یادی کارەسات و ڕاپەڕینی شاری قەڵادزێ

167
قادر ژەوان
شۆڕشی گەلی كورد بە سەرۆكایەتیی “بارزانیی نەمر” هەمیشە گفتوگۆ و دیالۆگی لە پێناو وەدەستهێنانی ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كورد ئەنجامداوە، بەڵام لایەنی بەرانبەر كە ڕژێمی دیكتاتۆری بەغدا بوو وەكوو پیشەی هەمیشەییان، هەمیشە گفتوگۆ و دیالۆگیان وەكوو پیلان بۆ خۆ سازدانەوە و خۆ بەهێزكردنەوە ئەنجامداوە، بە هەمان شێوە لە ڕێككەوتننامەی ۱۱ی ئازاری ۱۹۷۰ پاشگەز بووەوە و هەوڵی لەناوبردنی شۆڕش و گەلی كوردی داوە و خستوویەتییە بەرنامەی كاری هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانەوە، كە ئەم بەرنامەیەشی بەخێرایی پراكتیزە كرد و سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 1974/4/24 لە ڕێی چەند فڕۆكەیەكی سیخۆ و لە ئاسمانی ئەم شارەوە بە بۆمبای قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی شارۆچكەی قەڵادزێیان بۆردومان كرد، كە 123 شەهید و زیاتر لە 400 برینداری لێكەوتەوە و بە دەیان خانوو و دووكانی كاول كرد، كە زانكۆی سلێمانی و قوتابخانەكانیش لەم خاپووركردنە بێبەش نەبوون، بۆ ئەم مەبەستە “بارزانیی نەمر” ڕۆژی 1974/4/24ی كردە ڕۆژی ماتەمینی گەلی كورد.
بۆچی شارۆچكەی قەڵادزێ بوو بە ئامانج؟
۱ـ ڕێككەوتننامەی ۱۱ی ئازار كە ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان لێكەوتەوە و ماوەی چوار ساڵی خایاند، لەم ماوەیەدا كوردستان ئازادییەكی بەرچاوی بەخۆیەوە دیبوو، هەموو ئەو كەسانەی تینووی ڕۆژی ئازادی بوون و ڕزگاریخواز بوون بەبێ ترس و بە ئاشكرا لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان و عێڕاقدا كاری حزبی و ڕێكخراوەییان دەكرد، كاتێك ڕژێمی دەسەڵاتداریش لە بڕیاری ۱۱ی ئازار پاشگەز بووەوە و دووبارە شۆڕش هەڵگیرسایەوە و زۆرینەی خەڵکی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە ڕوویان لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش کرد، بەتایبەتی بەرەو شارۆچكەی قەڵادزێ.
۲ـ كردنەوەی (زانكۆی سلێمانی) لە (شارۆچكەی قەڵادزێ)، كە هاوشێوەی خەڵكی شارەكانی دیكەی كوردستان مامۆستا و قوتابیانی زانكۆی سلێمانیش بۆ خۆپاراستن پەنایان هێنابوو بۆ ئەو شارە، كۆبوونەوەی ئەو هەموو قوتابی و مامۆستایە بووە هۆی سەرهەڵدانی بیرۆكەی كردنەوەی (زانكۆی سلێمانی) لەو شارە و وەكوو پێشنیاز دایانە سەركردایەتیی (پارتی دیموكراتی كوردستان)، بەبێ ئەوەی باڵەخانە یاخود شوێنێكی شیاو هەبێت و بگونجێت بۆ زانكۆ، بەڵام هەرچۆنێك بێت (ئینحیساری قەڵادزێ) كە چەند هۆڵێكی گەورەی لەخۆ دەگرت و لە بنەڕەتدا شوێنی (پشكنینی تووتن) بوو دەستنیشانكرا و دەوامی زانكۆی تێدا كرایەوە، هەر یەكێك لەو هۆڵانە لە پانی و بەرینیدا لە هۆڵێكی (سینەما) یا خود (شانۆیی گەورە) دەچوو، واتە جێگایەكی گەورە و گونجاو بوو. كردنەوەی ئەم زانكۆیە جەنجاڵییەكی زیاتری دروستكرد، چونكە ئەو قوتابیانەی كە پێشتر نەهاتبوون بۆ (شاری قەڵادزێ ) و لە شارەكانی دیكە مابوونەوە، ئەوا بە هەمان شێوە دەستیانكرد بە گەڕانەوە بۆ (زانكۆی سلێمانی لە شارۆچكەی قەڵادزێ) بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەن.
۳ـ لەبەرئەوەی زۆربەی (سەرباز و ئەفسەر و پۆلیس و فەرمانبەر)ە كوردەكان پەیوەندییان بە شۆڕشەوە كردبوو، دەزگا حكوومییەكان تا ڕادەیەك بەچۆڵی مابوونەوە.
٤ ـ گردبوونەوەیەكی چڕی جەماوەری لەو جۆرە بەلای ڕژێمەوە هەڵوێستێكی مەترسیدار بوو بۆ ئەوان، خودی ئەو ڕژێمە كە لە ناخیدا ئۆتۆنۆمی بە شایانی كوردان نەدەزانی، وای لە قەڵەمدەدا كە كاری ئێستای كوردەكان چاوەڕوانی جیاخوازی و خواستی گەورەتری لێدەكرێ، بۆیە دەبێ پیلانێك دابڕێژێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو كۆمەڵبوون و یەكگرتووییەی كە هەیە یان ئەو داخوازییانەی كە هەن.
لەچاو ئەم كارەساتە گەورەیە بۆچی زیانەكان كەم بوون؟
۱ـ سەركردایەتیی (پارتی دیموكراتی كوردستان) پێشبینی كارەساتی لەناكاوی دەكرد، بۆیە بەر لە چەند ڕۆژێك ئاگاداری دانیشتووان و هاووڵاتیانی ئەم شارەیان كردەوە كە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و سەلامەتییان و خۆحەشاردان لەكاتی ناكاودا “خەندەق” لە ماڵەكانیاندا لێبدەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبووایە خەندەقەكان لە شێوەی پیتەكانی(T.L.W) بووایە، كە زۆر لە (ماڵان) ئەو خەندەقەیان لە حەسارەكانیاندا هەڵكەندبوو، جگە لەوەیش لە زۆربەی كۆڵان و شەقامەكانیشدا كونی گەورەی خۆشاردنەوە هەڵكەندرابوون.
۲ـ جێی ئاماژەیە ڕۆژی پێشتر واتە سێشەممە 1974/4/23 چەند فڕۆكەیەكی جەنگی لە ئاسمانی ئەم شارەدا سووڕاونەتەوە، دیسان بۆ جاری دووەم و شەوی 23 لەسەر 24یش چەند فڕۆكەیەكی جەنگی دیكە ئەم شارەیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە، ئەمانە هەموویان خەڵكیان وریاكردەوە و زەنگێكیش بوو بۆ هەموان، ئەمە وایكرد كە خۆیان لە مەترسییەكانی بۆردومان بپارێزن.
۳ـ بەڕێوەبەر و مامۆستایانی ئەم شارە سەرلەبەیانی 1974/4/24 بەبێ ئەوەی لە هیچ دەزگایەكی سەرووی خۆیانەوە ئاگادار بكرێنەوە یان ڕێگەیان پێبدرێت، ئەوا سەربەخۆ قوتابخانەكانیان داخست و قوتابییەكانیان بە خێرایی ناردەوە بۆ ماڵەوە، چونكە پێشبینی ڕووداو و كارەساتی لەو شێوەیان لە هزردا بوو، بۆیە لەسەر بەرپرسیارێتیی خۆیان ئەم كارەیان ئەنجام دا، ئەویش بۆ پاراستنی گیانی (مامۆستایان و قوتابیان) بوو. (قوتابخانەی سەرەتایی قەڵادزێ)یش یەكێك بوو لە بەركەوتووانی بۆردومانەكە، كە ئەگەر (مامۆستایان و قوتابیان)ی ئەم قوتابخانەیە لە دەوامی فەرمیی خۆیاندا بوونایە ئەوا بێگومان بە دەیان شەهید و برینداری دیكەی لێ دەكەوتەوە و زیانی گیانی لەم كارەساتەدا زیاتر دەبوون.
چۆن فریاكەوتن و بەرگریكردن (شۆڕش) ئامادەكاری كردبوو؟
هەرچەندە لەو ڕۆژەدا چەكی پێشكەوتووی دژە فڕۆكە نەبوو، بەڵام چەند شوێن و خاڵێكی ستراتیژی بۆ بەرگریی ئاسمانی دەستنیشانکرابوون و سەنگەریان لێ ئامادە كرابوو، ئەم سەنگەرانە چەكی (دۆشكە)یان لێ جێگیركردبوو و چەندین پێشمەرگەی شارەزا لە بواری بەكارهێنانی ئەم چەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە ئامادەباشیدا بوون و سەنگەرەكان كەوتبوونە (گردی حەسار)ێ لە پشت (گوندی حەسار)ێ كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی قەڵادزێ.
بۆ فریاكەوتنی دوای هەر كارەسات و ڕووداوێكیش تیمێک _ لە ۳۰ پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان _ پێكهاتبوو، مامۆستا “ئازاد بابان” لێپرسراوی ئەو تیمە بوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە كاك “جەلیل فەیلی” لێپرسراوی (لیژنەی ناوچەی قەڵادزێ)ی ئەو كات و شەهید “حەسۆ میرخان” فەرماندەی (هێزی كاوە) بوو، هەندێ چەكی تایبەتیان وەكوو (غەددارە) پێبوو، هەرچەندە ئەو ئامادەکارییانە وەكوو شتێكی سەرەتایی بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە شۆڕش لەناكاو تووشی ئەم بارودۆخە هاتبوو، چاوەڕوانی كارەساتێكی دڕندانە و نامرۆڤانەی لەو جۆرەش نەدەكرا، چونكە بەر لە ڕێككەوتننامەی ۱۱ی ئازاری ساڵی ۱۹۷۰ و لە ساڵانی شەستەكاندا فڕۆكەكانی عێراقی بەشی زۆری چەكی وەكوو (شەست تیر)یان لە شەڕەكاندا بەكار دەهێنا، بۆیە وا چاوەڕوان نەدەكرا كە ئەگەر فڕۆكەیش بێتە سەر شارەكە ئەوا بە(شەست تیر) قەڵادزێ فیشەکباران دەکات، بۆیە چاوەڕوانی ئەم هەموو كۆمەڵكوژی و وێرانكارییەی لێ نەدەكرا.
هەڵکەوتەی جوگرافیایی شاری قەڵادزێ
شارۆچكەی قەڵادزێ، لە هەر چواردەوری چیای بەرز هەیە و بێجگە لە(دەروازەی دەربەند) كە دەكەوێتە نێوانی (پشدەر و بیتوێن)، ئەوا لە هیچ شوێنێك و ڕێگایەكی دیكەوە هێزی پیادە ناتوانێت هێرشی لێوە بكات، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو کە شاری قەڵادزی ببێتە سەنگەرێکی تۆکمەی شۆڕش و خەڵکێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی دیکەوە ڕوویان تێکردبوو. جگە لەوەیش خەڵكی (پشدەر) زۆر ڕێز لە میوان و لێقەوماوان دەگرن و میواندۆستن، كە تاكوو دوای كارەساتەكەیش هەموو ماڵێك لەم شارەدا چەند میوانێكی لەو ئاوارانە هەروەكوو ئەندامانی خێزانەكانیان بەخێو دەكرد و خزمەتیان كردوون، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو پێشبینییەدا، خەڵكی بێتاوان و بێدەسەڵات لە زەبری دڕندانە و نامرۆڤانەی دیكتاتۆریی “سەددام”ی لەداردراو بێبەش نەبوون و قوربانییەكی زۆریان پێشكەش بە شۆڕش و خاك و گەلەكەیان كرد.