ئه‌مساڵ جۆری كتێبه‌كانی پێشانگاكه‌ زۆر باشترن

224
سەلام عەبدولڵا
کردنەوەی پێشەنگای کتێب لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە (٩) نیساندا، ئاماژەیەکی دیار و ڕوونە کە میلەتی ئێمە میللەتێکی ئاشتیخواز وئازادیخوازە و حەز لە ژیان و ئارامی و پێشکەوتن لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا دەکات، لەوانەش لە بواری رۆشنبیری کلتووریدا، ئێمە جگە لەوەی حەزمان لێیە بەرهەمی هەموو نووسەر و ڕۆشنبیرێکی کورد بگاتە دەستمان و ئاشنابین پێیانەوە،لە هەمان کات بە پێویستی دەزانین ئاگامان لە کلتووری میللەتانی جیهانیش هەبێت و پردێکی ئاڵوگۆڕی کەلچەر و ڕۆشنبیری لە نێوانماندا بنیادبنێین.
بەڕای من ساڵ دوای ساڵ ئەم پێشەنگایەی کتێب لە هەولێر پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، لەڕووی بەشداریکردنی دام ودەزگا چاپ و بڵاوکراوەکان و لە هەمان کات سەردانی ڕۆشنبیر و خەڵک بۆ پێشانگا زیاتر دەبێت و گەشە دەکات.
ئەمساڵ جۆری کتێبەکان باشترن و ژمارەی ئەو کتێبانەی کە هزری توندڕەویان تێدایە کەمترە ،داخوازیم لە رێکخەرانی پێشەنگاکە ئەوەیە، چونکی بەناوی هەولێرە ،لە کوردستانیش دەکرێتەوە ، با ژمارەی کتێبە کوردییەکان زیاتر بکرێن ، ئێستا ژمارەی ئەو کتێبانەی بە عەرەبی چاپکراون ڕووبەڕێکی زۆریان داگیرکردووە، هیوادارم بایەخ زیاتر بە بەرهەمە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بدرێت..
وه‌ك ئاماژه‌ كتێبێكی من به‌ ناوی (بووژانه‌وه‌ی ژیله‌مۆ) له‌م پێشانگایه‌دا نمایشكراوه‌و له‌به‌ر ده‌ستدا.