زیانلێكەوتووان بەتایبەتی ئەگەر هەندێك لە خاوەن شەهیدەكان وەك شایەتحاڵ باس بكەین، هەروەكو ئه‌حمه‌دی حاجی سابیر خاوەنی نۆ شەهید بوو، لەبەردەم بەلوعەی مزگەوتی كارەبا, مەردانە دانیشتبوو وەكو كابانێك كە میوانی لە ناكاوی هاتبێ‌، گۆشت و ئێسك و پروسكی هەر هەشت كۆرپەی پارچە پارچەكراوی دەشووشتەوە و هەموویانی خستە چوار توورەكەی سپی ( نەك لەشێوەی كفن ) و هەر شوكری خوای دەكرد و دەیگوت: بە قوربانی بارزانی و شۆڕش بن، خودایە ئەوەی بە سەر من هاتووە كەس نەیبینێ‌ , بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەزمدەكرد خۆشم ببمە قوربانی شۆڕش و بارزانی , ئا ئەوەیە ئیرادە و ئیمان و بیروباوەڕ!!
هەروەها قادر باوەجان دەڵێت ( دوو ڕۆژ دوای بۆردومانەكە، لە لیژنەی ناوچە دانیشتبووین پیاوێكی بەتەمەن بەناوی ( كاكە عه‌بدوڵڵا) لەشاری سلێمانیەوە هاتبوو وتی، وتوویانە دەفتەری سەرژمێری شەهید و بریندارەكان لای كاك قادر باوەجانە ؟ وتم ڕاستە، وتی دە كەواتە سەیرێكی دەفتەرەكەم بۆ بكە بزانە (بورهان ) ی كوڕم شەهیدە؟! ئێمەش لەبەر دڵی ئەو یەكسەر وتمان نەخێر !! ئەویش دەیوت، من دەزانم ( بورهان ) ی كوڕم شەهیدە لەسەركەوتنێكەوە بۆ سەركەوتنێكی تر، بژی كورد، بژی كوردستان، بژی سەرۆكی كورد ( مستەفا بارزانی ) من بورهانم ناردووە شەهید بێ‌ لە پێناوی كورد و كوردستاندا، نەك خۆی دوور بگرێ‌، مەیشارنەوە ، دیارە ئەو ڕۆژە هاتووە ، ئاواتەكەم بێتە دی .
3- هەڵوێستی بەرپرسانی سنوورەكە :
– تیمەكانی فریاگوزاری دەست بەجێ‌ هەریەكەیان كارەكانیان جێبەجێ‌ دەكرد.
– بە برووسكە سەركردایەتی شۆڕشی لێ‌ ئاگادار كرا .
– هاوكاری خەڵكی زیانلێكەوتوو كرا بە كۆكردنەوەی شەهید و بریندارەكان و گەڕان بە دوای پاشماوەكان و بردنیان بۆ مزگەوت و دەستبەكار بوونی لیژنەی بریندارەكان بەتایبەتی تەندرووستی و ئامادەكردنی پێداویستییەكان .
– هەوڵدان بۆ ڕازیكردنی دەوڵەتی ئێران بۆ وەرگرتنی بریندارەكان و ناردنیان بۆ ئەو وڵاتە .
– دابینكردنی پاسەوان بۆ پاراستنی كەلوپەلی فەرمانگەكان و ماڵی هاووڵاتیان ، چونكە دواتر لەترسی دووبارە بوونەوەی بۆمباران خەڵك شارەكەی نیمچە چۆڵ كرد .
4-هەڵوێستی سەركردایەتی شۆڕش :
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتی مستەفا بارزانی لە ڕۆژی ٢٥ی٤ی١٩٧٤كۆبوونەوەیەكی گرێدا و كۆمەڵێك بڕیاری دا:
1-رۆژی (٢٤ی٤ی١٩٧٤) بكرێتە ڕۆژی ماتەمینی نەتەوایەتی و نیشتمانیی گەلی كوردستان ( رۆژی ماتەمینی گەلی كوردستان ) چونكە یەكەم تاوان بوو ڕژێم ئەنجامیدا وەك كۆمەڵ كوژی بەچەكی قەدەغەكراوی ناپاڵم.
2- هەموو ساڵێك ڕۆژی ٢٤ی٤ یادی ئەو تاوانە بكرێتەوە وەك هێمایەك بۆ قوربانییەكانی دەستدرێژی بەعسی تاوانبار .
3- (عەقید سالم سوڵتان عەبدوڵڵا بەسۆ)،خەڵكی شاری موسڵ, وەك تاوانباری جەنگ دیاری كرا, چونكە تاوانبار سەرپەرشتی تیمی فڕۆكەوانەكانی بۆردومانی قەڵادزێ‌ بووە, بەبێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێكی نێودەوڵەتی یان ڕەچاوكردنی هیچ یاسایەك، كەوتەبۆمبارانی شارو , مزگەوت وقوتابخانەی سەرەتایی وماڵ و فەرمانگەكان, كەكەس لەو تاوانكاری و ماڵوێرانییە, بێبەش نەبوو,لە چەند چركەیەكدا بەسەدان هاووڵاتی شەهیدوبرینداركران.
4-هەمان ڕۆژ , لیژنەیەكی ناردە شارەكە بەسەرپەرشتی (عەقید نوری مەلا مارف) بۆ:
– بۆئەوەی لەنزیكەوە چاوی بەكەسوكاری زیانلێكەوتووان بكەوێت و لەم كارەساتەدا لەگەڵیان بێت و بەشداری خەم و پەژارەیان بێت.
– هەوڵی چارەسەری بریندارەكان بدرێت وچییان پێویست بێت بۆیان ئەنجام بدرێت.
– لیژنەیەك دروستبكرێت بۆپاراستنی شارەكە چونكە زۆرینەی دانیشتوان شارەكەیان چۆڵكردبوو و ڕوویان كردبووە گوندەكانی نزیك شار .
– هاوكاری مادی دابەشكرا بەسەر زیانلێكەوتووان بەم شێوەیە:
بۆ هەر شەهیدێك ٢٥ دیناری ئەوكاتە.
بۆ هەر بریندارێك ٨ دینار.
خانووی ڕووخاو ٤٠ دینار.
5- لەڕێگای ڕاگەیاندن ئەوكارەساتە بەدونیای دەرەوە ڕابگەیەنێت، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس بەم شێوەیە ئەو كارەساتەیان بڵاوكردەوە :
* ڕۆژنامە نووسی ناسراوی بەریتانی (دیڤید هێرست ) لە رۆژی ٧ی٤ی١٩٧٤ دا وتارێكی لە رۆژنامەی گاردیان بڵاوكردۆتەوەو تیایدا باسی ئەو تاوانە دڕندانەی بەعس دەكات دژی گەلی كورد و بۆردومانی قەڵادزێ‌ لە ٢٤ی٤ی١٩٧٤.
* ڕۆژنامەی ( نهار ) لە ژمارەی ڕۆژی ٢٨ی٥ی١٩٧٤دا، نامەی ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی ( ڕومان لابورگای )ی بڵاوكردبۆوە، لە درێژەی قسەكانی لەسەر بۆردومانی قەڵادزێ‌ لە سەردانەكەی پاش بۆردومانەكە نووسیوێتی ( كاتێك گەیشتین, شارەكە لە ئافرەت و منداڵان چۆڵ كرابوو، تەنیا پیاوە پێكراوەكان لەگەڵ ڕۆژنامە نووسە بیانییەكان قسەیان ئەكرد، ڕومان لابورگای دەڵێ‌ : ئەمە بەهێزترین بۆردومان بوو لە هەموو مێژووی بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوایەتی كورد دا، فڕۆكەوانە ترسنۆكەكە ناوی(سالم سوڵتان) كە ناوی كەوتە لیستی تاوانبارانی جەنگ لە كوردستاندا، بەڵام ئەم تاوانبارە ترسنۆك بووە, چونكە لە جەنگی ١٩٧٣ ی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی نەیتوانیوە ڕووبەڕووی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ببێتەوە و لەلایەن هێزی ئاسمانی عێراقی سڕكرا (تجمید) بەرامبەر بەو ترسنۆكییەی كە لە گرنگترین جەنگدا نواندی، بەڵام پاش بۆردومانەكەی قەڵادزێ‌ جارێكی تر بووەوە جێی متمانەی بەعس . هەربۆیە تاوانبار پاشماوەیەك لەلایەن ڕێكخستنەكانی پارتی لەناو شاری موسڵ بەسزای گەل و شۆڕش گەیاندرا.
* شایەنی گوتنە ، دەنگی كوردستان كە ڕۆژانە ئەم كارەساتەی باس دەكرد و لە ڕۆژی ٢٧ی٤ی١٩٧٤ لەژێر ناونیشانی گەلان ئەمێننەوە و دڕندەكان لەناو ئەچن, كە تیایدا هاتووە ئایا بارزانی لە ( قەڵادزێ‌ ) یا لە ( هەڵەبجە ) ی دوو شارۆچكەی شەهید بوو ؟ تا فڕۆكەكان بۆردومانیان بكەن و بەدەیان خانوو بەرەی هاووڵاتیان وێران بكەن، بە دەیان هاووڵاتی لە ژن و منداڵان بكوژن و برینداریان بكەن ؟ لەنێو كوژراو و بریندارەكاندا لە قەڵادزێ‌ تەنیا یەك پێشمەرگە شەهید بوو، چ بەڵگەیەك لەمە بەهێزترە كە پەلاماری فاشییەكان تەنها ئاراستەی خەڵكی سڤیل دەكەن ؟
* د. گوینت /دێشنەر ، لە كتێبی كورد : گەلی لە خشتە براوی غەدر لێكراو دەڵێت: لەژێر ناوونیشانی تیرۆری ئاسمانی بۆردومانی قەڵادزێ‌ لە لاپەڕە ٢٧٣ دا نووسیویەتی ( بۆردوومانی خەڵكی مەدەنی لە شارۆچكەی قەڵادزەوە دەستی پێكرد ، سەعات 9,45 خولەكی بەیانی ٢٤ی٤ی١٩٧٤ دوو فڕۆكەی سوخۆی لەئاسمانی شار پەیدابوون، ئەو شارەی كە لەكاتی ئاسایی دا ژمارەی دانیشتوانی لە دە هەزار كەس پتر نەدەبوو، بەڵام ئەو بەیانییە بەهۆی هاتنی خەڵكێكی زۆری ئاوارە و دەربەدەرەوە، ژمارەی خەڵكی شار خۆی لە (15) پانزە هەزار كەس و پتر دەدا ، تاقە چەكی بەرگری ئاسمانی دۆشكایەك بوو، هەڵبەتە كوردەكان بیریان لەوە نەكردبووەوە كە سیستەمێكی بەرگری ئاسمانی بۆ شارو گوندەكانیان دابنێن، چونكە تەنیا ژمارەیەكی یەكجار كەمیان لە تۆپی فڕۆكە شكێن هەبوو، بۆیە فڕۆكەوانانی عێراقی بەبێ‌ ترس و نزمییەوە دەفڕین و كاری خۆیان ئەنجام دەدا، هەربۆیە بە كاوە خۆ هەموو بۆمباو مووشەكەكانی ژێر باڵیان، بەسەر ناوەندی شارەكەدا هەڵڕشت، ئاشكرایە فڕۆكەی سوخۆی، كە ئەوكاتە پێشكەوتووترین فڕۆكەی هێرشبەری بۆمبا هاوێژی هێزی هەوایی ( سۆڤیەتی )ش بوو، جگە لە مووشەك، لەژێر هەر باڵێكی دا دوو بۆمبا هەڵدەگرێ‌ كە كێشی هەر یەكێكیان (٧٥٠) كیلۆگرامە، هەروەها دوو بۆمبای (٥٠٠) كیلۆگرامی دیكەش هەڵدەگرێ‌ ، بەم پێ‌ یە دەتوانین بڵێین ئەو بەیانییە پێنج تۆن ئاگرو ئاسن بەسەر ناوجەرگەی شاردا دابارێنرا، یەك گەرەكی تەواو بە دووكان و ماڵ و قوتابخانەی منداڵان و هەندێ‌ بەشی خەستەخانەیەكەوە بەتەواوەتی وێران و كاول بوو ، پاش ئەوەی فڕۆكەكان ، مووشەك و بۆمباكانیان خاڵی كرد، جارێكی دی گەڕانەوە سەر خەڵكە مەدەنییە ترساوەكە و بەڕەشاشی (30) ملم دایان بێژتن و پتر لە (130) كەسیان كوشت كە تەنها یەك پێشمەرگە لەم بۆردومانەدا كوژرا بۆردومانی قەڵادزێ‌ ، یەكەم قەسابخانەی مرۆیی بوو كە هێزی ئاسمانی عێراقی لە زنجیرە هێرشێكی لەو بابەتەدا ئەنجامی دا ، بارزانی هەقی بوو بڵێ‌ : ئەمە دڕندانەترین ئەلقەی زنجیرەی شەڕی قڕكردنی گەلی كوردە كە دەیان ساڵە دژی ئەنجام دەدرێت، هەروەها دەڵێت : پارتی دیموكراتی كوردستان ، بێهوودە كەوتە هەوڵدان بۆ سەرنجڕاكێشانی ڕای گشتی نێو دەوڵەتی بۆ ئەو كارەساتەی كە بەسەر خەڵكی مەدەنی كوردستاندا دەهێنراو داوای كۆمەكی پێویستی دەكرد، ئەوە بوو سكرتێری كاروباری ڕاگەیاندنی پارتی لە لەندەن ، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی سازدا، لەو كۆنگرەیەدا داوای كۆمەك و پیتاكی كرد بۆ ئەو سەدان هەزار خەڵًكەی كە لە ناوچە دەشتانی و شارەكانەوە هەڵاتبوون و ڕوویان كردبووە ناوچە ئازاد كراوەكان و بەر شاڵاوی بۆردومانەكانی ڕژێمی بەعس كەوتبوون.
6- هەروەها (بارزانی مستەفا) لە ڕۆژی ٢٨ی٥ی١٩٧٤ دا یاداشتنامەیەكی بۆ( كورپ ڤالد هایم ) ی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نارد, لەو نامەیەدا بە وردی لەبارەی كوردستان وهەڵوێستی نامرۆڤانەی حكومەتی بەعسی عێراق دەدوێت , لەپێشەكی نامەكەدا باسی ئەوەكراوە, كەئەوە پێنجەمین شەڕە حكومەتەكانی عێراق دژی میللەتی كورد بەرپای دەكەن وسێ لەم شەڕانە بەعسییەكان هەڵیان گیرساندووە, دواترباس لەسەرجەم كارەساتەكانی ١٩٦١ تا ١٩٧٤ كراوەو شیكراوەتەوە, بەتایبەتی هێرشە ئاسمانییەكان كە لەلایەن فڕۆكەكەكانی عێڕاق و بە هاوكاری فڕۆكەوانە ڕووسیەكان وچەكی ناپاڵمی هیندی بۆ سەر كوردستان كە لەسەرەتای شەڕی ١٩٧٤ تاكو ٣١ی مایسی ١٩٧٤, لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی بەعس( ١٥٣٤ ) هاوڵاتی شەهید بوون و ( ٣٥٠٠ ) كەسیش بریندار بوون و ( ١٥ شار و ٢٠٤ گوند ) بۆردومانكراون, بەڵام هیچ كام لەو هێرشانە وەك بۆردومانی قەڵادزێ‌ لە
( ٢٤ی٤ی١٩٧٤ ) لە ڕووی ژمارەی شەهید و بریندار و خاپووركردنەوە نەبووە, داوای لێكرد بوو كە وەدەنگ بێ‌ و هێرشی ئاسمانی عێراقی بۆ سەر خەڵكی مەدەنی دانیشتوانی گوندو شارەكان ڕابگرێ‌.
دوای سێ‌ هەفتە لە ناردنی یاداشتنامە بۆ ناوبراو، شاندێكی پارتی كە دوو وەزیری جارانی وەزارەتخانەی حكومەتی عێراقی تێدا بوو، لە ٨/٦/١٩٧٤ دا نامەیەكی تری (بارزانی مستەفا ) یان دایە نەتەوە یەكگرتووەكان كە دەڵێ‌: دزێوترین شەڕی دڕندانە كە ئێستا جیهان بەخۆیەوەی بینیبێ‌، لەو وڵاتەوە ئەنجام دەدرێ‌ كە كوردی تێدا دەژی، لە هەمان ڕۆژدا ٨/٦، ڕاپۆرتێكی دوورو درێژ بە بەڵگەنامە و وێنەو نەخشەوە درا بە لیژنەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ڕاپۆرتەكەدا باسی ئەوە كرا بوو كە : قڕكردنی بەكۆمەڵی خەڵكی بێ‌ چەك و ڕووخاندنی خانووبەرەو سووتاندنی دەغڵ و دان و بەروبوومی كشتوكاڵی، بووە بە دیاردە و هەموو ڕۆژێك لە كوردستانی عێراقدا ئەنجام دەدرێ‌ ، بارزانی، بۆ جاری سێیەم هەوڵی دا كە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هانبدات و بیجوڵێنێ‌، بەڵام هیچ یەكێك لە نامە و یاداشتەكانی بارزانی بەتاقە وشەیەكیش وەڵام نەدرایەوە، دبلوماتێك لە دەزگای ڕاگەیاندنی ئەڵمانی دا، لە گوتارێكی دا دەربارەی ئەم مەسەلەیە نوسیویەتی ڤالدهایم، بۆیە بانگەوازەكانی بارزانی پشتگوێ‌ خست، تەنها لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی, چونكە یەكیەتی سۆڤیەت دەستێكی باڵای هەبوو لە هەڵبژاردنی دا بۆ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان, كەواتە كەمتەرخەمی ئەویش تەنها لەبەر خاتری كورسییەكەی كردی بە یەكێك لەتاوانبارەكان, لەكاتێكدا نەتەوەیەكگرتووەكان بۆئەوە دامەزراوە كە مافی نەتەوەكان بپارێزێت . بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ نەتەوەیەكگرتووەكان بەرامبەر بەكورد هەڵوێستێكی یەكجاریان نەنواندووە تا كێشەی كورد چارەسەربكرێ‌.
دوا هەڵویست, یادكردنەوەی ساڵانەی خەڵكی ناوچەكەو كوردستانە بەگشتی كە ساڵانە یای ئەو رۆژە دەكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەوتاوانە هەمیشە بەزیندوویی بمێنێتەوە, هەربۆیە لە ٢٤ی٤ی١٩٨٢ یادكرایەوەو بەشێوەیەكی مەدەنیانە, بەڵام سەرانی ڕژێم پیان قەقبوڵكراو نەبوو, بۆیە جەماوەری خۆڕاگری ناوچەكە دەستیان كرد بە خۆپیشاندان و بەخوێنی چەند شەهید و بریندار كڵپەی خۆپیشاندان سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە كە سەرانی رژێم ئەوەندە دڵڕەق بوون دەستیان نەدەپاراست هەبۆیە بەپێی كونووسی كار بەدەستانی ڕژێم لەسلێمانی كۆنووسێكی تایبەتیان لە سەر خۆپیشاندانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەرزكردەوە بەناوی لیژنەی ئەمنی سنووری پارێزگا بۆ جێگری سەرۆك كۆماری عێراق, هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتی بەنووسراوی ژمارە( ٦١ لە ڕۆژی ١٦- ٥ -١٩٨٢) كە ئاڕاستەی (سەددام حوسێن) سەرۆك كۆماری عێڕاق كراوە, كە ناوەڕۆكەكەی (بەشێوەیەكی زۆر ورد باس لە خۆپیشاندانەكان دەكات و هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ دەستی دەوڵەتانی دراوسێ‌,( سوریا و ئێران), دواتر نووسراوە ئەو ئاژاوەگێڕییە لە كوردستان لەشاری قەڵادزێ‌ دەستی پێكردووە لەیادی بۆردومانی ٢٤-٤-١٩٧٤ و دواتر شارەكانی تری كوردستانی گرتەوە, خۆپیشاندەران زیاتر قوتابیانن و قوتابیانی زانكۆكانیش ڕۆڵ و كاریگەرییان زۆرە, لەلایەكی ترەوە هەرسێ‌ ئێزگەكانی جەلال و مەسعوود و شیوعی, بەردەوام ڕۆژانە هانی خەڵك دەدەن لەدژی ناوەند و دەسەڵات و داوادەكەن كە ڕاپەڕن ) .
ئەو كۆنووسە لە ڕۆژی ١٤-٦-١٩٨٢ دراوە( بەسەددام حوسێن) و بەدەست و خەتی خۆی كۆمەڵێك تێبینی لەسەر ڕاپۆرتەكە نووسیوەو جارێكی تر دراوەتەوە بەبەڕێوەبەرایەتی ئەمنی گشتی, لەلایەن ئەوانیشەوە بە نووسراوی ژمارە (٣٨٧) لەسەر٦٤ق لە ڕۆژی ٢٣-٦-١٩٨٢ و بەنووسراوی نهێنی و تایبەتی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی ناوچەكانی حوكمی زاتی كراوەو وێنەی دراوەتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەمنی(هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركووك) بۆجێبەجێكردنی تێبینییەكانی سەددام حوسێن. كە مەبەستیان بوو بەهەر نرخێك بێت كۆتایی بەخۆپیشاندانەكان بهێندرێت. نەمری و سەربەرزی بۆگشت شەهیدان و دڵسۆزانی گەل كەئەو رۆژانە لەخەبات و تێكۆشاندا بوون.
ماستەر لە جوگرافیای سیاسی*