ئه‌مڕۆ له‌ ڕێوره‌سمێكدا په‌یكه‌ری هه‌نار له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانرا.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی كوردستان گوتی، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی ژمارەیەک لە بەروبوومی کوردستان (هەنار، پەتاتە، دۆشاوی تەماتە، سێو، هەنگوین) هەناردەی وڵاتانی جیهان کران، بۆیەش ئەمرۆ پەیکەری هەنار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی كوردستان دانرا.

وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەمدا بریتی بووە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بەڵام بەهۆی ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بە جوتیاران کراوە ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتە قۆناغی هەناردەکردن و ئەوەش هەر لەچوارچێوەی هاوکارییەکانمان بووە بۆ جوتیاران.

بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا شەست تۆن هەناری کوردستان هەناردەی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی کراوە.